هەرێمی‌ بێ‌ پەرلەمان‌و سەرۆك
شەش مانگی‌ داهاتوو ئایندەی‌ حوكمڕانی‌ كوردستان دیاریدەكات

کوردستان

22/03/2017‌ 4722 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
راپۆرتی: هونەر حەمەرەشید
هەرێمی‌ كوردستان بەدوو دەسەڵاتی‌ ناتەواوی‌ یاسادانان‌و جێبەجێكردنەوە بەڕێوەدەچێت، لەو چەند مانگە تەمەنی‌ پەرلەمانیش، كە ماوە نازانرێت ئایندەی‌ حوكمداری‌ روو لەكوێ‌ دەكات.

لەمانگی‌ ئابی‌ ساڵی‌ 2015ەوە ناكۆكی‌ لەسەر پۆستەكەی‌ مەسعود بارزانی‌ دروستبووەو بەشێكی‌ لایەنە كوردییەكان، لەپێشیانەوە بزووتنەوەی‌ گۆڕان پێیانوایە بارزانی‌ هیچ شەرعییەتێكی‌ یاسایی‌ نەماوە بۆ ئەوەی‌ سەرۆكی‌ هەرێم بێت، لەبەرانبەردا لەمانگی‌ تشرینی‌ یەكەمی‌ هەمان ساڵەوە حیزبەكەی‌ بارزانی‌ یەكلایەنە مافی‌ سەرۆكایەتی‌ پەرلەمانیان لەیوسف محەمەدی‌ پشكی بزووتنەوەی‌ گۆڕان سەندووەتەوەو پێیانوایە مافی‌ سەرۆكایەتی‌ پەرلەمانی‌ نییە، لەو كاتەشەوە رێیان نەداوە بچێتە هەولێر پایتەخت.

كەواتە ئێستا هەرێمی‌ كوردستان نە سەرۆكاكەی‌ بەلای‌ هەموو لایەنەكانەوە سەرۆكەو نە سەرۆكی‌ پەرلەمانەكەشی‌ بەلای‌ هەموو لایەنەكانەوە لەلوتكەی‌ دەسەڵاتی‌ یاسا داناندا ماوە، شەش مانگیش لەعومری‌ ئەم خولەی‌ پەرلەمان ماوەو نازانرێت‌ ئەو بۆشاییە یاساییەی‌ دروستدەبێت، یان‌ چۆن چارە دەكرێت.

پرۆژە بێئەنجامەكان
لەماوەی‌ رابردوودا چەندین پرۆژەی‌ یەكلایەنەی‌ چارەسەر بۆ كۆتایی‌ هێنان بەكێشە ناوخۆییەكانی‌ كوردستان خرانە روو، بەڵام هەموویان بێ‌ ئەوەی‌ رۆشنایی‌ ببینن وەلا خران.

دواین دوو پرۆژە لەلایەن یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌‌و یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ خراونەتە روو، بەڵام ئەوانیش هەتا ئێستا ئاسۆیان روون نییە.

پرۆژەكەی‌ یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان لە 12 خاڵ پێكهاتووەو بەقسەی‌ عوسمان كاروانی‌ ئەندامی‌ سەركردایەتی‌ حیزبەكە، پرۆژەكەیان هەمەلایەنەیە بۆ چارەسەری‌ كێشە سیاسی‌‌و ئابوورییەكانی‌ هەرێم.

عوسمان كاروانی‌ بە"نیقاش"ی‌ راگەیاند، پرۆژەكەیان خستووەتە بەردەم سەرجەم لایەنەكانی‌ هەرێم‌و مەسعود بارزانی‌، بەڵام نەیشاردەوە، بەدەمەواهاتنێكی‌ ئەتۆ بۆ پرۆژەكەیان نەبووە.

جگە لەپرۆژەكەی‌ یەكگرتوو، یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستانیش نەخشەرێگایەكی‌ هەشت خاڵی‌ ئامادەكردووە، كە بڕیارە بیخاتە بەردەم لایەنە سیاسییەكان، ئەوەش وەك هەوڵێك بۆ چارەسەری‌.

