ریفراندۆم كوردستانی‌ لەتكردووە
شەڕی‌ "بەڵێ ‌و نەخێر" بۆ سەربەخۆیی لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەستیپێكردووە

کوردستان

06/07/2017‌ 3316 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
دیاریكردنی‌ وادەی‌ ئەنجامدانی‌ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی‌ كوردستان وەك زۆر بابەتی‌ تر دانیشتوانی‌ هەرێمی‌ كوردستانی‌ كردووە بەدوو كەرتەوە، بەشێك لەگەڵ‌و بەشەكەی‌ دیكە دژن.

رۆژی‌ 7ی‌ حوزەیران مەسعود بارزانی‌ سەرۆكی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەگەڵ نوێنەری‌ زۆربەی‌ هێزە سیاسییەكانی‌ كوردستان كۆبووەوەو بڕیاریاندا 25ی‌ ئەیلولی‌ داهاتوو وەك رۆژی‌ ئەنجامدانی‌ راپرسی‌ دیاریی‌ بكرێت بۆ جیابوونەوە لەعێراق‌و پێكهێنانی‌ دەوڵەتی‌ سەربەخۆی‌ كوردستان، هەر بۆ هەمان مەبەست بارزانی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هەڵبژاردنەكانی‌ كوردستانی‌ راسپارد رێكارە یاساییەكانی‌ ئەو پرۆسەیە بگرنە بەر.

ئەم بڕیارە بەس بوو بۆ ئەوەی‌ خەڵكی‌ كوردستان بەرەی‌ بەڵێ‌‌و نەخێر رابگەیەنن، ئاسانترین رێگاش بۆ گوزارشتكردن لەرای‌ هەردوو بەرەكە، سەر پەڕەو ئەكاونتی‌ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە.

بەرەی‌ بەڵێ بۆ سەربەخۆیی پاساوی‌ خۆیان هەیە بۆ ئەو هەنگاوەو بەرەی‌ نەخێریش دیسانەوە پاساویان هەیە بۆ رەتكردنەوەی‌، هەریەكەشیان سێبەری‌ یەكێك لەو دووبەرە سیاسییەن كە لەسەر چەندین پرس ناكۆكن.  

ئەحمەد فەتاح (56 ساڵ) پرۆفایلی‌ ئەكاونتی‌ تایبەتی‌ خۆی‌ لەفەیسبوك كردووە بەسومبولی‌ "بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان" ئەو وەك خۆی‌ دەڵێت ئامانجی‌ لەو هەنگاوە هاندانی‌ هاوڵاتیانە بۆ دەنگدان بەبەڵێ‌ لەریفراندۆمدا.

ئەحمەد فەتاح بە"نیقاش"ی وت "تۆڕە كۆمەڵاتییەكان هۆكارێكی گرنگن بۆ جوڵاندن‌و راكێشانی سۆزی زیاتر بۆ ئەركە نەتەوایەتی‌و نیشتیمانییەكان".

دیدار ئەنوەر (27 ساڵ) هاوڕایە لەگەڵ ئەحمەد فەتاح لەپاڵپشتی‌ سەربەخۆیی‌ هەرێمی‌ كوردستان، بەڵام ئامانجیان جیاوازە، ئەو بە"نیقاش"ی وت "دانانی‌ سومبولی‌ بەڵێ بۆ سەربەخۆیی لەفەیسبوكەكەمدا بۆ ئاشكراكردنی هەڵوێستی خۆم‌و بەرچاوڕوونی هاوڕێیانم بوو، بۆ ئەوەی درك بەو ئەركە بكەن".

لەبەرانبەر بەرەی‌ بەڵێی‌ نێو تۆڕەكۆمەڵایەتییەكاندا بۆ پاڵپشتی ریفراندۆم بەرەی‌ نەخێریش لەئەكاونتی‌ تایبەتی‌ بەشێك لەهاوڵاتیاندا سەریهەڵداوە كە سومبولی‌ نەخێریان بۆ سەربەخۆیی بەكارهێناوە، ئەوانیش پاساوی‌ خۆیان بۆ ئەو هەڵوێستەیان هەیە.

