یەكێتی بەپەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی‌و گۆڕان دەچێتەوە

کوردستان

25/12/2016‌ 2334 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڕیاریدا بەپەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بچێتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەچەند سەرچاوەیەكی ناو یەكێتی دراوە بەشارپرێس، لەچەند رۆژی رابردوودا سەركردایەتی یەكێتی كۆبوونەوەیەكی داخراو و دوور لەچاوی میدیا ناوخۆیی‌و دەرەكییەكانی حیزبەكە ئەنجامدا، كە لەكۆبوونەوەكەدا چەند پرسێك تاوتوێكراوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، لەكۆبوونەوەكەدا باسی پەیوەندییەكانی حیزبەكە لەگەڵ پارتی دیموكرات‌و یەكێتی بزووتنەوەی گۆڕان كراوەو بڕیاردراوە بەو پەیوەندییاندا بچنەوە.

لەبارەی پەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ پارتی، سەركردایەتی حیزبەكە بڕیاریداوە درێژە بەپەیوەندییەكان‌و باشتركردنی بدەن، لەگەڵ خستنەڕووی ئەو تێبینیانەی لەمەڕ ئەو پەیوەندییانە لەگەڵ پارتی هەیانە.

لەبارەی پەیوەندییەكان لەگەڵ گۆڕان، سەركردایەتی یەكێتی بڕیاریداوە، كە دەبێت كار بۆ ئەوە بكرێت، هەردوو حیزب رێگە خۆش بكەن بۆ ئەوەی كار بۆ یەكگرتنەوە بكەن، بەتایبەتی لەسەر بنەمای ئەو رێككەوتنەی لەنێوانیان هەیە.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، كۆبوونەوەكە تەنیا ئەندامانی سەركردایەتی سەر بەباڵی "دەسترۆیشتوو"ی یەكێتی بەشدارییان كردووە، ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی سەر بەباڵی "ناوەندی بڕیار" لەكۆبوونەوەكە بەشدار نەبوون‌و چەند تەوەرێكی تریش تاوتوێكراون.

یەكێتی ئێستا رێككەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتی هەیەو رێككەوتنێكی سیاسیشی لەگەڵ گۆڕان هەیە، كە شارپرێس ئەوەشی زانیوە لەكۆبوونەوەكەدا جەختكراوەتەوە، كە ئەگەر یەكێتی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی چارەسەربكرێت، ئەوە دەتوانن قورسایی خۆیان لەبەرانبەر هەموو حیزبەكان بەگشتی‌و بەتایبەتی گۆڕان‌و پارتی بسەلمێنن.
 
هـ ـ ح

بەپەلە