بێكاری‌و وێرانكاری‌و فەوزای ئەمنی
شارە ئازادكراوەكان لەسیاسەتی حكومەتی فیدراڵی توڕەن

عیراق

29/09/2017‌ 766 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
چەند مانگێك بەسەر ئازادكردنی ئەو شارانە تێپەڕیوە كە داعش داگیریكردبوون، ئەمڕۆش دانیشتووانی ئەو شارانە بەدەست قەیرانی ئەمنی‌و ئابوورییەوە دەناڵێنن‌و حكومەتی فیدراڵی بەپشتگوێخستنیان تۆمەتباردەكەن.

قاسم بەدران، كە فەرمانبەرە لەوەزارەتی كارەبا‌و لەبەری چەپی شاری موسڵ نیشتەجێیە، ناچاربووە باخچەی ماڵەكەی بكاتە دوكانێكی بچووك بۆ بەدەستهێنانی بژێوی خۆی، ئەویش بەهۆی ئەوەی حكومەت لەدوای  كۆنترۆڵكردنی شارەكە لەلایەن داعش لەهاوینی ساڵی 2014دا، مووچەكەی بڕی.

پاش ئەوەی سێ مانگ لەمەوبەریش توندڕەوان لەشارەكە دەركران، تائێستا حكومەت مووچەكەیان نادات، هەرچەندە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە مووچەی فەرمانبەرانی نیشتەجێی ئەو شارە داگیركراوەی دەستی داعش دابین بكات بەو مەرجەی هەموو مووچەكانیان بەیەكجار پێبدرێت لەدوای دەركردنی توندڕەوان، بەڵام ئەوە رووی نەدا.

بەدران بە"نیقاش"ی وت: "زۆر دڵمان بەدەركردنی داعش لەشارەكەمان خۆش بوو، بەڵام ئێستا فەوزا شارەكەی گرتووەتەوە، هەلی كار زۆر كەمە، چەند هێزێكی ئەمنی شەقامیان كۆنترۆڵكردووە، لەدوو مانگی رابردوودا پێنج هێزی جیاجیای چەكدار بەجلوبەرگی سەربازییەوە لە دەرگایان داوم كە نازانم سەر بەكێن، داوای بەڵگەنامەكانی خێزانەكەمیان كردووە، لەشەقامەكەی تەنیشتمان كەسێك كوژرا بەبێ ئەوەی هۆكارەكەی بزانرێت".

مانگی رابردوو هاوپەیمانی هێزە سیاسییەكانی سوننە رەخنەی توندی لەحەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران گرت‌و بەپشتگوێخستنی شارە سوننەنشینە ئازاكراوەكان لەدەستی توندڕەوان تۆمەتباریان كرد، لەوبارەیەشەوە هاوپەیمانییەكە لەراگەیەندراوێكی رەسمیدا وتی: "رێوشوێنەكانی حكومەت بەرامبەر بەو پارێزگایانە ستەمكارانەن، چونكە بەدرێژایی چەندین ساڵی رابردوو لەمافەكانیان بێبەش كراون".

لەوبارەیەوە پەرلەمانتار نورە بجاری نوێنەری پارێزگای نەینەوا لەپەرلەمانی عێراق بە"نیقاش"ی وت: "كاتێك داعش موسڵی كۆنترۆڵ كرد، حكومەت هەموو دەرماڵە داراییەكانی بڕی لەمووچەی فەرمانبەران‌و پلە وەزیفیەكان‌و بودجەی وەبەرهێنان، رێككەوتنەكە وابوو كە ئەو پارانە دابین بكرێن‌و لەكاتی ئازادكردنی شارەكەدا بدرێنە خاوەنەكانیان، بەڵام ئەوە نەكرا".

بەپێی یاسای بودجەی عێراق دابەشكردنی پارە‌و قەرزی خانووبەرە‌و ژمارەی پلەی وەزیفی، بەگوێرەی رێژەی دانیشتووانی هەر پارێزگایەك دەبێت، لەماوەی سێ ساڵی رابردووشدا نەینەوا‌و ئەنبار‌و سەڵاحەدین لە 20 هەزار پلەی وەزیفی بێبەش كراون‌و بەخشراوەتە پارێزگا سەقامگیرەكانی دیكە، پاش ئەوەش كە حكومەت ئەو شارانەی لەدەستی توندڕەوان كۆنترۆڵ كردەوە، دانیشتووانی ئەو پارێزگایانەی قەرەبوو نەكردەوە سەرەڕای كێشەكانی بێكاری‌و هەژاری‌و وێرانكاری كە بەدەستیانەوە دەناڵێنن.