مەهدی‌ ئەبوبەكر مامۆستای‌ زانكۆ یەكێكە لەو هاوڵاتیانەی‌ هەرێمی‌ كوردستان كە لەرێگەی‌ ئەكاونەتەكەیەوە لەفەیسبووك دژایەتی‌ خۆی‌ بۆ سەربەخۆیی راگەیاندووە، ئەو بە"نیقاش"ی‌ وت "من دژی ریفراندۆمم، بەمشێوازەی ئێستا كە بەشێوەیەكی نایاسایی‌و بێ روئیاو بێ مەبەست ئەنجام دەدرێت".

مەهدی‌ ئەبوبەكر پێی‌ وایە دانانی‌ لۆگۆی‌ "نا بۆ سەربەخۆیی" لەئەكاونتەكەیدا هاوسۆزی‌ بۆ دروست بووەو دەڵێت "لەماوەی 24 سەعاتدا لەدوای‌ من زیاتر لەسەد كەس پرۆفایلەكەیان كردووە بەنەخێر‌و زیاتر لەسەد مامۆستای زانكۆ، روناكبیرو نوسەر، لەناوەوەو دەرەوەی وڵات كەمپەینێكمان دژی ریفراندۆم رێكخستووەو لەماوەی داهاتوودا دەست بەچالاكییەكانمان دەكەین".

پاساوەكانی‌ رەتكردنەوەی‌ سەبەخۆیی لەلای‌ ئەردەڵان سەڵاح (34 ساڵ) جیاوازە لەگەڵ مەهدی‌ ئەبوبەكر، هەرچەندە هەردولا هەمان لۆگۆی‌ "نا بۆ سەربەخۆیی"یان لەئەكاونتەكانیان داناوە.

ئەردەڵان بە"نیقاش"ی‌ وت "دەبێت سەربەخۆیی بۆ بەرژەوەندی‌ كەسی‌ نەبێت، ئەم ریفراندۆمە بۆ مەرامی‌ سیاسی‌و داپۆشینی‌ دزی‌‌و بۆ هەڵمەتی‌ هەڵبژاردنە".

دەستپێكردنی‌ ئەو ململانێیە لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا لەكاتێكدایە بڕیارە سێ مانگی‌ تر پرۆسەی‌ ئەنجامدانی‌ ریفراندۆم ئەنجامبدرێت‌و لەئێستاوە كۆمسیۆنی‌ هەڵبژاردن دەستی‌ كردووە بەئامادەسازییەكانی‌ خۆی‌.

بەبڕوای‌ شیروان زرار وتەبێژی‌ كۆمسیۆنی‌ هەڵبژاردن‌و راپرسی لەهەرێمی‌ كوردستان ئەو دیاردەیەی‌ لەتۆڕەكۆمەڵایەتییەكان سەریهەڵداوە بەشێك نییە لەهەڵمەتی‌ پێشوەختی‌ هەڵبژاردن‌و بۆ "نیقاش" وتی‌ "ئێمە تەنیا هانی‌ هاوڵاتیان دەدەین بۆ بەشداریكردن، بەڵام بەشێكمان هەیە كە چاودێریكردنی‌ میدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەو بەدواداچوونی‌ بۆ دەكەین تا بزانین لەگەڵ بنەماكانی‌ رەفتاركردندا لەكاتی‌ ئەو پرۆسەیەدا دەگونجێت".

بەدەر لەچاوی‌ چاودێری‌ كۆمسیۆنی‌ هەڵبژاردنەكان دروستبوونی‌ ئەو دوو رەوتە لەنێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بەشێكە لەو دابەشبوونە سیاسییەی‌ كە ئێستا لەهەرێمی‌ كوردستان هەیە، ناكۆكی‌ لایەنەكان لەسەر كاراكردنەوەی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان‌و كێشەی‌ پۆستی‌ سەرۆكی‌ هەرێم، پرسی ریفراندۆمی‌ كردۆتە كرۆكی‌ ناكۆكیەكانیان بەتایبەت لەنێوان پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و بزوتنەوەی‌ گۆڕاندا.

 لەكاتێكدا پارتی‌ پاڵپشتی لەو پرۆسەكە دەكات بەئاڕاستەی‌ سەربەخۆیی هەرێمی‌ كوردستان، گۆڕان تێبینی‌ لەسەر ئەنجامدانی‌ ریفراندۆم هەیە بەبێ چارەسەری‌ كێشە سیاسییەكان.

