فریادرەسی‌ ئاژەڵەكان..
لەكوردستان ئیتر سەگ‌و پشیلە خەمیان نییە

کوردستان

07/10/2017‌ 4508 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
لەهەرێمی‌ كوردستان ژمارەیەكی‌ زۆری‌ سەگ‌و پشیلە هەن كە لەسەر شەقامەكان بڵاون، ئەمانە زۆرجار لەلایەن منداڵ‌و گەورەكانەوە ئازار دەدرێن‌و دەبێت بەبێ‌ لانە بەرگەی‌ گەرمای‌ هاوین‌و سەرمای‌ زستان بگرن، بەڵام چەند گەنجێك خەمی‌ ئەو ئاژەڵانەیان گرتووەتە كۆڵ.

لێرە دەمی‌ هەر كەسێك دەكەیتەوەو باسی‌ مافی‌ ئاژەڵانیان لەلا دەكەیت، یەكسەر پێت دەڵێن "بۆ مافی‌ مرۆڤەكان زۆر دابین كراوە تا نۆرەی‌ مافی‌ ئاژەڵ بێت؟" بەڵام چەند گەنجێك هەن بەپێچەوانەی‌ ئەم ئاراستەیەوە بیر دەكەنەوە.

رێبەر عومەر (20 ساڵ) هەر لەمنداڵییەوە ئەوەی‌ بەر گوێ‌ دەكەوێت كە ئاژەڵەكان بەتایبەتی‌ سەگ‌و پشیلە گڵاوو پیسن، بەڵام ئەو قسانە بۆ ئەو قەناعەتپێكەر نین‌و هەمیشە لەبیری‌ ئەوەدا بووە تۆ بڵێی‌ رۆژێك بێت بتوانی‌ شتێ‌ لەژیانی‌ ئاژەڵە بەرەڵاكان بگۆڕێت؟ هێشتا هەرزەكار دەبێت كە لەسەر پارەی‌ گیرفانی‌ خۆی‌ چارەسەری‌ چەند ئاژەڵێك دەكات، ئەو دەڵێت "ئازار دەچێژم ئاژەڵێك دەبینم ئازار دەدرێت ئەوانیش وەكو ئێمەن، تەنیا ئەوەندەیە زمانیان نییە قسە بكەن".

رێبەر دانیشتوی‌ شاری‌ سلێمانییە، ژیانێكی‌ جیاوازی‌ لەهاوتەمەنەكانی‌ هەڵبژاردووەو خۆی‌ تەرخانكردووە بۆ بەهاناوەچوون‌و چارەسەركردنی‌ ئەژەڵە بەرەڵاكان بەشێوەیەكی‌ خۆبەخشانە.

لەهەرێمی‌ كوردستان هەرچەندە چەند ساڵێكە بەخێوكردنی‌ ئاژەڵی‌ ماڵی‌ خەریكە دەبێتە مۆدێل، زۆرێك لەماڵان سەگ یان پیشلە‌و یاخود پەلەوەر بۆ جوانی‌ لەماڵەكانیان دادەنێن، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی‌ ئەوەی‌ ژیانی‌ سەگ‌و پشیلەی‌ كوردی‌ گۆڕانی‌ بەسەردا بێت.

سەڕەڕای‌ گیرۆدەبونی‌ سەگ‌و پشیلەكان بەدەستی‌ نەخۆشی‌‌و نەبونی‌ چارەسەر‌و دابینەكردنی‌ شوێنی‌ مانەوە بۆیان، زۆرێكیش چارەنوسیان ڕوبەڕوی‌ مەترسی‌ دەبێتەوە‌و لەو شەقامانەی‌ كە شۆفێرەكان بەتیژڕەوی‌ ئۆتۆمبێلەكانیان لێدەخوڕن كۆتایی‌ بە ژیانیان دێت.

دیمەنێكی‌ دیكە: خاوەنی‌ ئاژەڵە ماڵییەكان هەموو هەفتەیەك لەبەغدا كۆدەبنەوە بۆ نمایشكردنی‌ ئاژەڵەكانیان
 
لەشارەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان بەشێك لەسەگەكان لە كەلاوە یاخود خانوە تەواو نەكراو ‌و دەشت‌و دەردا دەژین‌و هەر لەو شوێنانەش زاوزێ‌ دەكەن‌و ئەوەش وادەكات بێچوەكان لەدایكەكانیان زیاتر روبەڕوی‌ مەترسی‌ ببنەوە.

دۆخی‌ پشیلەكان تاڕادەیەك لەسەگەكان باشترە ئەوان نزیك لەئاوەدانی‌‌و زۆرێكیان لەسەربانی‌ ماڵان‌و كوچە‌و كۆڵان‌و نێو بازاڕەكاندا دەژین‌و لەڕووی‌ خواردنیشەوە دۆخیان لەسەگەكان باشترە، بێچوە پشیلەكانیش بەراورد بە توتكە سەگەكان لەگوزەرانێكی‌ باشتردان.

