شادەماری‌ ئەنبار
دەروازەی سنووری ترێبیل هێشتا دەرگاكانی نەكردۆتەوە

عیراق

06/10/2017‌ 690 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
بەمدواییانە هەردوو لایەنی عێراقی‌و ئوردنی بەگەڕخستنەوەی دەروازەی سنووری ترێبیل-یان لەئەنبار راگەیەندرا ئەویش وەك ئاماژەیەك بۆ دەستپێكردنەوەی كاروبارەكانی.

سنوورێكی كارگێڕی نێودەوڵەتی پارێزگای ئەنبار جیادەكاتەوە كە پێگەیەكی بازرگانی گرنگی لەنێوان هەرسێ دەوڵەتی سوریا، ئوردن‌و سعودیە‌و هەر پێنج پارێزگای بەغدا، سەڵاحەدین، نینەوا، كەربەلا‌و نەجەف، پێبەخشیوە، لەبەر ئەوەش كە رووبەرێكی گەورەی خاكی عێراق پێكدەهێنێت، چوار دەروازەی سنووری لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ تێدا دروست كراوە بۆ ئاسانكاری جموجوڵی بازرگانی.

لەم چوار دەروازەیە، هەیانە بەهۆی ناكۆكی سیاسی لەگەڵ حكومەتی عێراقدا بەر لە ساڵی 2003 داخراوە وەك داخستنی دەروازەی "جەدیدە عەرعەر" لەگەڵ سعودیە، هەشیانە لەدوای باڵادەستی گرووپە چەكدارەكان داخراوە وەك دەروازەی سنووریی قائیم‌و دەروازەی وەلید لەگەڵ سوریا، هەرچی دەروازەی ترێبیلیشە ئەوا تەنیا لەلایەنی عێراقییەوە داخراوە بەهۆی رەوشی ئەمنی ناسەقامگیر‌و كۆنترۆڵكردنی ئەو رێگایانەی دەچنەوەی سەری لەلایەن داعشەوە.

لەكۆتایی ساڵی 2014دا جموجوڵی ئابووری لە دەروازە سنوورییەكانی پارێزگای ئەنبار (110 كم لەخۆرئاوای بەغدای پایتەخت) راوەستا ئەویش لەدوای باڵادەستبوونی گرووپە چەكدارەكان لە زۆربەی شارەكانی پارێزگاكەدا، وەك رێوشوێنێكی خۆپارێزیش، حكومەتی عێراق داخستنی هەموو دەروازە سنوورییەكانی راگەیاند لەوانەش دەروازەی سنووری ترێبیل كە لەڕێی دەروازەیەكی ئابووری گرنگ بۆ هەردوو وڵات عێراق بە ئوردنەوە دەبەستێتەوە.

لە 30ی ئابی 2017یشدا لەنێو ئاهەنگێكی رەسمیدا بە ئامادەبوونی هەردوولایەنی عێراقی‌و ئوردنی، بەڕەسمی بەگەڕخستنەوەی دەروازەی سنووری ترێبیل راگەیەندرا، ئەویش دوای چەندین داواكاری لەلایەن حكومەتی ئوردنەوە سەبارەت بە پێویستی كارپێكردنەوەی ئەو دەروازە سنوورییە لەبەر ئەو داهاتەی بۆ هەردوولای دابین دەكات.

سەرەڕای ئەوەش كە حكومەتی ئوردن رایگەیاندووە لەلایەن خۆیەوە سەرجەم ئامادەكارییەكانی بۆ دەستپێكردنەوەی كاركردن لەدەروازەكەدا تەواو كردووە، بەڵام پێدەچێت حكومەتی عێراق هێشتا ئامادە نەبووبێت بۆ كاركردن لەو دەروازەیە وەكو جاران، بەتایبەتی كە كارەكانی ژێرخانی تەواو نەكردووە كە كەشێكی دروست‌و ئارام بۆ بەكارهێنەرانی ئەو دەروازەیە‌و ئەو رێگایانەی دەچنەوەی سەری دابین دەكات، هەروەك هێشتا زۆربەی پرد‌و وێستگەكانی پشوودان وێرانن، ئەمە جگە لەهەڕەشەی بەردەوامی گرووپە چەكدارەكان بۆسەر هەندێك ناوچە بەدرێژایی ئەو رێگایەی دەچێتەوە سەر دەروازەكە.

