نەبوونی تاپۆ هۆكارە
ئەنبارییەكان لەقەرزی خانووبەرە بێبەش دەبن

عیراق

19/05/2017‌ 493 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
لەكاتێكدا دانیشتووانی شارە ئازادكراوەكان چاوەڕوانی قەرەبووی حكومەت بوون، كەچی‌ قەرزی خانووبەرە هەمووانی تووشی شۆك كرد، بەو پێیەی‌ ژمارەیەكی زۆر لەو كەسانە ناگرێتەوە كە تاپۆیان نییە.

بەمدواییانە حكومەتی خۆجێیی پارێزگای ئەنبار (110 كم لە خۆرئاوای بەغدای پایتەخت) رایگەیاند بانكی خانووبەرە رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر تەرخانكردنی بڕی 44 ملیار دیناری عێراقی كە وەك قەرزی ئاسانكراو بەسەر ئەو هاووڵاتیانەدا دابەش دەكرێت كە موڵك‌و ماڵیان لەئەنجامی ئۆپراسیۆنە سەربازیەكاندا زیانی بەركەوتووە، قەرزەكەش لەنێوان 30 بۆ 50 ملیۆن دیناردایە، بەڵام چەند مەرج‌و رێككارێك كە بەئەستەم وەسف دەكرێن، رێگرن لەوەی زۆربەیان لەو قەرزە سوودمەند بن كە بۆ ئەوە راگەیەندراوە دەستپێشخەرییەك بێت بۆ یارمەتیدانی ئەوانەی خانووەكانیان رووخاوە‌و بێ لانە بوون، ئەویش بەهۆی ئەو جیاوازییەی لەنێوان هاووڵاتیاندا دەیكات لەسەر بنەمای جۆری موڵكەكە، ئەمە جگە لەوەی پشكی ناوەندی ناحیە جیاوازە لەپشكی قەزا‌و پشكی ناوەندی پارێزگا.

ئەحمەد جومەیلی (44 ساڵ) كە نیشتەجێی گەڕەكی شوهەدایە لەباشووری فەلوجە كاتێك بەو دەستپێشخەرییەی زانی دڵی خۆش بوو، بەڵام تووشی شۆك بوو بەو مەرجانەی كە لەودا نەبوون، چونكە لەخانوویەكدا دەژی لەسەر زەویەكی كشتوكاڵی دروستیكردووە كە خاوەنەكەی بەشێوازی فرۆشتنی بەش لە تاپۆیەكی كشتوكاڵیدا دابەشیكردووە.

جومەیلی بە "نیقاش"ی وت "زۆرینەی خێزانەكان خانووەكانیان لەسەر زەوی كشتوكاڵی دروستكردووە بەو ئومێدەی دواتر جۆری موڵكەكە بگۆڕدرێت، بەڵام قەدەر لەوە خێراتر بو‌و كردینیە قوربانی جەنگێك كە خانو‌و موڵك‌و ماڵمانی كاول كرد، ئەمڕۆش ئێمە مافی ئەوەمان نییە داوای قەرەبوو یاخود ئەو قەرزە بكەین كە بۆ زیانلێكەوتووان تەرخان كراوە، چونكە تاپۆی خانووبەرەمان نییە".

هەروەها وتی "چاومان لەرێككارێكی حكومیە یارمەتیمان بدات بۆ تێپەڕاندنی ئەم میحنەتەمان، بەڵام هێشتا یاسا‌و رێككارەكان بەهاووڵاتی پلە دوومان دادەنێن، لە كاتێكیشدا موشەك‌و بەرمیلە تەقەمەنیەكان لە وێرانكاری‌و كاولكاری بەدەریان نەكردین، حكومەتی خۆجێیی دێت چەند مەرج‌و یاسایەك دادەنێت‌و زۆرینەمان لە قەرزێك بەدەر دەكات دواتر لە بژێوی خۆمان دەیدەینەوە".