تەرزە عومەر (28 ساڵ) هاوكارە سەرەكیەكەی‌ رێبەر عومەر، كار دەكات بۆ كۆتایهێنان بە پێشێلكردنی‌ مافی‌ ئاژەڵەكان، دەڵێت "كارەكەی‌ ئێمە بۆ رزگاركردنی‌ هەموو جۆرە ئاژەڵێكە بەتایبەت ئاژەڵی‌ سەر جادە‌و بێ‌ خاوەن".

تەرزە، بە"نیقاش"ی‌ وت "روبەڕوی‌ هەموو قسەیەكی‌ ناخۆش دەبمەوە، چونكە ئەم ئیشەی‌ ئێمە تازەیە‌و لەكۆنیشەوە واباوە ئاژەڵە بەپیس‌و خراپ سەیركراوە".

رۆكی‌ (لەوێنەكەدا دەركەوتووە).   چەند مانگێك بەر لەئێستا بێچوویەكی‌ بێ‌ دایك لەكەلاوەیەكدا بووەو بەرەو ئەوە چووە كە گیان لەدەست بدات، كاتێك كۆمەڵەی‌ ساڤۆی‌ لێ‌ ئاگادار دەكرێتەوە، ئەوان دەیگرنە خۆ.. سەرەتا رۆكی‌ ناوی‌ "بۆرە" بووە، بەڵام خاوەنە نوێیەكەی‌ رۆژگار حەمەجەزا (22 ساڵ) ناوەكەی‌ گۆڕییوە.

رۆكی‌ تەمەنی‌ نۆ مانگە‌و ئێستا لەگەڵ رۆژگار وەك دوو هاوڕێی‌ نزیكیان لێهاتووە، رۆژگار وەك خۆی‌ (بەنیقاش)ی‌ وت خولیای‌ بەخێوكردنی‌ ئاژەڵە‌و خۆشەویستیەكی‌ گەورەی‌ بۆ سەگ‌و پشیلە هەیە.

رێبەر‌و تەرزە، ڕێكخراوێكیان دامەزراندوە بەناوی‌ "كۆمەڵەی‌ خۆبەخشی‌ ساڤۆ"، لەتۆڕی‌ كۆمەڵایەتی‌ فەیسبوك پەیجێكیان هەیە‌و رۆڵی‌ پردی‌ پەیوەندیش دەبینن لەنێوان مرۆڤ‌و ئاژەڵەكاندا.

خەڵك نامەیان بۆ دەنێرێت‌و لە بونی‌ سەگێك یاخود پشیلەیەك كە بێ‌ لانە‌و خاوەنە ئاگاداریان دەكاتەوە ئەمانیش دەچن بەدەم ئاژەڵەكەوە‌و دەیهێننەوە بۆ ئەو خانوەی‌ لەناو شاری‌ سلێمانیدا بەكرێیان گرتوویانە بە 250 دۆلار لەمانگێكدا، دوای‌ پێدانی‌ خواردنی‌ پێویست دەیبەن بۆ ڤێتەرنەری‌ بۆ پشكنین‌و دواتریش پێدانی‌ دەرمانی‌ پێویست.

سەگ‌و پشیلەكان لەژێر چاودێرییدا دەمێننەوە تا ئەو كاتەی‌ بەتەواوەتی‌ چاك دەبنەوە، هەر لەرێگەی‌ پەیجەكەوە وێنەی‌ بڵاودەكرێتەوە‌و داوا لەفانەكان دەكرێت هەر كەسێك ئامادەیە سەگەكە یاخود پشیلەكە بەخێوبكات با سەردانیان بكات‌و وەریبگرێت.

هەر كەسێك سەگ یان پشیلەیەك لەم كۆمەڵەیە وەربگرێت بەڵێننامەی‌ پێ پڕدەكرێتەوە‌و بەمەرجی‌ پاراستنی‌ تەندروستی‌‌و ژیانی‌ دەدرێت بەو كەسەی‌ كە داوای‌ دەكات.

میمی: سێ‌ مانگ بەر لەئێستا لەگوزەرانێكی‌ زۆر خراپدا بووەو نەخۆش‌و زامداربووەو بەدەست منداڵانەوە ئازاردراوە، بەڵام كۆمەڵەی‌ ساڤۆ گرتویانەتە خۆ، دواتر داویانە بەگەنجێكی‌ (23 ساڵ) بەناوی‌ دێرین خەلیل.

