بافێڵ تاڵەبانی‌و مەسرور بارزانی..
بازەكە لەسەر شانی كامیان زووتر دەنیشێتەوە؟

کوردستان

25/10/2017‌ 9270 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەوەی لەهەرێمی كوردستان ڕویدا‌و ڕوودەدات، هەندێك بەململانێی ناوخۆی دادەنێن، هەندێكیش بەململانێی هەرێمیی، كەسانێك هەن بۆچونیان وایە ئەوەی ڕوودەدات دەرەنجامی سیاسەتی هەڵەی سەركردە سیاسییەكانە، بەڵام لەپشت هەموو ئەمانەوە شتێكی دیكە خۆی مەڵاسداوە، ئەویش ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتی باوكەكانە بۆ كوڕەكانیان.

بافێڵ تاڵەبانی كێیە؟
بافێڵ تاڵەبانی، كە دوو ساڵ بەر لەدامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێی گەلی كورد لەدایك بووە، ئیستا تەمەنی 44 ساڵە، بافێڵ كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردوی یەكێتی نیشتمانیی كوردستانە، تاڵەبانی باوك لەخۆشەویستی بۆ تاڤگەی (بافێڵ،) كە لەچەمی ڕێزانە لەسنووری پارێزگای سلێمانی، كوڕەكەی ناو ناوە بافێڵ.

بافێڵ لەو ساڵانەدا لەدایك بوو، كە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەزانكۆی (موستەنسرییە) لە بەغدا، سەرقاڵی خوێندنی دەروونناسی بووە.

تا ساڵانێكی زۆر پاش ڕاپەڕینی بەهاری 1991-ی گەلی كورد، بافێڵ تاڵەبانی لەسەر شانۆی سیاسەتی حزبەكەی كارەكتەرێكی ون بوو، هەندێك دەڵێن، كوڕە گەورەكەی تاڵەبانی ساڵانی دوای ڕاپەڕین لەزانكۆی ئۆكسفۆرد سەرقاڵی خوێندن بووە، بۆیە بواری نەبووە وەك كارەكتەرێكی سیاسی دیار لەحیزبەكەیدا دەربكەوێت، هەندێك كەسی دیكە پێیان وایە بۆ بافێڵ تاڵەبانی ئەستەم بوو لەئامادەبوونی تاڵەبانی باوكدا ڕۆڵێكی كاریگەر بگێرێت، چونكە ئەو ساڵانە تاڵەبانی باوك لەگەرمەی ململانێكانی خۆیدا لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان دەژیا.

یەكەم دەركەوتنی ڕاستەقینەی تاڵەبانی كوڕ لەسەر گۆڕەپانی حزبەكەی بەپۆستێكی هەواڵگری‌و سەربازی بوو، كاتێك لەساڵی 2002 دەزگای دژەتیرۆری لەناو یەكێتیدا دروستكرد، دەزگایەك لەو ساڵانە‌و ساڵانی دواتریش ڕۆڵی دەبێت لەسەركوتكردنی توندڕەوە ئیسلامییەكان‌و چەكدارانی ئەنسارئیسلام.

تاڵەبانی كوڕ، لەدەزگایەكی ئەمنییەوە بۆ بڕیاردان لەیەكێتیدا
بافێڵ تاڵەبانی، كە پۆستە فەرمییەكەی لەناو یەكێتیدا بەرپرسی دەزگای دژایەتی تیرۆرە، ئەوەش بەوتەی مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی ئەو حیزبە، بەڵام لەماوەی ڕابردوودا بافێڵ تاڵەبانی وەك نوێنەری سكرتارییەتی تاڵەبانی باوك دەچووە كۆبوونەوەی مەكتەب سیاسی‌و سەركردایەتی ئەو حزبە.

بافێڵ تاڵەبانی، كە بەوتەی كەسە نزیكەكانی "خاوەن دەرونێكی گەرمە‌و كەمێك توڕەیە"، ئامادەبوونی لەكۆبوونەوە باڵاكانی ئەو حیزبەدا، "سەرەتا وەك نێوەندگیرێك لەنێوان دوو باڵە ناكۆكەكەی ئەو حیزبە لێكدرایەوە"، ئەوەش بەوتەی چەند بەرپرسێكی ئەو حیزبە، بەڵام دواتر تاڵەبانی كوڕ لەنێوەندگیرێكەوە بووە بڕیاردەر لەچەندین پرسی هەستیاردا، بەتایبەت لەپرسی ڕیفراندۆم‌و لێكەوتەكانی پاش ڕیفراندۆم.

