كاردانەوەكانی سەر پرۆسەی ریفراندۆمی هەرێم
هەڕەشەی ئێران‌و توركیاو عێراق.. نێوەنگیری بەریتانیا.. پەیوەندی تەلەفۆنی سەركردەكانی جیهان

کوردستان

25/09/2017‌ 5765 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەسپێكردنی پرۆسەی ریفراندۆم..
پرۆسەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دوو شەممە لەسەعات هەشتی بەیانییەوە دەستیپێكردووەو تا سەعات حەوتی ئێوارە بەردەوامی دەبێت، پارێزگاكانی هەرێم‌و ناوچە دابڕێنراوەكانیش دەگرێتەوە.

لەپرۆسەكەدا 5375 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە، كە تێدا پرسیاری ئەوەیان لێدەكرێت، ئایا دەتەوێت هەرێمی كوردستان‌و ناوچە كوردییەكانی دەرەوەی هەرێم ببێتە وڵاتێكی سەربەخۆ؟

بڕیاری ریفراندۆم لەلایەن مەسعود بارزانی‌و بەشێك لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێم لەحەوتی حوزەیرانی رابردوو درا، كە ئەمە كاردانەوەی جۆراوجۆری ناوخۆیی‌و دەرەوەی بەدواوە هات‌و كاردانەكانیش بەردەوامە.

بەهۆی زۆری كاردانەوەكان، ئێستا مەترسی لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە، بەهۆی ئەوەی عێراق‌و توركیاو ئێران، كە هاوسێی هەرێمن، بەپرۆسەكە ناڕازین‌و رەتیانكردووەتەوەو چەندین جاریش هۆشدارییان لەبارەی بەرێوەچوونی داوە.

سەرەڕای مەترسی‌و كاردانەوەكان لەئێستادا 12072 ناوەندی دەنگدان كراوەتەوەو خەڵكی هەرێم دەنگ دەدەن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كوردانی دەرەوەی هەرێمیش لەرێگەی سیستەمێكی ئەلیكترۆنییەوە دەنگ دەدەن بۆ سەربەخۆیی.

كاردانەوەكانی عێراق..
پەرلەمانی عێراق لەدژی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێك دەردەكات، ئەوەش بەهۆی ریفراندۆمی سەربەخۆیی‌و كاردانەوەكانی ئەو پرسە.

پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دوو شەممە كۆبووەو چەند بڕیارێك لەدژی هەرێمی كوردستان دەركرد، كە بەشێك لەبڕیارەكان لەلیژنەی یاسایی پەسەندكراون‌و بڕیارە دەنگی كۆتایی لەسەر بدرێت.

بەپێی زانیارییەكان بڕیارەكان بریتین لەراسپاردنی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەك فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان لەنجامدانی رێوشوێنی سەربازی بەتایبەت لەكەركوك.

هەروەها پێویستە لەسەر حكومەتی هەرێم كێڵگە نەوتییەكانی كۆمپانیای نەوتی باكوور لەكەركوك بگێڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی‌و پێداچوونەوە بەموچەەو ئیمتیازاتی  هەموو ئەو كەسانە بكات پشتگیری ریفراندۆمیان كردووە.

هەروەها سەرۆك وەزیران رادەستپێرێت وەك دەسەڵاتی جێبەجێكردن رێكاری یاسایی دژی هەرێم‌و ریفراندۆمی سەربەخۆیی بگرێتە بەر، لەگەڵ گێڕانەوەی ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان.

هەروەها پەرلەمانی عێراق سنوور بەڕووی هەرێمیش دادەخات‌و بڕیاری تریش لەداهاتوو دەگرێتە بەر، بەتایبەتی بەرانبەر بەرپرسانی كورد لەبەغدا.

كاردانەكانی توركیا..
توركیاش كاردانەوەی توندی هەبوو لەسەر ریفراندۆمی هەرێم‌وئ لەو بارەوە سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە بینالی یڵدرم رایگەیاند، كێشەكە گەیشتۆتە لووتكە، ئەوەش بووەتە هۆی گەیشتووین بەخاڵێك گەڕانەوەی نییەو ئەم پێشهاتە ناخۆش‌و هەراسانكەرانەش دەبێتە دەستپێكی قۆناغێكی تر لەناوچەكە.

بینالی یەڵدرم راشیگەیاند "بەكەلـلەڕەقی ئەنجامدانی راپرسی لەناوچەكانی وەك موسڵ‌و كەركوك، كە دەستوور لەدەرەوەی سنوور (هەرێمی كوردستان) دانی پێداناون، بەواتای زەمینەسازی دێت بۆ پێكدادانی گەرم".

سەرۆك وەزیرانی توركیا هەروەها رایگەیاند، كە لەم روانگەیەوە لەمەودوا "ئێمە لەهەنگاوەكانی دیكە راستەوخۆ زیاتر لەگەڵ حكومەتی ناوەندی عێراق دانوستان دەكەین‌و بەم پێیە بڕیارەكانمان دەدەین".

بینالی یەڵدرم لەبارەی سزاكانی سەر هەرێمی كوردستانیشەوە ئەوەی راگەیاند، "وەزارەت پەیوەندیدارەكان كار لەسەر وردەكارییەكانی ئەمە دەكەن‌و لەماوەیەكی كەمدا ئەم هەنگاوانە دەنێین، لەبارەی بەڕێوەبردی دەروازە سنوورییەكانەوە".