بجاری هەروەها دەڵێت: "بێكاری لەموسڵ زیادیكردوە‌و بەهەزارن كەسیش ماڵەكانیان خاپوربووە‌و پارەیان نییە بۆ بنیاتنانەوە، كاری بەردەست ئەوەیە بچنە ریزی ئەو حزب‌و هێزە چەكداریە نامۆیانەی لەشارەكەدا بڵاوبوونەتەوە، زۆرێك لەدانیشتووانیش ناچار بوون بچنە ریزیانەوە، ئەگەرچی كارەكەش كاتییە".

بەوتەی بجاری لەم رۆژانەدا بەدەیان هێزی چەكدار بەجلوبەرگی جیاجیاوە لەناو موسڵدا بڵاوبوونەتەوە‌و هەژموونی خۆیان بەسەر ناوچەكانیدا دابەشكردووە، وردە وردەش خەریكە خۆشحاڵی سەركەوتن بەسەر توندڕەواندا لەروخساری دانیشتوواندا دیار نامێنێت‌و دیسانەوە خەریكە هەست بەترس لەفەوزا‌و تۆڵەسەندنەوە‌و دەستگیركردنی هەڕەمەكی دەكەن.

بارودۆخیش لەپارێزگای ئەنبار كە گەورەترین پارێزگای عێراقە لەرووی رووبەرەوە، زۆر جیاواز نییە، چونكە دانیشتووان نیگەرانن لەرەوشی ئابووری، لەكاتێكدا چەند هێزێكی عەشایری چەكدار هەژموونیان بەسەر ناوچەكاندا دابەشكردووە‌و زۆرینەی چەكدارەكانیشیان مووچەیان نییە‌و تەنانەت هەندێكیان روویان كردووەتە دزیكردن بۆ دابینكردنی بژێوییان.

لەمانگی نیسانی ساڵی رابردووشدا سەعدون فەهداوی لەگەڵ ئەحمەدی برای بەشداریان كرد لەشەڕەكانی كۆنترۆڵكردنەوەی شارەكەیان (هیت) لەدەستی داعش، ئەحمەد كوژار‌و سەعدونیش برینداربوو لەچوارچێوەی هێزێكی عەشایری خۆبەخشدا كە بێ بەرامبەر یارمەتی سوپای دەدا بەو ئومێدەی بخرێنە نێو ریزی هێزە خۆجێییەكانەوە وەك بەرپرسانی ناوچەكە بەڵێنیان پێداون، بەڵام ئەوەش نەهاتەدی.

سەعدون، كە برینەكەی سەختەو بواری كاركردنی نادات، ئێستا لەگەڵ دایكی‌و سێ خوشكیدا لەماڵی خانەوادەكەیدا نیشتەجێیە، ئەو بە "نیقاش"ی وت: "زیاتر لەساڵێكە سەردانی فەرمانگە حكومییەكان دەكەم بۆ بەدەستهێنانی مافی خۆم‌و برا شەهیدەكەم، ئێمە چەكمان هەڵگرت تا شەڕ لەدژی توندڕەوان بكەین، بەڵێنیشیان پێداین كە ببینە ئەندامی پۆلیسی خۆجێیی ناوچەكە، بەڵام ئەوە رووی نەدا".

سێ ساڵ لەمەوبەر كاتێك داعش هێرشی كردە سەر ئەنبار‌و شارۆچكەكانی رومادی‌و فەلوجە‌و عانە‌و راوە‌و هیت‌و كوبەیسە‌و روتبەی داگیركرد دەزگای پۆلیسی خۆجێیی لەناوچەكە هەرەسیهێنا، بەشێك لەئەندامانی پۆلیس ئاوارەبوونیان بۆ دەرەوەی ئەنبار هەڵبژارد لەترسی كوشتنیان بەدەستی توندڕەوان بەوپێیەی (مورتەد‌و ناپاكن)، بەشەكەی تریش ناچاربوون لەژێر سایەی حوكمی توندڕەواندا بمێننەوە، بەڵام بەهەرحاڵ حكومەت چیتر متمانەی بەو دەزگایە نەماوە لەترسی دزەكردنەناوی لەلایەن توندڕەوانەوە.

ئەمڕۆش ئەنبار بەدەست كەمی ژمارەی هێزەكانی پۆلیسی خۆجێییەوە دەناڵێنێت بۆ بەرقەراركردنی ئارامی، چەند یەكەیەكی عەشایری نانیزامی چەكدار بەناوی حەشدی عەشایری قەرەبووی ئەو كەموكوڕییەیان كردووەتەوە بەو ئومێدەی بكرێنە هێزی نیزامی‌و پلە‌و چەكیان پێبدرێت هاوشێوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی كە پێكهاتووە لەو گرووپە شیعانەی دەستەیەكی رەسمیان هەیە‌و لەلایەن حكومەتەوە دانپێدانراوە.

