فراكسیۆنی سەربەخۆ رادەگەیەنن؟
"ناوەندی بڕیار"ی یەكێتی روونكردنەوە لەسەر "موفاجەئەی ئەمڕۆ" دەدات

کوردستان

20/10/2016‌ 7621 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
"ناوەندی بڕیار"ی یەكێتی نیشتمانی كوردستان روونكردنەوە لەسەر ئەو "موفاجەئە"یە دەدات، گوایە ئەمڕۆ رادەگەیەنرێت.

"ناوەندی بڕیار"ی یەكێتی ئەمڕۆ پێنج شەممە 20/10/2016 لەئەژماری خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك لەڕوونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە "لەئێستادا هەڤاڵان زۆر باسی موفاجەئەی ئەمڕۆی ناوەندی بڕیار دەكەن، دەمانەوێت هەموولایەكتان ئاكاداربكەینەوە، میدیاكان لێدوانێكی هەڤاڵ شاڵاو عەلی عەسكەری وتەبێژی ناوەندی بڕیاریان گەورەكردووەتەوەو تاڕادەیەك شێواندویانە".

"ناوەندی بڕیار"ی یەكێتی جەختیكردووەتەوە، كە بە"ئاراستەی باشكردنی دۆخی یەكێتی‌و خزمەتكردن بەیەكێتییەكان‌و خەڵكی كوردستان بەردەوامە لەهەنگاونان‌و ئەنجامدانی كاری دروست".

چەند زانیارییەك بڵاوبووەوە، گوایە ئەمڕۆ پێنج شەممە چەند پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، وەك "باڵی ناوەندی بڕیار فراكسیۆنێكی سەربەخۆ رادەگەیەنن".

لەو بارەوە گەشە دارا حەفید پەرلەمانتاری یەكێتی، كە یەكێكە لەو پەرلەمانتارانەی ناوی هاتووە، گوایە لەنێو ئەو پەرلەمانتارانەن فراكسیۆنی سەربەخۆ رادەگەیەنن، بۆ شارپرێس رەتیكردەوە، "هیچ بەرنامەیەكیان هەبێت، بۆ راگەیاندنی فراكسیۆنی سەربەخۆ لەپەرلەمانی كوردستان".

گەشە دارا، كە پشتگیری خۆی بۆ "پرۆژەكانی ناوەندی بڕیاری یەكێتی" دووپاتكردەوە، راشیگەیاند "ئەوان لەچوارچێوەی یەكێتی نیشتمانی دەمێننەوە، بەڵام هاوشێوی ناوەندی بڕیار پرۆژەیان دەبێت بۆ چاكسازی لەناو حیزبەكەیان".

ماوەیەكە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی نیشتمانی رووی لەقووڵبوونەوە كردووە، بەهۆی قووڵبوونەوەی كێشەكانیش ئێستا ئەو حیزبە دابەشی دوو باڵ بووە، كە باڵەكان بریتین لە "باڵی ناوەندی بڕیارو باڵی دەسترۆیشتوو".

پەرلەمانتارەكەی یەكێتی جەختی لەوەش كردەوە، كە دەبێت ئاستی یەكێتی لەڕووی سیاسییەوە بگەڕێنرێتەوە، بۆ ئاستی جاران‌و ئەوەشی راگەیاند "ئەوان لەهەوڵەكانیان بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامدەبن".

هــ ـ ح