بەڵام دەركەوتنی ڕاستەقینەی بافێڵ تاڵەبانی ڕۆژێك بەر لەئەنجامدانی ڕیفراندۆمی (25/10)ی هەرێمی كوردستان بوو، كاتێك ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە‌و ڕایگەیاند، "سەركردایەتی سیاسی كورد بڕیاریاندا بەقبوڵكردنی پێشنیازەكانی وڵاتانی هاوپەیمان، بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم لەئێستادا".

ئەو ڕاگەیەندراوە ئەگەرچی دواتر خودی بافێڵ تاڵەبانی بەدرۆیخستەوە‌و ڕایگەیاند، "هەڵەكە لەلایەن كارمەندێكی نوسینگەكە"یەوە ئەنجامدراوە، بەڵام هەرخودی شێوازی نووسین‌و ئەو زانیاریانەی لەو ڕاگەیەندراوەدا هەبوون، دەیسەلمێنێت هەڵەیەك نەبووە بەسەر ناوبراودا تێپەڕ ببێت.

بەگوێرەی بەدواداچوونێكی شارپرێس لەچەند سەرچاوەیەكی جیاوازی ناو یەكێتی "سەركردایەتی سیاسی كورد بڕیاری دواخستنی ڕیفراندۆمیان دابوو، بەڵام بافێڵ تاڵەبانی لەڕاگەیاندنی ئەو هەواڵەدا پەلەی كرد، چونكە پارتی دەیویست بە بەرنامەیەك ئەو ڕیفراندۆمە دوا بخات، بەڵام بافێڵ سەرجەم هەوڵەكانی پارتی پوچەڵكردەوە".

لەگەڵ پوچەڵكردنەوەی هەوڵەكانی پارتی بۆ دواخستنی بە بەرنامەی ڕیفراندۆم، یاخود وەك ئەو پەندە كوردییەی دەڵێت "ڕیسەكەی لێكردەوە بەخوری" زانیارییەكی دیكە هەیە، كە دەست شارپرێس كەوتووە، ئەویش هاتنە سەرخەتی مەسرور بارزانی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەكاتی خۆیدا.

پاش ئەوەی بافێڵ تاڵەبانی بەر لەئەنجامدانی ڕیفراندۆم هەرێمی كوردستانی بەرەو شاری ئەڵمانیا جێهێشت، لەپەیامێكدا ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەكە ڕایگەیاند "بۆ كارێك لەئەڵمانیام‌و لەڕۆژانی داهاتوودا ڕوونكردنەوەی زیاترم دەبێت".

ئەگەرچی روِونكردنەوەكانی ڕۆژانی دواتری بافێڵ تاڵەبانی سەرەتا ڕوونكردنەوەی سیاسی نەبوون، چونكە پاش ماوەیەكی كەم هەواڵی كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی ڕاگەیەندرا، بەڵام دوای پرسەی تاڵەبانی، بافێڵ دوبارە گەڕایەوە گۆڕەپان، بەڵام ئەمجارە بەكارێك گەڕایەوە، كە پێدەچێت پارتی هەرگیز بیری لێنەكردبێتەوە، ئەویش ڕێككەوتن بوو لەگەڵ حكومەتی عێراق بۆ ئەوەی سوپا جارێكی دیكە بگەڕێتەوە كەركوك.

بافێڵ تاڵەبانی، ئەندازیاری ڕێككەوتنی یەكێتی لەگەڵ حكومەتی ناوەند
ڕۆژی كۆبوونەوەكەی یەكێتی‌و پارتی لەدووكان، بافێڵ تاڵەبانی بەكۆمەڵێك فایلەوە، كە سەرەتا وەك وەرەقەی ئاسایی تەماشا دەكرا، بە بەردەم میدیاكاران‌و كامێرای كەناڵەئاسمانییە نێوخۆی‌و بیانییەكاندا ڕەتبوو، سەرەتا كەس نەیدەزانی ئەو فایلانە واژووی ڕەزامەندی ژمارەیەك لەئەندامی سەركردایەتی یەكێتییە، بۆ ئەوەی بەبێ شەڕ، بەبێ تەقە، سوپا بگەڕێتەوە ئەو ناوچانەی كەركوك، كە لەناو خودی ئەو فایلانەدا شوێنەكان ڕونكرابووەوە.

گەرچی مەسعود بارزانی لەكۆبوونەوەكەدا ئەو ڕێككەوتنەی بافێڵ تاڵەبانی لەگەڵ حكومەتی عێراق ڕەتدەكاتەوە، بەڵام كار لەكار ترازابوو، چونكە بەهەموو شێوەیەك سوپای عێراق ئامادەبوو بچێتە كەركوكەوە، هەر چەند كاتژمێرێك پاش ئەو كۆبوونەوەیەش، سوپا هێرشەكانی بۆسەر كەركوك دەستپیكرد.

