شاناز ئـیبراھیم داوای سزادانی ئەو یەكێتییانە دەكات دەچنە كۆبوونەوەی لیژنەی ریفراندۆم

کوردستان

29/07/2017‌ 1264 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شاناز ئـیبراھیم ئـەحمەد لێپرسراوی ناوەندی دەرەوەی ڕێكخستەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند، هەركەسێك بەشداری لەكۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم بەناوی حیزبەكەی بكات، "دەبێت سزابدرێت".

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەمیانی نووسینێك بڵاویكردەوە، كە "چوونی هە‌ر كەسێك بەهەر پاساوێك‌و لەژێر هەر ناوێكدا بۆ بەشداریكردن لە‌و كۆبوونەوەیەدا، واتە پێچەوانەی بڕیای یەكێتییەو پێویستە ئەو كەسە، یان ئەو كەسانە جا‌ لەهەر پلەو پایەیێكدا بن‌و بەبڕیاری هەر تاكە كەسێك بەشداری لەكۆبوونەوەیەدا بكەن، ئەوا دەبێت سزابدرێن بەخودی ئەو كەسەوە، كە ئیزنیان دەدات".

ئەو داواكارییەی ئەو بەرپرسەی یەكێتی لەكاتێكدایە بڕیارە سبەی یەك شەممە كۆمیتەی باڵای ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە، ئەوەش بۆ دانانی نەخشەرێیەك بۆ كارەكانی داهاتووی.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەوەشی نووسیوە: "لێرەدا بەپێویستی دەزانم بەبیری هەموو لایەكی بهێنمەوە ئەنجوومەنی‌ سەركردایەتی‌و ئەنجوومەنی ناوەندی‌و ئەنجوومەنی مەكتەبی ڕێكخستنی یەكێتی بڕیاریداوە، كە یەكێتی هیچ كەس‌و نوێنەرێك نەنێرێت بۆ بەشداریكردن لەو جۆرە كۆبوونەوانەدا، تا ئەو كاتەی پەرلەمان بەبێ مەرج ئاسایی دە‌بێتەوەو یاسای سەرۆكایەتی‌و ڕێفراندۆم یەكلاییدەكاتەوە".

كۆمیتەی ریفراندۆم بۆ جاری دووەمە كۆدەبێتەوە، كە لەكۆبوونەوەی یەكەمدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت لەپشكی یەكێتی‌و نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك‌و ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە بەشدارییان كرد، كە ئەمە كاردانەوەی ناوخۆیی یەكێتی بەدواوە هات.

هـ ـ ح 

بەپەلە