شارپرێس:
هۆشیار عەبدوڵڵا پەرلەمانتاری گۆڕان قسەی لەسەر قسەكانی مەسعود بارزانی كردووە، كە وتوویەتی: "ئەگەر نەخێر بردییەوە دەست لەكاردەكێشمەوە"، كە بەقسەی ئەو پەرلەمانتارە "دیوی دوەمی ئەو قسەیە ئەوەیە ئەگەر بردییەوە ئەوە هەر خۆی سەرۆكەو دەستلەكارناكێشێتەوە".
هۆشیار عەبدوڵڵا هەروەها دەڵێت: "بالەوەگەڕێین بارزانی بەشەرعی خاوەنی پۆستی سەرۆكی هەرێم نییە تا بیكاتە منەتو خێرو مەكرەمە، بەڵام من دەمێكە وتوومە دەنگدان بەو ڕیفراندۆمە دەنگدانە بەبارزانی، ئەو ریفراندۆم وەك تەفویچو شەرعییەتدانەوە بەخۆی دەیبینێت، بۆیە جارێك دەڵێت ئەگەر سەرینەگرت بڵێن خەتای ئەو بوو، جارێك دەڵێت ئەگەر بەڵێ نەیبردەوە دەستلەكاردەكێشمەوە، بەو قسانەی دەیەوێت بڵێ ڕیفراندۆم تەنیا هی منەو من خاوەنیم".
بەقسەی ئەو پەرلەمانتارە، بەگوێرەی زانیارییەكان كارتی دەنگدانی ریفراندۆم كۆمپانیایەكی سەر بەپارتی لەهەولێر چاپی دەكاتو بەهەموو شێوەیەك بەڵێ یان مسۆگەركردووە، "بێگومان دوای ڕیفراندۆم بەشێك لەقسەكەرەكانی پارتی دێنە سەر شاشەكانو ئەو جوملەیە دەڵێن :
((بارزانی لەسی ئابدا وتی نەخێر بیباتەوە دەستلەكاردەكێشمەوە ئەگەر خەڵكی كورستان بارزانیان نەویستایە دەنگیان بە بەڵێ نەئەدا، بۆیە خەڵك شەرعییەتی داواتەوە ئەو)).
هەر بەقسەی ئەو پەرلەمانتارە "ئێستا هیوادارم ئەو كەسە دڵساف یا خەڵەتاوانەی پێیان وایە بەڵێ بەڵێیە بۆ سەربەخۆیی بزانن، كە وانییەو بەڵێیە بۆ مانەوەی بارزانی، ئەوانەی پێیانوایە سەربەخۆیی لەو كارتی دەنگدانی ڕیفراندۆمەدایە، دوای تێدەگەن بە بەڵێكانیان خزمەتی بارزانیو گورزێكی كاریگەرییان لەسەربەخۆیی نیشتیمانی داوە، چونكە ئیدی تا دەیان ساڵی تر، خۆیو حیزبەكەی دەڵێن خەڵك ڕایان ڕاسپاردوین دەوڵەتیان بۆ دروستبكەین".
پەرلەمانتارەكە جەختیشیكردووەتەوە، كە ئەو قسە نوێیەی ئەوەشی سەلماند، كە "هەمووجارێك بارزانی كاتێك ئەڵێ من ئامادەم وازبهێنمو كەسێك بێت لێم وەرگرێتو چاوم لەپۆستو كورسی نییە، تەنیا قسەنو لەئەرزی واقیعدا بەپێچەوانەی ئەو قسانە هەنگاودەنێت".
هـ ـ ح