شارپرێس:نيقاش
پێشووتر جه‌ژنه‌كانی ره‌مه‌زان‌و قوربان، دوو بۆنه‌ی زۆر دیاربوون كه تیایدا وه‌ك نه‌ریتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵكی سه‌ردانی یه‌كتریان ده‌كردو داوای گه‌ردن ئازادیان ده‌كردو به‌وه‌رگرتنی نوقڵ‌و شیرینی موباره‌ك باییان له‌یه‌كتری ده‌كرد، به‌ڵام چه‌ند ساڵێكه جه‌ژن ئه‌و گه‌رموگوڕییه‌ی جارانی نه‌ماوه‌و ئه‌مساڵیش فه‌یسبووك‌و كورته‌نامه ئه‌و ئه‌ركه‌یان گرته ئه‌ستۆ.
كڕینی شیرینی‌و خوارده‌مه‌نی‌و جل‌وبه‌رگی تازه له‌چه‌ند ڕۆژێكی پێش جه‌ژن‌و بۆنه‌كانداو ئه‌مساڵیش وه‌ك هه‌موو ساڵانی تر دووباره بووه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی وه‌ك جاران دووباره نه‌بووه‌وه سه‌ردانیكردنی خه‌ڵكی بوو بۆ یه‌كتر.
له‌كوردستان وا باو بوو هه‌ر كه جه‌ژن ده‌هات دراوسێ‌و خزم‌وۆ ناسیاوو كه‌سوكار سه‌ردانی یه‌كتریان ده‌كردو پیرۆزباییان ده‌گۆڕییه‌وه، به‌ڵام ئه‌مساڵ به‌روونی ئه‌وه ده‌ركه‌وت چه‌نده تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان شوێنی ئه‌و نه‌ریته‌یان گرتووه‌ته‌وه‌و زیاتر له‌ساڵانی رابردوو خه‌ڵكی به‌گۆڕینه‌وه‌ی كورته‌نامه‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی پۆستی پیرۆزبایی له‌فه‌یسبووك یه‌كتریان به‌سه‌ر ده‌كرده‌وه.
لوقمان حه‌سه‌ن (33 ساڵ) خاوه‌نی چوار براو پێنج خوشكه له‌ڕۆژانی جه‌ژندا ته‌نیا توانیویه‌تی سه‌ردانی ماڵی باوكی‌و دووبرای بكات‌و به‌ته‌له‌فون‌و له‌رێگه‌ی فه‌یسبوكه‌كه‌یه‌وه پیرۆزبای له‌براو خوشكه‌كانی تری‌و مام‌و ئامۆزا‌و كه‌سه نزیكه‌كانی كردووه.
لوقمان كه هاوڵاتیه‌كی دانیشتووی ناحیه‌ی ڕزگارییه له‌قه‌زای كه‌لاری ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان باسی له‌وه‌كرد كه توانای سه‌ردانیكردن كه‌مبووه‌ته‌وه، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت "به‌هۆی قه‌یرانه‌كانه‌وه خه‌ڵك وه‌ك جاران دڵی به‌جه‌ژن خۆش نییه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ته‌كنه‌لۆژیا كاری پیرۆزبایی كردنی ئاسان كردووه‌و سه‌ردانیی یه‌كتری ناوێت".
"ماڵی خه‌زورو خوشكێكم چه‌ند جارێك ته‌له‌فونیان بۆ كردم كه سه‌ردانیان بكه‌م، به‌ڵام كاتم له‌به‌رده‌ستدا نه‌بوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و مینی ماركێته‌ی كه بژێوی ژیانم له‌سه‌ریه‌تی دوو ڕۆژ داخراوبوو پێویست بوو ده‌رگاكه‌ی بكه‌مه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌رچاوه‌ی بژێویی خێزانه‌كه‌م دانه‌بڕێم" لوقمان حه‌سه‌ن وای وت.
زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی په‌یامنێری "نیقاش" قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردن وتیان به‌راورد به‌جه‌ژنی رابردوو ژماره‌ی سه‌ردانه‌كانیان زۆر كه‌مكردووه‌ته‌وه‌و ته‌نیا به‌كورته‌نامه‌و ته‌له‌فۆن هه‌واڵی یه‌كتریان پرسیوه.
هه‌رچه‌نده هه‌ندێ كه‌س ئه‌و سه‌ردانی نه‌كردنه گرێ ده‌ده‌نه‌وه به‌قورسی بژێوی ژیان، به‌ڵام خه‌ڵكیش هه‌یه‌و ئه‌و بیانووه به‌راست نازانێ.
والی عه‌بدولقادر (57 ساڵ) هاوڵاتیه‌كی دانیشتووی ناحیه‌ی باوه‌نوره دیسانه‌وه له‌ئیداره‌ی گه‌رمیان، به"نیقاش" وت "له‌رابردوودا قه‌ناعه‌ت هه‌بوو له‌گه‌ڵ به‌ڕێكردنی ئیشوكاردا كاتی سه‌ردانیكردنی خزم‌و كه‌س‌و كارمان هه‌بوو هێنده‌ی ئیش‌و كاره‌كانمان گرنگیمان به‌په‌یوه‌ندیه‌كان ده‌دا، به‌ڵام ئێستا نه‌ئه‌وه‌تا به‌ته‌واوی ئیش‌و كاردا ده‌كه‌ین نه كاتمان هه‌یه سه‌ردانی خزم‌و كه‌س‌و كارمان بكه‌ین".
