كەجەكە: پارتی هەوڵدەدات خەڵكی شەنگال لەڕێگای دەوڵەتی توركیاوە بترسێنێت

کوردستان

20/12/2016‌ 1094 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە)، وەڵامی قسەكانی  نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم  دەداتەوەو رایدەگەیەنێت قسەكانی  نێچیرڤان بارزانی بەكەڵكی تێكۆشانی ئازادی گەلی كورد نایەت و پارتی هەوڵدەدات خەڵكی شەنگال لەڕێگای دەوڵەتی توركیاوە بترسێنێت.

كۆمیتەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی كۆماجڤاكێن كوردستان (كەجەكە) ئەمرۆ سێ‌ شەممە 20/12/2016 سەبارەت بە قسەكانی نێچیرڤان بارزانی، كەلە كۆنفرانسی زانكۆی ئەمریكی لە دهۆك  لەبارەی ڕۆژئاوای كوردستان كردبونی راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە.

كەجەكە رایگەیاندوە،" قسەكانی نێچیرڤان بارزانی ناعادیلانە و بێ ویژدانانەن و دوورن لە ڕاستی، قسەكانی بارزانی لەبارەی شەنگال و ڕۆژئاواوە قبوڵ ناكرێن، لە قۆناغێكدا پێویستیمان بە پێكهێنانی یەكێتی نەتەوەیی هەیە، قسەی لەو شێوەیەی بەكەڵكی تێكۆشانی ئازادی گەلی كورد نایەت".
 
ئاماژەی بەوەشداوە، گەریلاكان لە شەنگال دژی داعش بەرخۆدانیان كرد و خەڵكی ئێزدیان لە لەناوچون ڕزگاركرد، گەریلاكان شەنگالیان لە پارتی نەسەندووەتەوە، بەڵكو بەپێچەوانەوە ڕێگایان نەدا بكەوێتە دەستی داعشەوە، پاشان ڕێگایان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە كردەوە بچنە ناو شەنگالەوە، گەریلاكان لە شەنگال یارمەتی ئێزدیەكانیان دا بۆ ئەوەی خۆبەڕێوەبەری و ناوەندەكانی بەرگری لە خۆیان دامەزرێنن، ئەوەی دەوترێت لە شەنگال هێزی خۆبەڕێوەبەری و بەرگی هەبوونیان نیەو و هەموو شت دەبەستنەوە بە پەكەكەوە، دوورە لە ڕاستی".
 
كۆمیتەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی كەجەكە ڕاشیگەیاندوە: پارتی شەنگالی گەمارۆداوە و ئابڵوقەی بەسەردا سەپاندووە، ڕێگا نادات هیچ یارمەتیەك بە خەڵكی شەنگال بگات، ڕێگا نادات ئەو شاندانەی دەیانەوێت سەردانی شەنگال بكەن بچنە ناو شەنگالەوە، سنوری سێمێلكایان گرتووە و ڕێگانادەن یارمەتییەكان لە ڕۆژئاوای كوردستانیشەوە بگات بە دەستی خەڵكی شەنگال، ئەوەی پێویستە ئەنجام بدرێت، لابردنی گەمارۆ و ئابڵوقەی پارتیە بۆسەر شەنگال و خەڵكی ئێزدی، یەبەشە و ڕێكخراوكانی دیكەی شەنگال ئاستەنگ لەبەردەم گەیاندنی یارمەتیەكان بە خەڵكی ئێزدی دروست ناكەن،

كەجەكە لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەیدا ئەوەی خستۆتەروو، پارتی بەم كارانەی خەریكە ڕێگا بۆڕوودانی ئاڵۆزی لەناو شەنگال خۆشدەكات، لەلایەكی دیكەوە پارتی هەوڵدەدات خەڵكی شەنگال لە ڕێگای دەوڵەتی توركیاوە بترسێنێت، لەبەر ئەوەشە دەیەوێت فشار بخاتە سەر یەبەشە و پاشان ڕادەستی توركیایان بكات، كۆمەڵگای ئێزدی نایەوێت بگەڕێتەوە قۆناغی پێش ٣ی ئابی ٢٠١٤، فەرمان بەهۆی نەبوونی ڕێكخراوی خۆبەڕێوەبەری و بەرگری لە خۆیان بەسەریان هات، پارتی دەیەوێت خەڵكی ئێزدی بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو سەردەمە.
 