رۆژی‌ 10ی‌ حوزەیران شۆرش حاجی‌ وتەبێژی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان لەبەیاننامەیەكدا ریفراندۆمی‌ بەپرسێكی‌ "حزبی‌و نایاسایی" ناوبردو تیایدا پارتی‌ دیموكراتی‌ تۆمەتبار كردو رایگەیاند "نابێت ئەو پرسە بۆ خۆدزینەوە لەكێشە سیاسییەكان بەكاربهێندرێت". ئەو هەڵوێستە ئەوەندەی‌ تر ئاگری‌ ململانێی‌ نێو تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانی‌ لەسەر پرسی ریفراندۆم گەرمتركرد.

ئاسۆ مەحمود ئەندامی‌ جفاتی‌ نیشتمانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان پێیوایە دۆسیەی‌ ریفراندۆم بە"هەڵە" بەكارهێندراوەو ئەوەش وایكردووە كە ژمارەك لەهاوڵاتیان لەدژی‌ بوەستنەوە، بەڵام رەتی‌ دەكاتەوە كە بزوتنەوەكەی‌ لەبەرەی‌ دژی‌ ریفراندۆم بێت.

ئاسۆ مەحمود نكوڵیش لەوە ناكات كە گۆڕان تێبینی‌ هەیە لەسەر پرسەكە‌و بە"نیقاش"ی‌ وت "سەربەخۆیی پێویستی‌ بەهەنگاوی‌ ورد هەیەو سەربەخۆیی بەدەست نایەت تا هێزەسەربازییەكان بەنیشتیمانی‌ نەكرێن‌و ژێرخانی‌ ئابوری‌ بەهێز نەكرێن، بەڵام لەهەرێم ئەو پرۆسەیە ئاوەژووكراوەو پێویست نەبوو  هەرێم سەربەخۆیی خۆی‌ بخاتە ریفراندۆمەوە".

وتیشی‌ "ئەو هەڵمەتەی‌ لەدژی‌ سەربەخۆیی دەستی‌ پێكردووە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا پەیوەندی‌ بەدووركەوتنەوەی‌ خەڵك‌و دەسەڵاتە لەیەكتر كە كارێكی‌ وایكردووە دەسەڵات هەر هەنگاوێك بنێت خەڵكانێك لەدژیی‌ دەبن".

 رەنگە تێبینییەكانی‌ گۆڕان بۆ ئەنجامدانی‌ ریفراندۆم زیاتر پەیوەندی‌ بەپاش‌و پێشكەوتنی‌ هەنگاوەكانەوە هەبێت كە پێی‌ وایە ئەو پرۆسەیە پێویستە بەفلتەری‌ پەرلەماندا بڕوات لەپاش كاراكردنەوەی‌.

بەهۆی‌ ناكۆكی‌ نێوان پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و بزوتنەوەی‌ گۆڕان ساڵ‌و نیوێكە پەرلەمانی‌ كوردستان پەكی‌ كەوتووە، گۆڕان دەڵێت هەتا لەپەرلەمانەوە دەنگ بۆ ئەنجامدانی‌ ریفراندۆم نەدرێت، ئەو پرۆسەیە ناشەرعی‌ دەبێت، پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانیش سوورە لەسەرە ئەوەی‌ پرۆسەكە ئەنجام بدرێت، جا لەرێی‌ پەرلەمانەوە بێت، یاخود لەدەرەوەی‌ پەرلەمان.

دروستبوونی‌ دووبەرەی‌ دژو پاڵپشتی‌ سەربەخۆیی لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا، بەلای‌ عەبدولسەلام بەرواری‌ ئەندامی‌ ئەنجومەنی‌ سەركردایەتی‌ پارتییەوە دەرهاویشتەی‌ دەمارگیریی‌ نێو كۆمەڵگای‌ هەرێم‌و هەڵوێستە سیاسییەكانەكە كە گواستراوەتەوەو دەڵێت "ئەوانەی‌ دژی‌ ریفراندۆمن لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكان كاردانەوەیان لەدژی‌ پارتییە نەك لەدژی‌ سەربەخۆیی".

