ئەردۆغان پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێم لەگەڵ ترامپ تاوتوێدەكات

کوردستان

17/09/2017‌ 1078 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا تاوتوێدەكات.

رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ یەك شەممە لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانی رایگەیاند، لەسەردانەكەی بۆ ئەمریكا لەگەڵ سەرۆكی ئەو وڵاتە كۆدەبێتەوەو پرسی ریفراندۆمی هەرێمی لەگەڵ تاوتوێدەكات.

قسەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان پێش دەستپێكردنی سەردانەكەی ئەمڕۆ یەك شەممە بۆ نیۆریۆكی ئەمریكا هات، كە بڕیارە بۆ بەشداری لەكۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوەكگرتووەكان سەردانی ئەو وڵاتە بكات.

سەرۆك كۆماری توركیا راشیگەیاند، جگە لەتاوتوێكردنی ریفراندۆم، لەگەڵ دۆناڵد ترامپ تاوتوێی چەند پرسێكی تر دەكات، بەبێ‌ ئەوەی روونكردنەوەی زیاتر لەو بارەوە بدات.

قسەكانی سەرۆك كۆماری توركیا لەكاتێكدایە، رۆژی 25/9/2017 ریفراندۆمی هەرێم بەرێوەدەچێت، كە توركیاو ئەمریكاش بەفەرمی دژایەتی خۆیان بۆ پرسەكە راگەیاندووە.

سەرۆك كۆماری توركیا هەروەها جەختی لەوەش كردەوە، كە رۆژی 22 ئەم مانگە ئەنجوومەنی ئاسایشی توركیا لەسەر ریفراندۆمی هەرێم كۆدەبێتەوەو بڕیارە لەو بارەوە دەدات، ئەوە سەرەڕای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لەهەمان رۆژدا، كە لەو كۆبوونەوەیەش باسی ئەو پرسە دەكرێت.

هـ ـ ح