پارتی نیگەرانە لەهەڵوێستەكانی یەكێتی
چەند كۆبوونەوەیەكی نهێنیان كردووەو نەگەیشتوون بەهیچ ئەنجامێك

کوردستان

21/03/2016‌ 3271 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكراتی كوردستان نیگەرانە لەهەڵوێستەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و تائێستاش چەند كۆبوونەوەیەكی نهێنیان كردووەو نەگەیشتوون بەهیچ ئەنجامێك.

دوای ئەوەی بڕیاربوو یەكێتی‌و پارتی رێككەوتنێكی دووقۆڵی بۆ پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە ئەنجامبدەن‌و یەكێتی لەو هەڵوێستەی پاشگەزبووەوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە، ئەو هەڵوێستەی یەكێتی پارتی نیگەران كردووە.

هەر بەپێی زانیارییەكان لەدوای نیگەران بوونی پارتی لەیەكێتی، ئەو دوو حیزبە چەند كۆبوونەوەیەكی نێهنی‌و دوور لەچاوی میدیاكان ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی یەكێتی رێككەوتنەكە لەگەڵ پارتی ئەنجامبدات، بەڵام كۆبوونەوەكان تائێستا هیچ ئەنجامێكی نەبووە.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، لەئێستادا یەكێتی سوورە لەسەر ئەوەی نابێت دووقۆڵی لەگەڵ پارتی رێككەوتن ئەنجامبدات‌و لەكۆبوونەوەكانیشدا رایگەیاندووە "حكومەتی بنكەفراوان بۆ ئەم قۆناغەی هەرێمی كوردستان گرنگەو هەنگاونان بۆ پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە دۆخەكە ئاڵۆزتردەكات".

پێشتر یەكێتی‌و پارتی چەند كۆبوونەوەیەكان كرد، ئەوەش بەئامانجی واژووكردنی رێككەوتنێكی دووقۆڵی بۆ پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەو كاراكردنەوەی پەرلەمان بەدەستەیەكی سەرۆكایەتی نوێ، بەڵام یەكێتی لەو هەنگاوەی پاشگەزبووەوە، ئەوەش بەهۆی ترسی لەدروستبوونی پشێوی لەناوچەكانی سلێمانی.

هــ . ح