شارپرێس:
مەولود چاوشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا وەڵامی داواكارییەكەی مەسعود بارزانی دەداتەوە، كە رایگەیاندبوو ئەگەر بەدیلێكی باشتر لەراپرسی پێشكەش بكرێت ئەوا دەتوانن ھەڵسەنگاندنی بۆ بكەن.
مەولود چاوشئۆغڵۆ ئەمڕۆ هەینی لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رایگەیاند "پێویستە هەرێم واز لەبڕیاری راپرسی بھێنێت، ئێمە بەمەبەستی جێبەجێكردنی مافەكانی دەستوور دەتوانین نێوەندگیری بكەین"، ئەوەش وەك وەڵامدانەوەكەی بارزانی، كە داوای بەدیلی كردبوو.
وەزیری دەرەوەی توركیا راشیگەیاند لەگەڵ ئەو وڵاتانەی ئەوان ئارەزووی دەكەن، بەتایبەتی فەڕەنسا، یان لەگەڵ ھەر وڵاتێكی دیكە ئیدارەكەی بارزانی ئارەزووی دەكات، نێوەندگیری دەكەو چاودێریش دەبن لەمەڕ پێدانی مافەكانی دەستوور بەكورد.
چاوشئۆغڵۆ ئەوەشی راگەیاند "ئەو پێشنیارەشمان داوە، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەوە نیین كە بڵێن ئەمساڵ راپرسی دوادەخەینو ساڵێكی دیكە ئەنجامی دەدەین، ئێمە دژی ئەوەین".
ئەو قسانە لەكاتێكدایە، كە بڕیارە رۆژی 25/9/2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامبدرێت، كە بارزانی پێشتر بۆ دواخستنی داوای لەو وڵاتانە كردبوو، بەدیلی باشتر لەریفراندۆم بدەن.
وەزیری دەرەوەی توركیا ئەوەشی راگەیاند، كە "ئێمە وتمان لەچوارچێوەی یەكپارچەیی خاكی عێراق، ئەركی سەر شانمان جێبەجێدەكەین لەمەڕ پێدانی مافە دەستوورییەكان بەئیدارەی ھەرێمو ئێستاش هەمان شت دەڵێمەوە".
هـ ـ ح