وەزارەتی دەرەوەی توركیا: بەدڵنیاییەوە ئەنجامدانی ریفراندۆم كاردانەوەی دەبێت

کوردستان

14/09/2017‌ 584 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وه‌زاره‌تی  دەرەوەی توركیا جارێكی تر هەڵوێستی وڵاتەكەی لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێم دەربری و رایگەیاند بەدڵنیاییەوە ئەنجامدانی كاردانەوەی دەبێت.

لە بەیاننامەیەكدا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگەیاند لەگەڵ ئەو هەوڵانەیە كە دۆستەكانیان بۆ ئەنجام نەدانی ریفراندۆم لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم داویانە بەڵام تا ئێستا پێداگری لەسەر ئەنجامدانی دەكرێت.

وەزارەتی دەرەوەی توركیا ئاماژەی بەوە كردووە پێچەوانەی سەرجەم هەوڵەكان" هه‌رێمی كوردستانی عێراق پێداگری له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی ده‌كات" و دەڵێت پشتگوێ‌ خستنی هەوڵەكان و ئەنجامدانی ریفراندۆم كاریگەری خراپی دەبێت لە سەر بارودۆخی ناوچەكە.


له‌ ده‌قی راگەیەندراوەكەدا هاتووه‌، "بڕیاره‌كه‌ی 12ی ئه‌یلوولی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق گوزارشتێكی روونه‌ له‌ گرنگیی یه‌كێتیی سیاسی و یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق و به‌توندی پشتگیریی ده‌كه‌ین". 


لەبارەی كاردانەوەكانی دوای ریفراندۆم لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە "به‌دڵنیاییه‌وه‌ پێویسته‌ ئه‌وه‌ له‌به‌رچاوبگرێت كه‌ کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە".

ئەمە لە كاتێكدایە لە دوو رۆژی رابردوودا وەفدێكی حكومەتی ئێران بە سەرۆكایەتی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی و پارتی كۆبوونەتەوە و داوای ئەنجام نەدانی پرۆسەكەیان كردووە.

هاوكات برێت مەكگۆرك نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانیەتی داعش لە هەرێمی كوردستانە و زنجیرەیەك كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی و گۆڕان ئەنجامداوە.

لە دوایین هەڵوێستی مەسعود بارزانی لەبارەی ئەنجامدانی ریفراندۆم دوێنێ‌ چوارشەممە 13ی ئەیلول لە مەراسیمێكدا لە شاری ئاكرێ‌ رایگەیاند گەڕانەوە نیەو ریفراندۆم ئەنجام دەدرێت.

بریارە رۆژی 25ی ئەیلول ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان بە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمەوە ئەنجام بدرێت ئەوەش كاردانەوەی زۆری وڵاتانی دراوسێ‌ و ئەمریكا و ئەوروپای بەدوای خۆیدا هێناوە.
ر.ا