كەجەكە ڕاشیگەیاندووە:" كەس ناتوانێت لەبارەی شەنگالەوە پەكەكە تاوانبار بكات، گەریلا ڕێگای نەدا داعش شەنگال داگیربكات، كۆمەڵگای ئێزدی لە كاتێكدا لە سەختترین دۆخدابوون ١٥ هەزار كەس، كە شەڕڤانانی یەبەشە و گەریلاش لەناویاندابوون و بە یارمەتی شۆڕشی رۆژئاوا لە چیای شەنگال مانەوە و ئیرادەی مێژوویی خۆیان پیشاندا، ئابڵوقە و گەمارۆی سەر شەنگال و هەڕەشەی ئەوەی كە توركیا هێرش دەكات نە لە بواری سیاسی و نە لە بواری ئەخلاقییەوە لە پارتی قبوڵ ناكرێت".
 
 
كەجەكە رونیشیكردۆتەوە، ئەركی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەوەیە، كێشەكانی ناو شەنگال نەك لەڕێگای هەڕەشە و چەواشەكاری بەڵكو لە ڕێگای ڕێكخراوەكانی خۆبەرێوەبەری خەڵكی شەنگالەوە چارەسەربكات، ئەركی سەر شانی پارتی و پەكەكە و هەموو هێزە سیاسیەكانی كورد ئەوەیە، كە خۆبەڕێوەبەری و بەرگری لەخۆ لە شەنگال بەهێزبكەن بە هەوڵدانی پارتی، پەكەكە و یەكێتی ئەنجومەنەكانی خۆبەڕێوەبەری و بەرگری لە خۆ لە شەنگال دامەزرێن".
 
 
كەجەكە، باسی لەو بەشەی قسەكانی نێچیرڤان بارزانی، لەبارەی ڕۆژئاوای كوردستانیشەوە كردووە و ڕایگەیاندووە:" شۆڕشی ڕۆژئاوا لەلایەن گەلی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستانەوە ئەنجامدراوە، شۆڕش لەسەر بنەمای بیر و هزری ڕێبەر ئاپۆوە پێكهاتووە، ئەگەر شۆڕشی ڕۆژئاوا وكو شۆڕشێكی بەتەواوی پەكەكەیی ناوزەدبكرێت، ناحەقیەكی گەورە كراوە لە ئاست گەلی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان، ڕاستە هەندێك لە ڕێكخستنەكانی ناو ڕۆژئاوا لەلایەن پەكەكەوە بەڕێوەچووە، بەڵام ئەمە ڕاستیەكان ناگۆڕێت، لەناو تەڤگەری ئازادی كورددا ناوی هەزاران گەنجی ڕۆژئاوایی هەیە، هاوكات گەنجانی ڕۆژهەڵاتی و باشوریش هەن، بێگومان پاراستنی شۆڕشی ڕۆژئاوا وەكو پارچەیەكی بچوكی كوردستان نەك تەنیا ئەركی ئێەمە بەڵكو ئەركی هەموو هێزە سیاسیەكانی چوار پارچەی كوردستانە".
 
 
كۆمیتەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی كۆماجڤاكێن كوردستان (كەجەكە)  لە راگەیەنراوەكەیدا جەختی كردۆتەوە، دەوڵەتی توركیا دژی شۆڕشی ڕۆژئاوا پڕوپاگەندە دەكات، ئەو شتانەی نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بە شۆڕشی ڕۆژئاوا وتویەتی، ڕۆژانە لە زاری بەرپرسانی دەسەڵاتداری ئاكەپەوە دەوترێن، شۆڕشی ڕۆژئاوا بۆ شۆڕشی ئازادی و دیموكراسی گەلانی جیهان وەكو نمونەیەك لەبەرچاودەگیرێت و قسەكانی بارزانی و دەوڵەتی ئاكەپە تەنیا هەندێك پڕوپاگەندەن دژی ئەو شۆڕشە، پەكەكە ڕێكخراوەیەكی ڕەوایە كە بۆ ئازادی گەلی كورد تێدەكۆشێت.
 
كەجەكە لە كۆتایی راگەیەنراوەكەیدا دەڵێت، ئەوانە هەمیشە یارمەتی پارتە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان دەدەن، هەروەها بەردەوامیش ڕایانگەیاندووە، كە لایەنگری هەموو ئەو هێزانەن كە یارمەتی شۆڕشی ڕۆژئاوادەدەن، ئێستاكەش پێویستە هەموو كێشەكانی ڕۆژئاوا لەڕێگای دیموكراسیەوە چارەسەربكرێن، لە پەیوەندیەكانیان لەگەڵ پارتیشدا، بەردەوام پێیان ڕاگەیاندوون، كە پێویستە لەنێوان ڕێكخراوەكانی ڕۆژئاوادا یەكێتییەك  پێكبێت، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە ڕۆژئاوا و لە شەنگال ئەوان بەردەوام دەبن لە دیدار و دانیشتنەكانیان لەگەڵ پارتی، بەڵام كاتێك قسەی لەو شێوەیە دەوترێن و تەڤگەری ئەوان تاوانبار نیشاندەدەن، ئەو پەیوەندیە نەبوو كە ئەوان چاوەڕێیان دەكرد.