مەسعود بابەشێخ، بەڕێوەبەری‌ نەخۆشخانەی‌ ڤێتەرنەری‌ سلێمانی‌ تایبەت، هاوكاری‌ كۆمەڵەی‌ خۆبەخشی‌ ساڤۆیە، لەبارەی‌ كارەكەوە دەڵێت "پشكنینەكان بەبێ‌ بەرامبەر بۆیان دەكەم‌و یەك لەسەر چوار نرخی‌ دەرمانەكانیشیان لێوەردەگرم".

دەشڵێت "كاری‌ لەم شێوەیە لەكوردستاندا كەمە، ئەوەی‌ دەیكەم وەكو ئەركێكی‌ مرۆیی‌ بەرامبەر ئاژەڵەكانە جێبەجێی‌ دەكەم".

مەسعود بابەشێخ، پێنج پزیشكی تری‌ لەگەڵدان‌و جگە لە كۆمەڵەی‌ ساڤۆ هاوكاری‌ هەر كەسێك یان ڕێكخراوێكی‌ تریش دەكەن كە لەبواری‌ پاراستنی‌ ئاژەڵاندا كاربكات.

هەر كەسێك سەگ یان پشیلەیەك لەم كۆمەڵەیە وەربگرێت بەڵێننامەی‌ پێ پڕدەكرێتەوە‌و بەمەرجی‌ پاراستنی‌ تەندروستی‌‌و ژیانی‌ دەدرێت بەو كەسەی‌ كە داوای‌ دەكات.هەر كەسێك سەگ یان پشیلەیەك لەم كۆمەڵەیە وەربگرێت بەڵێننامەی‌ پێ پڕدەكرێتەوە‌و بەمەرجی‌ پاراستنی‌ تەندروستی‌‌و ژیانی‌ دەدرێت بەو كەسەی‌ كە داوای‌ دەكات.

ئەو كاتەی‌ تیمی‌ "نیقاش" سەردانی‌ لانەی‌ ئاژەڵانی‌ كرد، كە كۆمەڵەی‌ ساڤۆ لەسەر گیرفانی‌ خۆیان بەڕێوەی‌ دەبەن، رێوییەك بەتەنیا لەشوێنیكی‌ تایبەتدا دەژیا، رێبەری‌ خۆی‌ لەژێر پردەكەی‌ سلێمانی‌ - شوێنی‌ فرۆشتنی‌ ئاژەڵ‌و پەلەوەر-  بە 27 هەزار دینار كڕیویەتی‌ ئەو كات نەخۆش بووە بەڵام ئێستا تەندروستی‌ باشە.

میمی‌ + دێرین خەلیل:  ئێستا میمی‌ لەژیانێكی‌ خۆشدایەو دێرین دەڵێت پشیلەكەی‌ زۆر خۆش دەوێت وەكو هاوڕێیەك لەگەڵیدایە‌و هەر لەسەر جێگاكەی‌ خۆی‌ دەیخەوێنێت. میمی‌ سەرەتا زۆر لاواز بووە، بەڵام ئێستا تەندروستی‌ زۆر باشەو كێشیشی‌ زیادی‌ كردووە.

هەر لەوێش سێ‌ سەگ هەبوون بەناوەكانی‌ "سۆزی‌، رۆنی‌، لۆكە" لەوێبوون.. سۆزی‌ توشی‌ نەخۆشی‌ بووە‌و سێ‌ بۆ چوار مانگ دەبێت لەژێر چاودێرییدایە، رۆنی‌ ئۆتۆمبێل لێیداوە‌و حەوزی‌ شكاوە لە مانگی‌ تەمووزی‌ ساڵی‌ پارەوە (2016) لە ژێر چاودێرییدایە هێشتا ناتوانێت بەتەواوەی‌ لەسەر پێیەكانی‌ بڕوات.. لۆكە ڤایرۆس لێیداوە‌و دوو مانگە لەژێر چاودێرییدایە، سێ‌ پشیلەش لەنێو هەمان ئەو ژورەدا بوون كە ڕێبەر شەوان تێدا دەنوێت، دوانیان كوردی‌‌و ئەویتریشیان شیرازی‌.

كۆمەڵەی‌ خۆبەخشی‌ ساڤۆ، ئەندامی‌ هیچ سەندیكایەك نیە‌و پەیوەندیشیان بەدامودەزگا حكومیەكانەوە نییە، رێبەر عومەر، جگە لەوەی‌ خۆشحاڵە بەوەی‌ خەڵك پێشوازی‌ گەورە لەكارەكەیان دەكەن‌و بەپیرۆز ناوی‌ دەبەن
 
 "بۆ دەستخۆشی‌‌و دەستخستنی‌ پارە ئەم كارە ناكەم ‌و دەمەوێت ویژدانی‌ خۆم ئاسودە بكەم".

راپۆرتی‌: مەعاز فەرحان - فۆتۆكان: زمناكۆ ئیسماعیل - لەسلێمانییەوە