فەرید ئەسەسەرد ئەندامی‌ سەركردایەتی‌ یەكێتی‌، كە یەكێكە لەئامادەكارانی‌ نەخشەرێگاكەی‌ حیزبەكەی‌، باسی‌ لەوە كرد ئەگەر لایەنەكان وەك دەستپێشخەری‌‌و پرۆژەكانی‌ تر بەدەمەوەهاتنیان بۆ نەخشەرێگاكەی‌ ئەوانیش هەبێت ئەوە ئەنجامێكی‌ نابێت.

ئەسەسەرد بە"نیقاش"ی‌ وت "پرۆژەكەمان هەمە لایەنەیەو هاوسەنگی‌ سیاسی‌ لایەنەكان تێدا پارێزراوە، بەدڵنیایی هۆكارێك دەبێت بۆ چارەسەری‌ كێشەكان".

كێشەی‌ لایەنە سیاسییەكانی‌ هەرێم ئەوەیە متمانەیان بەیەكتر نەماوەو هەر پرۆژەیەكیش دەخرێتە روو بەگومانەوە تەماشای‌ دەكەن، بۆیە ئەنجامی‌ لێناكەوێتەوە.

رێبوار حەمەد وتەبێژی‌ ئەنجوومەنی‌ سیاسی‌ كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان دان بەوەدا دەنێت، هەموو هەوڵەكان‌و دەستپێشخەرییەكان‌و پرۆژەو نەخشەرێگان بۆ چارەسەری‌ كێشەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان بەبنبەست گەیشتوون.

لەمڕووەوە بە"نیقاش"ی‌ وت "هۆكاری‌ سەرەكی‌ بەئەنجامنەگەیشتنی‌ هەوڵەكان ئەوەیە، كە لایەنە سیاسییەكان، بەتایبەتی‌ لایەنە دەسەڵاتدارەكان ئیرادەیان نییە بۆ چارەسەری‌ كێشەكان ئێمە وای‌ دەبینین، بەرژەوەندیان لەم دۆخەدایە، بۆیە درێژەی‌ پێدەدەن، ئەمە جگە لەوەی‌ هیچ لایەك متمانەی‌ بەئەوی‌ تر نییە".

یا هەڵبژاردن یا درێژكردنەوە
دوای‌ شكستهێنانی‌ ئەو هەوڵانە، دوو سیناریۆی‌ سەرەكی‌ لەبەردەم پرۆسەی‌ سیاسی‌ هەرێمدایە، یەكەمیان ئەنجامدانی‌ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان، ئەوی‌ دووەمیشیان درێژكردنەوەی‌ تەمەنی‌ پەرلەمان‌و سەرۆكی‌ هەرێمە.

شیروان زرار نەبی، وتەبێژی دەستەی‌ باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و ڕاپرسی هەرێم لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هەفتەی‌ یەكەمی‌ ئەم مانگە رایگەیاند "حكومەتی هەرێم بودجەی هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی هەرێمی پەسەندكردووەو چاوەڕوانین فەرمانمان پێبگات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان".

ساڵی 2013 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كراوەو لەساڵی 2009شەوە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم نەكراوەو بەپێی یاساش لەمانگی 9ی ئەمساڵ وادەی پەرلەمانی كوردستان تەواودەبێت، ئەمە جگە لەوەی‌ لەئابی‌ دوو ساڵ لەمەوبەرەوە بەشێك لەلایەنەكان دەڵێن وادەی‌ سەرۆكایەتی‌ بارزانی‌ بەپێی‌ یاسا كۆتایی‌ هاتووە.

خەسرەو گۆران بەرپرسی‌ مەكتەبی‌ هەڵبژاردنی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بە"نیقاش"ی‌ وت "پاش بێئەنجامبوونی‌ هەوڵەكان، پارتی‌ ئەنجامدانی‌ هەڵبژاردن وەك باشترین رێگە چارەسەر دەبینێت، بۆیە لەمساڵدا هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی‌ هەرێم دەكرێت".