لەبارەی بەردەوامی پەیوەندیی بازرگانی لەدەروازە سنوورییەكانەوە لەگەڵ عێراق، بینالی یڵدرم رایگەیاند ''با بڵێین لەدەروازە سنوورییەكانەوە، كەلوپەل بۆ بەغدا دەنێرین، ئەگەر بێت‌و لەبەرانبەر ئەمەدا رێگرییەك، یان كێشەیەك بێتە پێشەوە، ئەوا ئێمە ناچارین رێكاری ئەمنی پێویست بگرینەبەر، ئەمەش بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی ناوەندی عێراق ئەنجامدەدەین".

هەروەها سەرۆكوەزیرانی توركیا رایگەیاند، ئەگەر عێراق داوای پشتگیرییان لێبكات ئامادەن‌و "لەبەرانبەر ئەگەری ئەنجامدانی ریفراندۆم لەو ناوچانەی هاوشێوەی كەركوك، كە ناكەونە ژێردەسەڵاتی حكومەتی هەرێمەوەو درووستكردنی ئەمری واقع لەو ناوچانە، سەرگەرمی كارەكانمانین بۆ ئەنجامدانی هەماهەنگی‌و هاریكاری لەگەڵ حكومەتی ناوەندی عێراق".

كاردانەكانی ئێران..
ئێران بەفەرمی داخستنی سنوورەكانی بەڕووی هەرێمی كوردستان راگەیاند، ئەوەش بەهۆی پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی‌و كاردانەوەی ئەو پرسە.

بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەكەی هەموو سنوورەكانی بەڕووی هەرێمی كوردستان داخستووە.

بەهرام قاسمی ئەمڕۆ دوو شەممە لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانی راشیگەیاند، كە لەسەر داوای لایەنی عێراقی سنوورەكانیان بەڕووی هەرێم داخستووە، ئەوەش بەهۆی ریفراندۆمی سەربەخۆیی.

بەهرام قاسمی جەختی لە "ناشەرعی‌و نادەستووری" بوونی ریفراندۆمی هەرێم كردەوەو ئەوەشی راگەیاند، كە ئەوان پارێزگاری لەیەكپارچەیی خاكی عێراق دەكەن.

كاردانەوەی جیهانی..
بۆریس جۆنسن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، یەكەم كاردانەوەی وڵاتەكەی لەسەر پرسەكە دەربڕی‌و ڕایگەیاند "هیاوادارم هەموو لایەنەكانی عێراق ئارام ببنەوە و بە گفوتگۆ كێشەكان چارەسەر بكەن".

بۆریس جۆنسۆن وەزیری دەرەوەی بەریتانیا راشیگەیاند "من هانی هەموو لایەنەكان دەدەم هێمن بن و بەیەكەوە كاربكەن بۆ لەناوبردنی داعش بكەن".

بۆرس جۆنسۆن ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هاوكاریكردن بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لە بارەی داهاتووی عێراق لە نێوان هەولێر و بەغدا لەو بارەوە رایگەیاند "داهاتووی عێراق بریتییە لە دیالۆگ و شانشینی یەكگرتووی بەریتانیاش ئامادەیە بۆ هاوكاریی كردن لە ئەنجامدانی ئەو پرسەیە لە نێوان بەغداد و هەولێر".

پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان..
هەر لەكاردانەوەی ریفراندۆمی هەرێم، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیاو ڤلادیمێر پوتینی سەرۆكی روسیا، پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامدا، ئەوەش لەسەر پرسی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان.

بەپێی میدیاكانی توركیا، لەپەیوەندییەكەدا، ھەردوو سەركردە تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان‌و پرسەكانی ناوچەكەیان كردو ئاڵۆگۆڕی بیروڕاشیان لەسەر قۆناغی ئاستانا كرد.

هەر بەپێی میدیاكان، ئەردۆغان‌و پوتین ئاماژەیان بەراپرسی هەرێمی كوردستان كردووەو جەختیان لەسەر یەكپارچەیی خاكی عێراق‌و سوریا كردووەتەوە.

ھاوكات ھەردوو سەركردە كۆكبوون لەسەر ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەك لەرۆژی پێنجشەممە ٢٨ی ئەیلوول لە ئەنقەرە بۆ تاوتوێكردنی دوا پیشھاتەكانی ناوچەكە.

هەروەها سەرۆك كۆماری ئێران‌و سەرۆك وەزیرانی عێراق تاوتوێی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانیان لەپەیوەندییەكی تەلەفۆنی كرد.

بەپێی میدیاكانی ئێران ئەمرۆ دوو شەممە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق‌و حەسەن روحانی سەرۆك كۆماری ئێران پەیوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجامداوە.

لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆك كۆماری ئێران دژایەتی وڵاتەكەی بۆ ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان راگەیاندوەو ئاماژەی بەوە كردوە ئێران دژی پارچە پارچەكردنی خاكی عێراق دەوەستنەوە.

هەروەها روحانی ئامادەیی هەر هاوكارییەكی دەربڕیوە بۆ حكومەتی عێراق‌و جەختیكردوەتەوە ئەوان دان بەو ریفراندۆمەدا نانێت كە لە هەرێم دەكرێت.

سەرۆك كۆماری ئێران ئامادەیی هەر جوڵیەكی سەربازی دەربڕیوە بۆ عەبادی لەدژی پارچەكردنی خاكی عێراق، لەبەرانبەردا عەبادی ستایشی سەرۆك كۆماری ئێران كردوەو داوای كردوە سنورەكانی بە رووی هەرێمدا دابخات‌و هیچ پەیوەندییەكی سیاسی‌و بازرگانی لەگەڵ هەرێم گرێ نەدات.

هـ ـ ح