بەرواری‌ دان بەوەدا دەنێت كە بەشێكی‌ زۆری‌ ئەوانەی‌ لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەگەڵ ریفراندۆمن لەپارتیەوە نزیكن‌و ئەوانەشی‌ لەدژی دەوەستنەوە لەگۆڕانەوە نزیكن، لەم رووەوە بۆ "نیقاش" وتی‌ "كادیرانی‌ ئێمە یەكەمجار دەستیان بەو هەڵمەتە نەكردووە، بەڵكو لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كاردانەوە بووە بۆ بەرەی‌ بەرامبەر، بەڵام بەئەركی‌ خۆشمانی‌ دەزانین كار بۆ سەربەخۆیی بكەین هەرچەندە بەرەسمی‌ دەستمان بەهەڵمەت نەكردووە".

لەگەڵ نزیك بوونەوەی‌ وادەی‌ ئەنجامدانی‌ ریفراندۆم رەنگە هەویری‌ شەڕی‌ نێو تۆڕەكۆمەڵاتییەكان لەسەر سەربەخۆیی ئاوی‌ زیاتر بكێشێت‌و ئاستی‌ نزیكبوونەوەو دووركەوتنەوەی‌ لایەنە ناكۆكەكانیش لەرەوتی‌ ئەو ململانێیە بگۆڕێت.


ئارام جەمال بەرێوەبەری‌ پەیمانگای‌ كوردی‌ بۆ هەڵبژاردن جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئاڕاستەی‌ ئەو هەڵمەتەی‌ لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ دژایەتی‌‌و پاڵپشتی‌ سەربەخۆیی دەستیپێكردووە كەوتۆتە سەر پێشهاتەكانی‌ ئایندەی‌ پەیوەندی‌ نێوان لایەنە سیاسییەكان كە ئەگەر گۆڕانكاریی‌ لەو پەیوەندییانەدا روبدات لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش گۆڕانكاریی‌ دەبێت لەنێوان بەڵێ‌و نەخێر بۆ سەربەخۆیی، بەوپێیەی‌ بەوتەی‌ ئەو بەشێكی‌ زۆر لەو كەسانەی‌ كە لەو تۆڕانەدا هەڵوێستیان لەسەر ئەو پرسە وەرگرتووە بێلایەن نین‌و نزیكن لەپارتە سیاسییەكانەوە.

ئارام جەمال بە"نیقاش"ی‌ وت "ئێستا دوو ئاڕاستەی‌ سەرەكی‌ هەیە كە پارتی‌‌و گۆڕانن‌و لایەنگرو نەیاری‌ سەربەخۆییش دەچنەوە نێو ئەو دوو ئاڕاستەیە، ئەوەی‌ لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نەخێری‌ بۆ سەربەخۆیی هەڵبژاردووە بەشێوەیەك لەشێوەكان لەژێر كاریگەریی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕاندایەو ئەوەی‌ بەڵێشی هەڵبژاردووە لەژێر كاریگەریی‌ پارتیدایە".

كێشە سەرەكییەكە ئەوەیە لەكوردستان وەكو زۆربەی‌ باس‌و خواسەكانی‌ دیكە ئەم پرۆسەیە بەشێوەیەكی‌ سروشتی‌ خۆی‌ لەدایك نابێت، لەكاتێكدا بەهەموو پێوەرێك راپرسی‌ بەمانای‌ ئەوە دێت خەڵك سەربەست لەدەنگدان، كەچی‌ لەكوردستان هەردوو بەرەی‌ ناكۆك هەڵمەتێكیان دەست پێكردووە بۆ ترساندنی‌ خەڵكی‌‌و زەوتكردنی‌ ئەو سەربەستییە.

بەرەی‌ یەكەم كە پارتی‌ دیموكرات نوێنەرایەتی‌ دەكات دەڵێت ئەوەی‌ بە"بەڵێ‌" دەنگ بۆ سەربەخۆیی‌ كوردستان نەدات "خایین‌و خۆ فرۆشە"، بەرەی‌ دووەمیش كە گۆڕان رێبەرایەتی‌ دەكات دەڵێت ئەوەی‌ بە"نەخێر" بۆ ئەنجامدانی‌ ریفراندۆم دەنگ نەدات "گەندەڵ‌و دژە دیموكراسییەو لەگەڵ مانەوەی‌ دەسەڵاتی‌ ناشەرعی‌ بارزانیدایە".

تا ئەم دوو بەرەیەش بەو شێوەیە بمێننەوە، زەحمەتە خەڵكی‌ رازی‌‌و ناڕازی‌ بەشێوەیەكی‌ دیموكراسیانە ئەنجامەكە لەیەكتری‌ قبوڵ بكەن.