گرژی‌و كێشە لەنێوانیان هەیە
مەلا بەختیار نێوەنگیری ماڵباتی بارزانی‌و تاڵەبانی دەكات

کوردستان

14/11/2016‌ 5872 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ماوەیەكە گرژی‌و كێشە لەنێوان ماڵباتی مەسعود بارزانی‌و جەلال تاڵەبانی هەیەو لەئێستاشدا هەوڵی نێوەنگیری‌و چارەسەری كێشەكان دەدرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ناو یەكێتی نیشتمانی بەشارپرێس دراوە، ماوەیەكەو بەهۆی چەند پرسێكەوە، كێشەو ئاڵۆزی لەنێوان ماڵباتی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكرات‌و جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی دروستبووەو كێشەو گرژییەكانیش بەردەوامی هەیە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، كێشەو ئاڵۆزییەكان لەسەر كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم‌و هەڵوێستی یەكێتی لەسەر ئەو كێشانە دروستبووەو لەسەر كێشەی نەوتی پارێزگای كەركوكیش بەم دوایانە بەتەواوی كێشەكان قووڵبووەتەوەو گرژی لەنێوان هەردوولا دروستبووە.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە لەئێستادا چەند هەوڵێك هەیە بۆ چارەسەری ئەو كێشەو گرژیانەو بۆ ئەو مەبەستەش مەلا بەختیار كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی لەنێوان هەردوولا لەهەوڵدایە بۆ ئەوەی نێوەنگیری بكات‌و كێشەو گرژییەكان چارەسەربكات.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، جگە لەمەلا بەختیار بەشێكی زۆر لەسەركردەكانی یەكێتی‌و پارتیش پێیان باش نییە كێشە ئاڵۆزی لەنێوان ماڵباتی بارزانی‌و تاڵەبانی هەبێت، بۆیە ئەوانیش پشتگیری ئەو هەوڵانە دەكەن بۆ چارەسەری كێشەكان لەئارادان.

ماڵباتی بارزانی‌و تاڵەبانی لەناو پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی قسەكەرو بڕیاردەری كۆتایین، كە ئەو دوو حیزبە دوو حیزبی سەرەكی هەرێمی كوردستانن‌و خاوەندی دەسەڵات‌و جێنفوزو هێزی تایبەت بەخۆیانن.

هەروەها لەزاری سەرچاوەكان ئەوەش زانراوە، كە هەوڵەكان بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی بەردەوامن‌و هەوڵی ئەوەش هەیە، دوای شەڕی موسڵ كێشەی نێوان ئەو دوو حیزبە بەتەواوی چارەسەربكرێت، ئەوەش لەپێناوی چارەسەری ئەو كێشە سیاسی‌و ئابوورییانەی لەهەرێم بەهۆی ململانێی نێوان لایەنەكان دروستبووە.

هــ ـ ح