خۆپیشاندان لەدژی دەكرێت
قسەكانی مەسعود بارزانی كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە

کوردستان

17/11/2016‌ 9239 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
قسەكانی مەسعود بارزانی كاردانەوەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی لێكەوتووەتەوەو لەسەر قسەكانیشی رەخنەی توندی لێدەگیرێت.

مەسعود بارزانی رۆژی چوار شەممە 16/11/2016 لەشارۆچكی باشیك لەباكووری موسڵ وتارێكی پێشكەشكرد، لەمیانی وتارەكەی بارزانی باسی لەریفراندۆم كردو رایگەیاند "ئێمە لەهەوڵەكانمان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بەردەوامدەبێن، جا خەڵكی تریش بۆخۆیان هەڵدەپەڕن، جنێودەدەن، هەواڵ دەنووسن چی دەكەن بیكەن، ئێمە گویان پێنادەین".

ئێستا ئەم قسانەی مەسعود بارزانی كاردانەوەی لێكەوتووەتەوەو زۆربەی كاردانەوەكانیش بەئاراستەی رەخنەگرتنە لەو ناوبراو، كە گوایە "ئەو قسانە مەبەستی خۆپیشاندان‌و ناڕەزاییەكانی ناوچەكانی هەرێم بووەو نەدەبوو ئەو قسانە بكات".

رەخنەكانیش بەئاراستەیەكن، كە بارزانی بەشێوەیەكی سیاسی‌و بەزمانێكی دوور لەدبلۆماسییەت باسی ئەو پرسەی كردووەو "نەدەبوو بەو زمانەو بەو تێڕوانینە باسی دەنگە ناڕازییەكانی هەرێمی كوردستان بكات".

هەر لەدرێژەی كاردانەوەكان بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو لەشاری سلێمانی وەك كاردانەوەیەك خۆپیشاندان لەدژی ئەو قسانە بكرێت‌و لەئێستاشدا لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بانگەشە بۆ خۆپیشاندانەكە دەكرێت.

هــ ، ح