فراكسیۆنی گۆڕان: پارتی ئامرازێكە بۆ جێبەجێكردنی ئەجێندا هەرێمیيەكان

عیراق

11/12/2016‌ 1080 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت،  پارتی بۆ شاردنەوەی شكستەكەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەنای بردۆتە بەر وروژاندنی هەست و سۆزی كەسوكاری شەهیدان و بۆ موزادەی سیاسی بەكاری دەهێنێت، دەشڵێت پارتی ئاستەنگە لەبەردەم چاكسازییە سیاسیەكان و بۆتە ئامرازێك بۆ جێبەجێكردنی ئەجێندا هەرێمیەكان.

فراكسیۆنی گۆڕان ئەمرۆ یەكشەممە 11/12/2016 راگەیەنراوێكی بڵاوكردۆتەوەو رایگەیاندوە،" لەكاتی گفتوگۆكردنی پرۆژە یاسای بودجەی 2017 پارتی دیموكراتی كوردستان  بە هەموو رێگایەك هەوڵی دا گۆڕانكاری لە ماددەو بڕگەكانی پەیوەست بە پابەندبونی نەوتی هەرێمی كوردستان بەرامبەر حكومەتی ناوەند نەكرێت لەپێناو بەردەوامیدان بە پرۆسەی بردنی نەوتی هەرێم و بەردەوامبونی سیاسەتی برسیكردنی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان، بەڵام بە هەوڵ و پرۆژەی كوتلە كوردستانیەكانی تر و سوربونیان لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هێزی پێشمەرگەی قارەمان، حزبەكەی بارزانی و فراكسیۆنەكەیان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رووبەرووی شكستێكی گەورەبونەوەو كەوتنە دەرەوەی ریزی چوار فراكسیۆنەكە " گۆڕان ، یەكێتی، یەكگرتوو، كۆمەڵ".

فراكسیۆنی گۆڕان ئاماژەی بەوەشداوە،  پارتی دیموكراتی كوردستان،"بۆ شاردنەوەی شكستەكەیان و  هەڵوێستە نانیشتمانی و نامرۆییەكان و ئەو  ئیحراجیەی كە تێی كەوتون پەنایان بردە بەر  شێواندنی  هەندێك لەوتەكانی سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكان لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی. بۆ وروژاندنی هەستی كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگەو بەركارهێنانیان تەنها بۆ موادەیەی سیاسی، نەك پێداگری لەسەر  سەنگ و شكۆی پێشمەرگەو شەهیدان.

گۆڕان جەختیش دەكاتەوە،  ئەگەر ئەوان بەتەنگ پیشمەرگەو كەسوكاری شەهیدان بونایە، ژیانێكی شكۆمەندانەو  شایستە بە قوربانیدانیەكانیان بۆ دابین دەكرد، نەك بەردەوامی بدەن بە سیاسەتی شكستخواردویان لە بەرێوەبردنی  هەرێم و  دەستگرتنی ناشەرعیانە بە دەسەلات و كودەتاكردن بەسەر شەرعیەت و رەچاونەكردنی بەرژەوەندییەكانی هاوڵاتیانی هەرێم.

ئەوەشی خستۆتەروو،" ئەگەر ئەوان راستیان دەكرد، كاتێك داوایان لێكرا وەفدێكیان دەناردە بەغدا تا ببێتە  پشتیوانیان لە بەرگریكردن لە موچە و مافە داراییەكانی هاوڵاتیانی هەرێمی و كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگەی قارەمان لەناو پرۆژە یاسای بوددەی عێراق، نەك دژایەتیكردنی هەموو كۆششەكان و پرۆژە پێشكەشكراوەكان لەلایەن چوار فراكسیۆنە كوردستانیەكە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسی و لە رێگەی  حكومەتی ناوەندییە بۆ چارەسەركردنی كێشە ئابوری و ژیارییە درێژخایەنەكان، كە یەكێكە لە دەرئەنحامی  سیاستە شكستخواردوەكان و نا نیشتمانیەكانی حزبەكەی بارزانی.

لەبەشێكی تری راگەیەنراوەكەیدا فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت" گەر ئەوان كەمترین رێزیان بۆ قوربانیدان و مێژووی پێشمەرگەو شەهیدان هەیە بۆچی هەڵدەسن بە تۆماركردنی ناوی گروپێك لە چاشەكانی سەدامی لە گۆڕنراو لە تۆماری شەهیدانی پێشمەرگەو سوكایەتیكردن بە هەست و سۆزی خێزانە شكۆمەند و خۆراگرەكانیان.

لە كۆتایشدا دەڵێین ئێمە دڵنیاین  كە هەموو  فراكسیۆنە عێراقیی و كوردستانیەكان شایەتی هەڵوێستە نیشتمانی و بەتەنگەوەهاتنەكانی  فراكسیۆنەكەیان بۆ بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان و مافە دەستورییەكانی كورد و مافە دارایی و ناداراییەكانی هەرێم، هەروەها لای كەسیش شاراوە نیە هاوڕێ‌ پەرلەمانتارەكەیان سروە عەبدولواحید ناسراوە بە هەڵوێستە راستگۆكانی سەرچاوە گرتوو لە بەرژەوەندییە نیشتمانیە باڵاكان و رۆڵی كارای لە پەرلەمانی عێراق، یەكێكیش بوە لە بەرگریكارەكان لە ماف و  سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە بەرنامە تەلەفیزۆنەكەدا، كە هەڵگەڕێنراونەتەوەو هەندێك بڕگەی شێوێنراوە لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بۆ مەبەستی  نزمی حزبی.

لەكۆتایی راگەیەنراوەكەیدا فراكسیۆنی گۆڕان رایگەیاندوە، پارتی بۆتە حزبی موزایەداتی بەتاڵ و بۆتە ئاستەنگ لەبەردەم هەر چاكسازییەكی سیاسی و ئابوری لە هەرێمی كوردستان و عێراق،  لەلایەكی ترەوە، حزبێكە عێراق وەك دەستكەوتی شەڕ دەزانێت لە پێناو بەدەستهێنانی زۆرترین دەستكەوتی حزبی و تایبەتی بەڵام ئەوەی شارەوایە، بۆتە ئامرازێك بۆ جێبەجێكردنی ئەجێ،دا هەرێمێیەكان لەسەر حزسابی بەرژەوەندی نیشتمانی باڵا.

ر ـــ ح