كاردانەوەكانی توركیا لەسەر ریفراندۆم بەمانۆڕێكی سەربازی دەستپێدەكات

کوردستان

18/09/2017‌ 1020 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆكایەتی ئەركانی سوپای توركیا بڵاویكردەوە، لەسەر سنوورەكانی عێراق‌و لەدەروازەی سنووری خاپوور لەنزیك ناوچەكانی هەرێمی كوردستان مانۆڕێكی سەربازی فراوان ئەنجامدەدەن.

ئاژانسی رۆیتەرز ئەمڕۆ دوو شەممە بڵاویكردەوە، مانۆڕە سەربازییەكەی سوپای توركیا لەنزیك سنوورەكانی هەرێمی كوردسانە، ئەوەش لەدوو هەفتە پێش بەرێوەبچووی پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی.

ئاژانسەكە بڵاویشیكردەوە، مانۆڕە سەربازییەكە لەكاتێكیشدایە، پێشتر بەرپرسانی توركیا بە بەرپرسانی هەرێمی كوردستانیان راگەیاندووە، كە لەبڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم پاشەكشە بكەن.

لەو بارەوە لێدوانێكی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیای بەنموونە هێناوەتەوە، كە رایگەیاندبوو، دەبێت پرۆسەی ریفراندۆمی هەرێم بەرێوەنەچێت، كە ئەمە "بڕیارێكی هەڵەیە".

هەروەها باسی لەقسەكانی بینالی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیاشی كردووە، كە رایگەیاندبوو "ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی توركیا".

ریفراندۆمی هەرێم بەپێی بڕیاری حیزبەكان لە 25 ئەم مانگە بەرێوەبچێت، كە بڕیارە پێش ئەو وادەیەش ئەنجوومەنی ئاسایشی توركیا كۆببێتەوەو لەو بارەوە بڕیار بدات.

هـ ـ ح