فالح عیساوی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار لەوبارەیەوە قسەی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی "كردنەوەی دەروازەی سنووری ترێبیل پێویستییەكی هەنووكەییە كە پێگەی گرنگی ئابووری بۆ پارێزگاكە دەگێڕێتەوە، بەتایبەتی كە پارێزگاكە خەریكە بەسەقامگیری ئەمنی شاد دەبێتەوە، ئەگەر بەشێوەیەكی رێژەییش بێت، بەڵام كار بۆئەوە دەكەین ژیان بۆ سەرجەم ناوەندە گرنگ‌و بازرگانییەكان بگێڕینەوە، پێشمانوایە كاتی ئەوە هاتووە ئەنبار ببێتەوە بە دەروازەیەكی بازرگانی گرنگ وەكو جاران".

هەروەها وتی "ئەو میكانیزمەی لەلایەنی عێراقییەوە دەگیرێتەبەر بەوپێیەی كە لەبارودۆخێكی ئەمنی تاڕادەیەك ناسەقامگیردا دەژی، ئەوەیە كە دەست دەكەین بەدابینكردنی پارێزگاری كە هێزە ئەمنییەكان لەئەستۆی دەگرن‌و ئەركیان یاوەریكردنی بارهەڵگر‌و كاڵاكان دەبێت لەكاتی هاتنەناوەوەیان بۆ خاكی عێراق تا دەگەنە ئەو ناوچانەی بەتەواوی ئاسایشیان پارێزراوە، ئەویش بەگوێرە رێڕەوێكی رەسمی كە رێككەوتنی لەسەر كراوە بەبێ تێپەڕین بە شاری رومادی یاخود فەلوجەدا، بەڵكو ئەو بارهەڵگرانە بەرەو ناوچەكانی باشووری رومادی بەئاڕاستەی عامرییەی فەلوجە دەڕۆن‌و لەوێشەوە بەئاڕاستەی بەغدای پایتەخت یاخود بە ئاڕاستەی پارێزگاكانی باكوور‌و باشوور".

ئەو رێگایەی عێراق‌و ئوردن پێكەوە دەبەستێتەوە تائێستاش وەك مۆتەكەیەكی ترسناكە بۆ بەكارهێنەرانی، بەتایبەتی كە ئەو هێزە ئەمنییانەی ئەو رێگایە بەكاردەهێنن بەبەردەوامی دووچاری هێرشی داعش دەبنەوە، ئەگەرچی هێرشەكانیش بە باڵادەستبوونی هێزە ئەمنییەكان كۆتاییان دێت، بەڵام دەبنە هۆی زیانێكی گیانی‌و ماددی زۆر، ئەوەش دانیشتووانی ناوچەكەی نیگەران كردووە كە چاویان لەوەیە رێوشوێنی راستەقینە‌و مەدروس بگیرێتەبەر بەر لەهەموو شتێك ئاسایش‌و ئارامییان بۆ دابین بكات.

عیماد دلێمی قایمقامی روتبە دووپاتی كردەوە كە "كردنەوەی دەروازە سنوورییەكە بەو شێوەیە نەبوو كە دەمانخواست‌و ناتوانرێت ئەو دەروازەیە وەكو جارانی لێ بێتەوە پێش ئەوەی دەست بەبنیاتنانەوەی ژێرخانەكەی بكرێت كە تا ئێستاش بەتەواوی وێرانە، ئەمە جگە لەگرتنەدەستی رێگای نێودەوڵەتی نێوان هەردوو وڵات لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بەتەواوی‌و مسۆگەركردنی پەلامارنەدانی بەكارهێنەرانی رێگای نێودەوڵەتی نێوان هەردوو وڵات لەلایەن گرووپە چەكدارەكانەوە".