دیمەنی خانووی نیشتەجێ لەسەر زەوییە كشتوكاڵیەكان بووەتە دیمەنێكی ئاسایی، بەتایبەتی لەدوای بەرزبوونەوەی نرخی خانووبەرە لەناو شارەكاندا ئەمەش خاوەنی زەویە كشتوكاڵیەكانی نزیك ئەو شارانەی هاندا كە خاوەنی نەخشەی ئاوەدانین، وەبەرهێنان لەو زەویانەدا بكەن لەڕێی دابەشكردن‌و فرۆشتنیان، ئەمە جگە لە بڵاوبوونەوەی خانووە هەڕەمەكیەكان لە ناو شارەكاندا كە هەموویان وەك یەك كەوتنە بەر مەترسی ئۆپراسیۆنە سەربازیەكان.

عەبدولمەجید عەبود (53 ساڵ) یەكێكە لە دانیشتووانی ناوچەی جزیرەی باكووری رومادی، ئەو بە "نیقاش"ی وت: "زۆربەی خێزانەكان گرێبەستی رەسمییان نییە، چونكە یان لە زەویەكی كشتوكاڵیدا نیشتەجێن یاخود لە ناوچەیەكی هەڕەمەكیدا كە پێی دەڵێن "عەرەسە" یان لەوانەن كە رووبەری نیشتەجێی ناو یەك خانوویان لەنێو خۆیاندا دابەشكردووە، ئەمانەش رێژەی زۆری ئەوانە پێكدەهێنن كە زیانیان بەركەوتووە‌و خانووەكانیان رووخاوە، زۆرینەشیان پارەیان نییە بۆ بنیاتنان‌و دروستكردنەوەیان".

وتیشی "كاتێك دەستپێشخەریەكەی حكومەتی خۆجێییمان بیست كە رایگەیاند قەرزی ئاسانكراوی بێ سوود دەدات بۆ یارمەتیدانی زیانلێكەوتووان، خۆشیەكەمان زۆری نەخایاند كە زانیمان ئەو قەرزە ئێمە ناگرێتەوە، ئەو كاتە دركمان بەوە كرد كە قەرزەكە تەنیا بۆ یارمەتیدانی كەسانی نزیك‌و گوزەران باشەكان‌و هەندێك لە هاووڵاتیانەیە كە نوێنەرایەتی زۆربەی هەژار‌و كەمدەرامەتان ناكەن".

عەبود هەروەها ئەوەشی وت "ئەوانەی لەخانووە هەڕەمەكییەكان‌و زەویە كشتوكاڵیەكاندا نیشتەجێن لە چینی هەژارانن‌و یەكەم كەسیش بوون كە گەڕانەوە بۆ شارەكە‌و یامەتیدەربوون لەگەڕانەوەی ژیان بۆ شارەكە، ناوچەكانیشیان زۆرترین زیانیان بەركەوتووە لە ئەنجامی ئەو ئۆپراسیۆنە سەربازیانەی تیرۆریستانیان كردبووە ئامانج لەناو شارەكە‌و دەرەوەشیدا".

مەهدی حەمدانی (44 ساڵ) كە فەرمانبەری بانكە‌و یەكێكە لە دانیشتووانی شاری فەلوجە قسەی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی "ئەو قەرزە بۆ خاوەن داهاتە سنووردارەكان گونجاو نییە‌و نابێتە دەرفەتێكی نموونەییش بۆ زۆرینەی ئەو دانیشتووانانەی خوازیارن خانووەكانیان بنیات بنێنەوە، چونكە سوودمەندبووان دەخاتە بەردەم پابەندبوونێكی مانگانە كە بەپێی رێنماییەكانی بانكی خانووبەرە دەبێت مانگانە بڕی 417 هەزار دینار قیست بدەن بۆ ماوەی 10 ساڵ، لەسایەی ئەم بارە سستەی ئابووریشدا ئێمە وەك سوودمەندبووان ناتوانین گەرەنتی ئەوە بكەین كە قیستی مانگانە بدەینەوە بە بانكە حكومییەكان ئەگەر قەرزەكەش سوودی لەسەر نەبێت".

