شارپرێس:
رۆژنامەی میللیەتی توركی لەمیانی راپۆرتێك بڵاویكردەوە، كە مەسعود بارزانی لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان پەشیمانە.
رۆژنامەكە لەژمارەی ئەمڕۆ یەك شەممە بڵاویشیكردەوە، كە "پەشیمانی مەسعود بارزانی لەئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە چاوەڕێی ئەو كاردانەوە زۆرانەی نەكردووە".
مەسعود بارزانیو بەشێك لەلایەنە سیاسییەكان لەهەرێم رۆژی حەوتی حوزەیرانی رابردوو بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆییاندا، كە پرۆسەكە لە 25ی مانگی نۆی ئەمساڵ بەرێوەچوو، ئەو پرۆسەیەش كاردانەوەی زۆری ناوخۆییو نێودەوڵەتی بەدواوە هاتووە.
رۆژنامە توركییەكە ئەوەشی ئاشكراكردووە، كە مەسعود بارزانی جگە لەوەی "چاوەڕێی كاردانەوەی سەربازی لایەنی عێراقی لەسەر ئەوە نەكردووە، پێشبینیشی كردووە، كە ئەگەر سوپای عێراق دەستوەردان بكات، ئەوە ئەمریكاو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كاردانەوەیان دەبێت".
كاردانەوەكانی سەر ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەك بوو، كە عێراق نەك ئەنجامی ریفراندۆمەكەی رەتكردەوە، هەماهەنگی لەگەڵ چەند وڵاتێكیش كردو لەشكركێشی بۆ ئەو ناوچانەش كرد، كە لەدوای ساڵی 2014 كەوتنە دەست هێزەكانی پێشمەرگەو زۆربەی ناوچەكانیشی گرتەوە.
ئەو رۆژنامەیە، هەروەها ئاشكرایكردووە، مەسعود بارزانی ئێستا "زۆر نیگەرانە لەبێدەنگی ئەمریكاو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەبەرانبەر لەشكركێشییەكان ناشتوانێت، هیچ كاردانەوەك لەو بارەوە بنوێنێت".
هـ ـ ح