بەرپرسانی‌ هەر چوار لایەنەكەی‌ تر "یەكێتی‌ نیشتیمانی‌، گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ" لەلێدوانیاندا بۆ "نیقاش" بەزەحمەتیان زانی‌ هەڵبژاردن لەمبارە نارێكەی‌ هەرێمدا بەڕێوەببرێت‌و وەك كارتێكی‌ فشاریان بینی‌ لەلایەن پارتی‌ دیموكراتەوە.

محەمەد عەلی‌ رێكخەری‌ ژووی‌ توێژینەوەی‌ سیاسی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان بە"نیقاش"ی‌ وت "ئەنجامدانی‌ هەڵبژاردن هەوڵێكی‌ باشە بۆ چارەسەری‌ كێشەكان‌و ئێمە لەگەڵیداین، بەڵام نە هەرێم دۆخی‌ سیاسی‌‌و یاسایی هەڵبژاردنی‌ هەیە، نە باری‌ دەروونی‌ خەڵكی‌ هەرێمیش هی‌ ئەوەیە بەشداری‌ هەڵبژاردن بكات، بۆیە ئەنجامدانی‌ بەئەستەم دەبینین".

ئەو چوار لایەنە سیاسییە پێیانوایە بەهۆی‌ لەكاركەوتنی‌ پەرلەمان ناتوانرێ‌ت بڕیار لەبەڕێوەبردنی‌ هەڵبژاردن بدرێت، بەڵام پارتی‌ رایەكی‌ تری‌ هەیە.

فرسەت سۆفی‌، پەرلەمانتار لەلیژنەی‌ یاسایی پەرلەمان لەسەر فراكسیۆنی‌ پارتی‌ دیموكرات بە"نیقاش"ی‌ وت "سەرۆكی‌ هەرێم 60 رۆژ پێش كۆتایی وادەی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان لە 6ی‌ ئەیلولی‌ ئەمساڵ دەتوانێت مەرسوومی‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێم دەربكات‌و وادەی‌ هەڵبژاردن دیاریبكات‌و كۆمیسیۆنیش لەو وادەیەدا هەڵبژاردن ئەنجامبدات".

ئەگەر هەڵبژاردن سەرنەگرێت سیناریۆی‌ دووەم درێژكردنەوەی‌ وادەی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان‌و سەرۆكایەتی‌ هەرێمی‌ كوردستانە، بەتایبەتی،‌ كە هەرێم لەم رووەوە پێشینەی‌ زۆری‌ هەیە.

ساڵی‌ 1992 یەكەم هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ لەكوردستان بەڕێوەچوو، دەبوو چوار ساڵ دواترو لەئایاری‌ ساڵی‌ 1996 هەڵبژاردنێكی‌ تر بكرێت، بەڵام ئەو كاتە گەرمەی‌ شەڕی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و یەكێتی‌ نیشتمانی‌ بووە، بۆیە ئەو خولە بووە درێژترین خولی‌ پەرلەمان‌و تا ساڵی‌ 2005 درێژكرایەوە.

بۆ سەرۆكایەتی‌ هەرێمیش بەهەمان شێوەیە، بارزانی‌ ساڵ 2009 لەهەڵبژاردندا بووە سەرۆكی‌ هەرێم، ساڵی‌ 2013 بۆ دوو ساڵ ماوەی‌ دەسەڵاتەكەی‌ درێژكرایەوە، ساڵی‌ 2015ش بەبڕیارێكی‌ ئەنجوومەنی‌ شورا، كە دەستەیەكی‌ راوێژكاری‌ یاساییە تائێستا سەرۆكە.

