پێكەوە لەگەڵ پارتی كۆدەبنەوە
باڵە ناكۆكەكانی یەكێتی دەگەنە رێككەوتن

کوردستان

04/12/2016‌ 4073 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
باڵە ناكۆكەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان گەیشتنە رێككەوتن‌و بەیەك شاند لەگەڵ شاندەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ چارەسەری كێشەكان كۆدەبنەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی تایبەتەوە دراوە بەشارپرێس، دوای چەند كۆبوونەوەیەك لەگەڵ یەكتری باڵە ناكۆكەكانی یەكێتی "باڵی ناوندی بڕیارو دەسترۆیشتوو" گەیشتوونەتە رێككەوتن بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ شاندەكەی پارتنی دیموكراتی كوردستان.

هەر بەپێی زانیارییەكانی شارپرێس، رێككەوتنەكە بەشێوەیەكە، هەردوو باڵەكە بەیەك شاندو بەیەك میكانیزم لەگەڵ شاندەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرات كۆدەبنەوەو قسە لەسەر چارەسەری كێشەكانی هەرێم دەكەن.

بڕیاربوو رۆژی شەممە 3/12/2016 شاندی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرات سەردانی سلێمانی بكەن‌و لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی‌و بزووتنەوەی گۆڕان‌و چەند لایەنێكی تر بۆ چارەسەری كێشەكانی هەرێم كۆببنەوە، بەڵام بەهۆی بەردەوامی كێشەكانی باڵە ناكۆكەكانی یەكێتی (باڵی ناوەندی بڕیارو باڵی دەسترۆیشتوو) لەسەر كۆبوونەوەكە، كاتی هاتنی شاندەكەی پارتی بۆ سلێمانی دواكەوتووە بۆ كاتێكی نادیار.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، لە"باڵی ناوەندی بڕیار"ی یەكێتی كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری یەكێتی لەگەڵ پاڤڵ تاڵەبانی لەباڵی "دەسترۆیشتوو" چەند كۆبوونەوەكیان ئەنجامداوەو دواتر گەیشتوون بەرێككەوتن.

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرات لەهەفتەی رابردوو پێكهێنانی شاندێكی بەسەرۆكایەتی فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتەكە راگەیاند، كە لەماوەی سێ‌ ئەو هەفتەیە كۆبوونەوەی لەگەڵ چەند لایەنێكی سیاسی لەهەولێر كرد.

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرات لەسەر دەستپێشخەرییەكی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتەكە بۆ چارەسەری كێشە سیاسی‌و ئابوورییەكانی هەرێم شاندەكەی پێكهێناو بڕیارە هەر لەرێگەی ئەو شاندەشەوە هەوڵەكانی بەردەوامبێت بۆ ئەو مەبەستە.

رۆژی 20 مانگی رابردوو مەسعود بارزانی پەیامێكی راگەیاند، كە لەپەیامەكەیدا دەستپێشخەری بۆ لایەنە سیاسییەكان كرد، كۆببنەوەو چارەسەری قەیرانە سیاسی‌و ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان بكەن، بەتایبەتی قەیرانی سیاسی، كە ماوەی ساڵێكە بەهۆی ململانێی لایەنەكان دروستبووەو بەردەوامیشی هەیە.

هـ ـ ح

بەپەلە