هەروەها دەڵێت "پێدانی قەرز بەو شێوەیە نە بەخششە‌و نە دەستپێشخەرییە وەك بانگەشەی بۆ دەكرێت، بەڵكو سوودمەندبوون‌و سووڕانەوەی پارەیە لەسەر بنەمای قازانجكردن لەنێوان دامەزراوەكانی دەوڵەت‌و پابەندكردنی هاووڵاتیانە بە دانەوەی بڕەپارەیەكی مانگانە، ئەوە جگە لە دانانی نیشانەی حجز لەسەر خانووی سوودمەندبووان لەبەرژەوەندی بانكەكە تا ئەو كاتەی تەواوی قەرزەكە دەداتەوە".

ئوم ئەحمەد بێوەژنێكی پەنجا ساڵانەیە‌و بەهۆی ئۆپراسیۆنە سەربازیەكانی ئەم دواییەی شاری فەلوجەوە ئەحمەدی كوڕە تاقانەی لەدەست داوە كە هاوكاری بوو لە سەختیەكانی ژیاندا، ئوم ئەحمەد خۆی لەو دەستپێشخەرییەدا نەبینیوەتەوە كە حكومەتی خۆجێیی لەپارێزگای ئەنبار رایگەیاندووە.

ئوم ئەحمەد لەنێو پاشماوەی كەڵەكەبو‌و لەژێر سەقفی ژوورێكدا كە خۆڕاگربووە بەڕووی موشەك‌و بەرمیلە تەقەمەنییەكاندا، قسەی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی "ژیانی نێو ئەم پاشماوانەم پێباشترە لەوەی بچمە ژێر باری قیستێكی مانگانەوە كە ناتوانم بیدەمەوە، ئەگەر هەوڵی بەدەستهێنانی قەرزم بدایە‌و بشمتوانیایە بیدەمەوە، چاوەڕوانی دەستپێشخەریەكەی حكومەتم نەدەكرد كە بۆنی بانگەشەی هەڵبژاردنی لێ دێت".

ئوم ئەحمەد دووپاتی كردەوە "زۆرینەی زیانلێكەوتووان لە شارەكانمان لە هەژارانن، هەمووشمان پێویستمان بە ئاوڕلێدانەوەیەكە یارمەتیدەرمان بێت، نەك بازرگانی بە خەم‌و ئازارەكانمانەوە بكرێت، ئێمە پێویستمان بە قەرەبووی ماددی‌و مەعنەوی هەیە لەبەرامبەر ئەو وێرانكاری‌و كاولكارییەی بەسەرماندا هاتووە كە ئێمە هۆكارەكەی نەبووین، بەڵكو قوربانی پیلانگێڕی‌و ململانێكان بووین".

ئیبتیسام محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنباریش بە "نیقاش"ی وت "حكومەتی خۆجێیی لە پارێزگای ئەنبار باش دەزانێت كە هاووڵاتیان شایانی قەرەبووی زۆرن لەپای ئەو زیانانەی بەر خۆیان‌و موڵك‌و ماڵیان كەوتووە، ئەگەرچی پارەی تەرخانكراومان نەبوو بۆ قەرەبووكردنەوەی سەرجەم زیانلێكەوتووان، بەڵام بە رێنمایی حكومەتی ناوەندی توانیمان لیژنەیەكی تایبەتەمەند پێكبهێنین كە ئەركی هەژماركردنی زیانەكان‌و پۆلێنكردنیانی گرتە ئەستۆ بەو ئومێدەی پارەی پێویست بەدەستبهێنین بۆ قەرەبووكردنەوەی سەرجەم زیانلێكەوتووان".

وتیشی "هەوڵەكانی حكومەتی خۆجێیی‌و نوێنەرانی پارێزگای ئەنبار سەركەوتوو بوون ئەویش دوای ئەوەی رەزامەندی پێویست بەدەستهێنرا بۆ كارئاسانی پێدانی قەرزی خانووبەرە بە دانیشتووان لەوانەی زرەرمەند  بوون لەئەنجامی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان‌و وەك یەكەم هەنگاو بۆ سووككردنی بارگرانی سەرشانی هاووڵاتیان، كاریش بۆ ئەوە دەكرێت میكانیزمێك بدۆزرێتەوە كە قەرزەكە سەرجەم  زیانلێكەوتووان بگرێتەوە".