هیچ رێكخراوێكی نێودەوڵەتی ئامادەیی نییە بۆ چاودێریكردنی ریفراندۆمەكەی هەرێم

کوردستان

03/09/2017‌ 797 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان لەخۆئامادەكردندایە بۆ ڕۆژی ڕیفراندۆم‌و ئاشكراشیكرد، تائێستا هیچ رێكخراوێكی نێودەوڵەتی ئامادەیی نیشاننەداوە بۆ چاودێری پرۆسەكە.

شیروان زرار وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم لەبارەی ئامادەكارییەكان لەلێدوانێكی بۆ دەنگی ئەمریكا رایگەیاند بەشێك لەئەركەكان تەواوبوون لەوانە ئامادەكاری بۆ ڕیفراندۆم‌و كاركردنیش بۆ ڕۆژی هەڵبژاردنەكان بەردەوامە.

شیروان زرار راشیگەیاند، بۆ ئاماری دانیشتوان پشت بەستراوە بەتۆمارە فەرمییەكانی كۆمیسیۆنی باڵای عێراق‌و سیستەمی بایۆمیتری بەسراوە، ئەوەش بۆ بەرچاو ڕوونییە لەسەر ژمارەی دەنگدەران‌و بەشدارییان لەڕیفراندۆم‌و هەڵبژاردنیشداو بۆ ئەنجامەكانیش سیستەمێكی نوێ دانراوە.

زرار ئاماژەش بەوە دەكات بۆ ڕاپرسی لەهەرێم كۆمیسیۆن ناتوانێت كارتەكانی دەنگدان ئامادەبكات‌و هیوا دەخوازێت بۆ هەڵبژاردنەكان كۆمیسیۆن بتوانێت كارتی دەنگدان ئامادە بكات‌و ئاشكراشیكرد، كە بۆ ڕیفراندۆمەكە كارتێك دروستكراوە‌و لێی نووسراوە "ئایا تۆ دەتەوێت كوردستان‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم ببێت بەدەوڵەتێكی سەربەخۆ؟ بەڵێ – نەخێر".

هەروەها رایگەیاندووە "كارتی دەنگدان بۆ ڕاپرسی، كۆمپانیایەك لەهەرێمی كوردستان ئەركی چاپكردنی لە ئەستۆ گرتووە"، بەڵام ناڵێت كام كۆمپانیایە، تەنیا ئەوەندە نەبێت وەك باسی دەكات "ئەو كۆمپانیایە بڕیاری داوە بەبێ بەرانبەر ئەو كارتانەی دەنگدان بۆ ڕاپرسی چاپ بكات".

وتەبێژی كۆمیسیۆن ئەوەشی راگەیاندووە "ئەمەش وەك ئەركێكی نیشتمانی تا فشاری دارایی لەسەر كۆمیسیۆن دروست نەبێت ئەو كارەی كردووە".

ریفراندۆمی هەرێم وەك بڕیاری لێدراوە رۆژی 25/9/2017 بەرێوەدەچێت‌و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم‌و پەرلەمانی كوردستانیش رۆژی 1/11/2017 بەرێوەدەچێت.

هـ ـ ح

بەپەلە