والی خاوه‌نی سێ براو پێنج خوشكه بۆ "نیقاش" وتی "هاتنی ئامرازه‌كانی په‌یوه‌ندی، په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی به‌ره‌و ساردبونه‌وه بردووه، له‌رۆژانی جه‌ژندا سه‌ردانی ماڵی دووبرام كردووه هه‌رچه‌نده زۆر پێم خۆشبووه به‌ڵام مه‌جالم نه‌بووه یه‌ك به‌یه‌كیان به‌سه‌ر بكه‌مه‌وه، بۆیه به‌ناچاری له‌ڕێگه‌ی ته‌له‌فونه‌وه پیرۆزبایم لێ‌كردن".
به‌بڕوای ئه‌و هاوڵاتیه ته‌نیا ئومێدێك كه ماوته‌وه بۆ جۆشدانه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه بۆنه ئاینی‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه ئه‌گه‌ر ئه‌و بۆنانه نه‌بێت په‌یوه‌ندییه‌كان به‌ته‌واوی كۆتاییان پێدێت".
"جه‌ژنی قوربان له هه‌موولایه‌ك پیرۆزبێت" دانا عومه‌ر (30 ساڵ) دانیشتووی سلێمانی به‌و شێوه‌یه له‌رێگه‌ی فه‌یسبوكه‌وه پیرۆزبایی خۆی گه‌یانده خزمم‌و كه‌س‌و كار‌و هاوڕێیانی، ئه‌وه ئاسانترین رێگه بوو بۆ دانا به‌ڵام وه‌ك خۆی ده‌ڵێت په‌یامه‌كه‌ی هیچ كاریگه‌ریه‌كی نه‌بووه له‌كاتێكدا نه‌یتوانیوه ته‌واوی خێزانه‌كه‌ی به‌سه‌ر بكاته‌وه.
وتیشی "به‌داخه‌وه نه‌متوانی جه‌ژن بكه‌م به‌ده‌رفه‌تێك یان به‌رامبه‌ره‌كانم به‌هه‌مانشێوه‌ی من نه‌یانتوانی ئه‌و هه‌له بقۆزنه‌وه بۆ گه‌یاندنی خۆشی‌و نوێكردنه‌و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوانمان، هه‌ریه‌ك له‌ئێمه پێمان وایه له‌رێگه‌ی ئامرازه‌كانی په‌یوه‌ندیكردنه‌وه یه‌كتری به‌سه‌ر ده‌كه‌ینه‌وه به‌ڵام نه‌ك قه‌ناعه‌ت به‌یه‌كتری ناكه‌ین ناتوانین بڕوا به‌خودی خۆیشمان بێنین".
هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ئێواره‌ی پێش جه‌ژن دێت، ئیتر لێشاوی ناردنی كورته‌نامه‌ی مۆبایل‌و ڤایبه‌رو واتساپ‌و مه‌سنجه‌ر ده‌ست پێده‌كات، ئیتر به‌و شێوه‌یه خه‌ڵكی ئه‌ركی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی یه‌كرت له‌كۆڵ خۆیان ده‌كه‌نه‌وه.
رێزان نادر توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سه‌رۆكی رێكخراوی (Oasis) بۆ په‌روه‌ده‌و گرفته خێزانیه‌كان به"نیقاش"ی وت "له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا باری كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی تێكچووه، له‌ماوه‌ی سێ ساڵی رابردووش‌دا به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه وامان لێهاتووه قورسایی نه‌خه‌ینه سه‌ریه‌كتری، بۆیه ئامرازه‌كانی په‌یوه‌ندیكردن بووه به‌ناوه‌ندێك بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی یه‌كتری، ئه‌مه‌ش بوه‌ته‌هۆی دوركه‌وتنه‌وه‌ی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵكه له‌یه‌كتری".
رێزان وتیشی "ئه‌مساڵیش نه‌مان توانیوه سود له‌بۆنه‌كان وه‌ربگرین بۆ به‌هێزكردنی په‌یوه‌نده‌كانمان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌رووی جلوبه‌رگ‌و خواردنه‌وه خۆمانی بۆ ئاماده ده‌كه‌ین، به‌ڵام بۆ گه‌یاندنی په‌یامی خۆشی‌و به‌سه‌ركردنه‌وه سودی لێنابینین، ئامرازه‌كانی په‌یوه‌ندیكردن سیله‌ی ڕه‌حمی به‌ره‌و كه‌مبونه‌وه بردووه".
رێزان ده‌شڵێت "له‌رووی ده‌رونییه‌وه ناردنی نامه‌یه‌ك یان بڵاو كردنه‌وه‌ی په‌یامێكی پیرۆزبایی، ده‌روون ئاسوده ناكات راسته نامه‌كه‌ت ده‌گاته شوێنی خۆی، به‌ڵام هه‌ستی له‌گه‌ڵدا نییه".
س.هـ