سەرچاوەیەك لەپەرلەمانی‌ كوردستان، كە نزیكە لەبزووتنەوەی‌ گۆڕانەوە ئاماژەی‌ بەوە كرد، ئەوان زانیارییان لایە پارتی‌ دیموكرات كار بۆ درێژكردنەوەی‌ جارێكی‌ تری‌ ماوەی‌ پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی‌ هەرێم دەكات‌و بابەتی‌ بارسكردنی‌ هەڵبژاردن تەنیا "كارتی‌ گوشار"ە.

ئەو سەرچاوەیەی‌ گۆڕان وتیشی: "پارتی‌ بۆ بژاردەی‌ درێژكردنەوەی‌ ماوەی‌ دەسەڵاتەكان قسەی‌ لەگەڵ یەكێتی‌ نیشتیمانی‌‌و یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌ كردووە".

ئەوبەبەكر هەڵەدنی‌ ئەندامی‌ سەركردایەتی‌ یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌ زانیارییەكانی‌ ئەو سەرچاوەیەی‌ پشتڕاستكردەوەو بە"نیقاش"ی‌ وت "لەكۆتا كۆبوونەوەی‌ شاندی‌ باڵای‌ یەكگرتوو پارتی‌ لەمانگی‌ ئازار شاندەكەی‌ پارتی‌ ئەو پرسەیان باس كردووە، پارتی‌ بەروونی‌ پێی‌ وتین ئەوان ئامادەنین دەستبەرداری‌ پۆستی‌ سەرۆكی‌ هەرێم بن، چونكە ئەو پۆستە بەرانبەر پۆستی‌ سەرۆكی‌ كۆماری‌ عێراقەو پێشتر لەگەڵ یەكێتی‌ نیشتمانی‌ رێككەوتنیان لەسەر كردووە".

پارتی‌‌و یەكێتی‌ لەساڵی‌ 2005، كاتێك رێككەوتنی‌ ستراتیژیان واژووكرد، لەسەر ئەوە رێككەوتن پۆستی‌ سەرۆكی‌ هەرێم بۆ مەسعود بارزانی‌ لەپشكی‌ پارتی‌ بێت‌و پۆستی‌ سەرۆك كۆماری‌ عێراقیش، كە پشكی‌ كوردە لەبەغدا بۆ جەلال تاڵەبانی‌ كاندیدی‌ یەكێتی‌ نیشتمانی‌ بێت.

پارتی‌ بەفەرمی‌ هیچ شتێكی‌ لەبارەی‌ درێژكردنەوەی‌ ماوەی‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێم‌و پەرلەمانی‌ كوردستان باسنەكردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدان دەرچەیەكی‌ یاسایی‌ بۆ ئەو پرسە بدۆزرێتەوە بەتایبەتی‌، كە تەمەنی‌ پەرلەمان زۆری‌ نەمەوە.

فرسەت سۆفی‌ پەرلەمانتاری‌ پارتی‌ وتی‌ "ئێمە لەگەڵ ئەوەین هەڵبژاردن لەكاتی‌ خۆیدا بكرێت، بەڵام ئەگەر ئەوەش نەكرا بەهەر بیانوویەك بێت، ئەوە دەبێت چ پارتی‌، چ لایەنەكانی‌ تر بیر لەدەرچەیەكی‌ سیاسی‌‌و یاسایش بكەنەوە، بۆ ئەوەی‌ هەرێمی‌ كوردستان نەكەوێتە بۆشایی یاسایی زیاترو دامەزراوەكانی‌ وادەكانی‌ تەواو بێت".

جگە لەم دوو بژاردەیەش بەلای‌ خەڵكی‌ كوردستانەوە ئاسانترین بژاردە ئەوەیە، كە هێزە سیاسیەكان پێكەوە كۆببنەوەو لەسەر چارەسەری‌ كێشەكان بسازێن‌و كێشەی‌ پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی‌ هەرێم چارەبكرێت، بەڵام پێدەچێت ئەمە بۆ هێزە سیاسییەكان خۆیان قورسترین بژاردە بێت بەلەبەرچاوگرتنی‌ ئەو رق‌و ناكۆكییەی‌ بەرانبەر یەك هەیانە.