هەڵواسینی وێنەی تاڵەبانی‌و بارزانی بۆ ریفراندۆم كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە

کوردستان

09/09/2017‌ 2041 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەڵواسینی وێنەی جەلال لەتاڵەیانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی‌و مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات، بۆ بانگەشەی ریفراندۆم كاردانەوەی جۆراوجۆری لێكەوتووەتەوە.


كاردانەوەكان زیاتر لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەو رەخنەش لەوە دەگرن، كە نابێت وێنەی جەلال تاڵەبانی‌و مەسعود بارزانی بۆ پرسێكی نەتەوەیی وەك پرسی ریفراندۆم هەڵبواسترێت‌و پرسەكە بكرێتە پرسێكی حیزبی.

لەو بارەوە خەدیجە ئەبوبەكر ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەنووسینێك بڵاویكردووەتەوە، "لەگەڵ حورمەتم بۆ هەموو رەمزێكی نەتەوەییمان, مەعقولیەتی ئەم ریكلامە لەكوێدایە بۆ پرسێكی گرنگی وەك سەربەخۆیی نەتەوەیەك؟".

خەدیجە ئەبوبەكر هەروەها نووسیوییەتی: "مەگەر باشووری كوردستان تەنیا موڵكی یەكێتی‌و پارتی-یە؟ پرسی سەربەخۆیی لەسەركردەكانی وەك شێخ سەعیدی پیران‌و پیشەوا قازی محەمەدو ..هتد دەستیپێكردووە, پرسی تاك بەتاكی ئەم میللەتەیە ئەمەش مەكەن بەپرسی حیزبی‌و شەخسی".

پۆستەرەكانی بانگەشەی ریفراندۆم لەوێنەی جەلال تاڵەبانی سكرتێری یەكێتی‌و مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات‌و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق‌و نوری مالیكی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق پێكهاتبوون‌و ئێستا سەرجەمیان لابراون.

وێنەكانی جەلال تاڵەبانی لەشەقامی نێوان سلێمانی تاسلوجە رۆژی هەینی هەوڵواسران‌و شەوی هەمان رۆژ لێكرانەوە، ئەوەش بەهۆی كاردانەوە ناوخۆییەكانی یەكێتی نیشتمانی.

بەپێی لێدوانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەرپرسی رێكخستنەكانی یەكێتی لەدەرەوە، بەفەرمانی خۆی‌و لاهور شێخ جەنگی ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی حیزبەكە وێنەكان لێكراونەتەوە.

شاناز ئـیبراھیم ئـەحمەد لەبارەی لابردنی پۆستەرەكانی پەیامێكی بڵاوكردووەتەوەو تێدا دەڵێت: "بۆ ئاگاداری هەموو ئێوەی ئازیزو خۆشەویست هەر ئێستا دوواین پۆستەر لابرا".

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد هەروەها دەڵێت: "مامە گیان.. یەكێتییە راستەقینەكان هەرگیز رێگە نادەن بێرێزی بەرانبەر بەناوە جوانەكەت‌و حیزبی شەهیدان بكرێت..".

هـ ـ ح