وتیشی "جموجوڵی بازرگانی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەپارێزرێت كە بریتیە لە كاروانی ئەو بارهەڵگرانەی بەیاوەری هێزە ئەمنییەكان هاتووچۆ دەكەن، بەڵام ئەوەش چارەسەرێكی ریشەیی نییە‌و بەڵگەیە لەسەر ئەوەی حكومەتی عێراق تێچوونی سەربار دەگرێتە ئەستۆ بۆ پاراستنی ئەو بارهەڵگرانە، تەنیا سوودمەند لە كردنەوەی دەروازەكە لایەنی ئوردنییە ئەویش بەهۆی ئەو بارودۆخە سەقامگیرەی هەیەتی، بەڵام عێراق هێشتا پێویستی بە هەنگاوی دیكەیە تا بتوانێت كردنەوەكە رابگەیەنێت‌و دڵنیابێت لە جموجوڵێكی ئاسان‌و سەلامەتی بازرگانی، بەبێ گرفت‌و هەڕەشە".

شۆفێری بارهەڵگر‌و ئۆتۆمبێلەكان خۆیان لە كردنەوەی ئەو دەروازەیەدا نەبینیوەتەوە‌و هەواڵی بەگەڕخستنەوەی دەروازەكەش دڵخۆشی نەكردوون، زۆربەشیان دووپاتی دەكەنەوە كە هێشتا بارودۆخی ئەمنی مەترسییە بۆسەر بەكارهێنەرانی ئەو رێگایە‌و گۆڕینی رێڕەوەكە بۆ رێگای لاوەكی لە دەرەوەی رێگا نێودەوڵەتییە خێراكە بەبێ تێپەڕین بە هەردوو شاری رومادی‌و فەلوجەدا، هاتووچۆ سەختتر دەكات‌و خوڵقاندنی مەترسیە لەڕێی بەكارهێنانی رێگای نەگونجاو بۆ بارهەڵگری گەورە‌و پاسی گەشتیاری.

ناسر فەهداوی (49 ساڵ) كە وەك شوفێری پاسێكی گەشتیاری كار دەكات، زۆر دڵخۆش نەبوو بەهەواڵی كردنەوەی دەروازەی سنووری ترێبیل، نەك لەبەر ئەوەی زانیویەتی كە كردنەوەكە مەرجداركراوە بە تەنیا گواستنەوەی كاڵا‌و رەزامەندی لەسەر بەكارهێنانی دەروازەكە بۆ جموجوجوڵی گەشتیاری‌و گەشتیارانی نێوان هەردوو وڵات نەدراوە، بەڵكو لەبەرئەوەی باش دەزانێت كە هێشتا بەشێكی زۆری رێگای نێوان بەغدای پایتەخت‌و دەروازەی سنووری ترێبیل لەژێر دەستی داعشدایە.

فەهداوی بە "نیقاش"ی وت "رێگای نێوان بەغدا‌و دەروازەكە 450 كیلۆمەتر دەبێت، رێگایەكی دوور‌و درێژە‌و ژێرخان‌و چێشتخانە‌و وێستگەی پشوودانی نییە، ئەمە جگە لەوەی ئەگەری پەلاماردانی گەشتیاران‌و بەكارهێنەرانی رێگاكە لەلایەن گرووپەكانی داعشەوە لە هەر كاتێكدا لە ئارادایە".

هەروەها وتیشی "راگەیاندنی كردنەوەكە بەم شێوەیە‌و بەم پەلە پەلەییە‌و بەبێ دابینكردنی ئەو پێداویستیانە، مەراییكردنە بۆ هەندێك لەو كۆمپانیایانەی گواستنەوە‌و بازرگانان كە رەنگە توانیبێتیان رێككەوتنی وا بكەن بەشێكی زۆری ئەو پارەیەیان لێوە دەست بكەوێت كە بۆ هاتنەناوەی كاڵاكان لە دەروازەكانی دیكەوە خەرجی دەكەن، ئەو رێگایانەش چ وشكانی بن یان ئاسمانی بەبەراورد بەوەی دەروازەی سنووری ترێبیل دابینی دەكات، هەموویان تێچوویان زۆرە".