لیژنەی ئەمنی هەولێر: دروستکردنی ژاوە ژاو بۆ بانگەشەی ریفراندۆم قەدەغەیە

کوردستان

10/09/2017‌ 550 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لێژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر ئاگادارکردنەوەیەکی لەبارەی ئەنجامدانی بانگەشە بۆ ریفراندۆمی هەرێم بڵاوکردەوە و رایگەیاند "رێگا نادرێت بە هیچ شێوەیەک شەقام و پردەکان بگیرێت، جام و تابلۆی ئۆتۆمبێل دابپۆشرێت و ژاوەژاو بکرێت بەجۆرێک کە ببێتە بێزارکردنی خەڵک و شێواندنی رەوشی ئارامیی شار". 

ئاگادارکردنەوەکە واژۆی نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێری بەسەرەویەو رایگەیاندووە هەرکەسێک پابەندی رێنماییەکانیان نەبێت ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە، جگەلەوە ئاماژە بەوەکراوە "نابێت پۆستەر و لەزگە لە شوێنی رێگەپێنەدراو هەڵبواسرێت و هەر سەرپێچییەکیش دووچاری لێپرسینەوە دەبێتەوە".

ئەمە لە کاتێکدایە لە ڕۆژی سێشەممە ٥ی ئەیلولەوە بانگەشەکانی ریفراندۆمی هەرێم دەستیان پێکردووە  بۆ ماوەی ١٨ رۆژ لە وادەی دەستپێکردنیەوە بەردەوام دەبن، پارێزگای هەولێر یەکەم پارێزگایە رێنمایی تایبەت لەبارەی بانگەشەی ریفراندۆمەوە بڵاوکردبێتەوە.

هەر لەبارەی بانگەشەی ریفراندۆم. ڕۆژی هەینی ٨ی ئەم مانگە ژمارەیەک پۆستەری پەیوەندیدار بە بانگەشەی ریفراندۆم لە شەقامەکانی شاری سلێمانی هەڵواسران بەڵام دواتر لێکرانەوە.

بانگەشەکان بۆ ریفراندۆم زیاتر لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەدەچن بە پێچەوانەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی، هاوکات هەر دوێنێ شەممە ٩ی ئەیلول کۆبوونەوەیەکی بەرەی نەخێر بۆ ریفراندۆم لە شاری سلێمانی بەرێوەچوو.

بڕیارە رۆژی 25ی ئەم مانگە لە هەرێمی کوردستانی راپرسیەک بە مەبەستی دیاریکردنی چارەنووسی هەرێم بۆ مانەوە یان جیابوونەوەی لە عێراق بەڕێوە بجێت.

ر.ا