راجع عیساوی سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لەئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار بە "نیقاش"ی وت: "پێویستە حكومەتی فیدراڵی مامەڵەیەكی تایبەت لەگەڵ شارە وێرانكراوەكان بكات لەڕێی تەرخانكردنی پارە بۆ سەرلەنوێ ئاوەدانكردنەوەیان‌و رەخساندنی هەلی كار بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو بێكارییە زۆرە، بەڵام ئەوە رووی نەدا سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند مانگێك بەسەر دەركردنی توندڕەواندا".

بەپێی قسەی عیساوی لەساڵی 2010دا ژمارەی پۆلیسی خۆجێیی لەئەنبار نزیكەی 28 هەزار كەس بووە، بەڵام ئەمڕۆ تەنیا نیوەی ئەو ژمارەیە هەیە‌و حكومەت‌و وەزارەتی ناوخۆ رازی نین ئەو كەموكوڕییە قەرەبوو بكەنەوە لەڕێی بەكارخستنی چەكدارانی عەشایر، هەروەك رازی نین زیاتر لەچوار هەزار ئەندامی پۆلیس بگەڕێننەوە كە حكومەت لەكارەكانیان دەریكردوون لەبەر ئەوەی متمانەیان پێ ناكات.

عیساوی هەروەها دەڵێت: "حكومەت بەدوو فاقی مامەڵە دەكات، چونكە دابینكردنی دەرماڵەی دارایی بۆ شارە وێرانكراوەكان فەرامۆش دەكات، هەروەك رازیش نییە چەكدارانی حەشدی عەشایری بەكاربخات كە چەند ساڵێكە بەبێ مووچە لەدژی توندڕەوەكان شەڕ دەكەن، لەكاتێكدا حەشدی شەعبی ئیمتیازی هەیە لەمووچەی مانگانە‌و چەكی باش".

لەسەڵاحەدینیش گرووپە شیعەكان دۆسێی ئەمنی شارەكەیان كۆنترۆڵ كردووە‌و دەیان بارەگای هەمیشەیی ئەو گرووپانە لە شارەكانی تكریت‌و سامەڕا‌و بێجی بڵاوبوونەتەوە‌و هەوڵی راكێشانی هۆزە سوننەكان‌و دانیشتووانی ناوچەكە بۆ ریزەكانیان دەدەن تا رەوایی بە بوونی خۆیان بدەن.

هەروەها شارەكە رووبەڕووی قەیرانێكی سیاسیش بووەتەوە، چونكە ململانێ لەسەر پۆستی پارێزگار گەرمە، هەفتەی رابردووش ئەحمەد جبوری پارێزگار ئازادكرا كە بەتۆمەتی گەندەڵی كارگێڕی‌و دارایی دەستگیركرابوو، عەممار بەلداویش بەشێوەیەكی كاتی كاروباری شارەكە بەڕێوەبەر دەبات، پێشدەچێت ململانێكە لەچەند رۆژی داهاتوودا بەرەو هەڵكشان بچێت.

عەبدولحەمید جبوری كە یەكێكە لەشێخەكانی شاری تكریتی ناوەندی پارێزگای سەڵاحەدین، بە "نیقاش"ی وت: "شارەكە لە فەزایەكی كارگێڕی‌و ئەمنیدایە‌و ململانێیەكی سیاسی لەنێوان دوو گرووپدا هەیە، یەكەمیان پەرلەمانتار مشعان جبوری نزیك لەحەشدی شەعبی نوێنەرایەتی دەكات‌و دووەمیشیان ئەحمەد جبوری نوێنەرایەتی دەكات كە بوونی حەشدی شەعبی لە شارەكەدا رەتدەكاتەوە".

سەڵاحەدین چەند شارۆچكەیەكی تێكەڵ لەڕووی مەزهەبیەوە لەخۆدەگرێت، چونكە سامەڕا‌و دوجەیل‌و بەلەد شیعەنشینن، لەكاتێكدا تكریتی ناوەندی پارێزگاكە‌و عەلەم‌و زڵوعییە‌و بێجی‌و دۆر‌و سینییە شارۆچكەی سوننەنشینن، سەرەڕای هەوڵەكانی بەرپرسانی خۆجێییش بۆ یەكخستنی ئەو چوار هێزە ئەمنییەی شارەكەیان كۆنترۆڵ كردووە كە ئەوانیش گرووپە شیعەكان‌و سوپا‌و پۆلیسی خۆجێیی‌و هێزە عەشایرەكانن، بەڵام ئەو هەوڵانە تا ئەمڕۆ شكستیان هێناوە.

بەپەلە