تاڵەبانی كوڕ چاوی لەكورسییەكەی تاڵەبانی باوكە
هەرچەندە بەرپرسانی یەكێتی نایانەوێت قسە لەبارەی ئەو كەسەوە بكەن، كە لەداهاتوودا دەچێتە سەر كورسییەكەی جەلال تاڵەبانی، بەڵام نایشارنەوە ئێستا لەناو یەكێتیدا نیمچە كۆدەنگییەك بۆ شوێنگرتنەوی جەلال تاڵەبانی لەلایەن بافێڵ تاڵەبانییەوە دروستبووە، تەنانەت لەگرتە ڤیدیۆییەی، كە تاڵەبانی تێیدا بەزمانی ئینگلیزی پەیامێكی بۆ عێراق‌و جیهان نارد، لەڕووی فۆڕمی دانیشتن‌و شوێنەكەیەوە، هاوشێوەی تاڵەبانی باوك بوو.

مەسرور بارزانی، ئەو كەسەی پارتییەكان پێیدەڵێن برا گەورە
مەسرور بارزانی، كە خاوەنی نازناوی براگەورەیە، ئێستا تەمەنی 48 ساڵە، لەكاتی شۆڕشی ئەیلول لەدایك بووە‌و كوڕە گەورەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بەگوێرەی بەدواداچوونێكی شارپرێس، مەسرور بارزانی یەكەم كەس دادەنرێت، كە مەسعود بارزانی بەردەوام ڕاوێژی پێدەكات.

مەسرور بارزانی، كە زانستە سیاسییەكانی لەئەمریكا خوێندوە، ئێستا یەكێكە لەو سەركردانەی ناو پارتی، كە شوێنەكەوتە‌و سەركردەیەكی زۆری حیزبەكەی لەگەڵدیە، "تەنانەت ئێستا لەناو پارتیدا باڵێك هەیە بەناوی هەڵۆكان، كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات لەبەرانبەر باڵەكەی نێچیرڤان بارزانی". ئەوەش بەوتەی چاودێرانی سیاسی.

مەسرور بارزانی چووە شوێنی پۆستەكەی باوكی
دەزگای پاراستن، كە بەبڕبڕەی پشتی ئەو حیزبە دادەنرێت، ئێستا لەلایەن مەسرور بارزانییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، كە لەڕابردوودا ئەو دەزگایە لەلایەن مەسعود بارزانییەوە سەرۆكایەتی دەكرا، بۆیە لەیەكەم هەنگاودا بارزانی كوڕ ئەو پۆستەی وەرگرت، كە پێشتر باوكی سەرپەرشتیكار‌و فراوانكەری بوو.

ئەوەی وایكرد كێرڤی مەسرور بارزانی لەناو پارتیدا بەرزببێتە، دەركەوتنە بەردەوامەكانی بوو لەپاڵ باوكیدا لەشەڕەكانی پێشمەرگە دژ بەچەكدارانی داعش، تەنانەت هەندێك كەس پێیان وابوو پلانی شەڕكردنی پێشمەرگەكانی ژێردەستی پارتی، لەلایەن مەسرور بارزانییەوە سەرپەرشتی دەكرێت.

بەڵام دەبێت ئاماژە بەخاڵێكی دیكەی گرنگ بدەین، كە وایكرد مەسرور بارزانی بەخێراییەكی بێوێنە بچێتە سەر گۆڕەپانی سیاسیەتی حیزبەكەی، بریاری یەكلاكەرەوە بدات‌و چاوەڕوانی ئەوەی لێبكرێت ئایندەی ئەو حیزبە بەڕێوە ببات، ئەویش دروستكردنی ئەنجوومەنی ئاسایش بوو لەلایەن ناوبراوەوە لەساڵی 2002 دا، هەروەها دانانی مەسرور بارزانی بەڕاوێژكاری ئەو ئەنجوومەنە.

ئەنجوومەنەكە نە پەرلەمان نە حكومەت توانای لێپرسینەوەیان نییە لێی، بەڵكو ئەو دەزگایە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بەسەرۆكایەتی هەرێمەوە‌و مەسعود بارزانی لێی بەرپرسە.

بەگوێرەی بەدواداچوونێكی شارپرێس، "مەسرور بارزانی یەكێك بووە لەبەرهەڵستكارە سەرسەختەكانی ئەو ئاڕاستەیەی داوای دواخستنی ڕیفراندۆمیان كردووە، تەنانەت باسی لەوە كردووە نابێت بەرانبەر بە ئەو، بافێڵ تاڵەبانی خاوەنی ڕۆڵێكی كاریگەرتر بێت لەپرسی ڕیفراندۆمدا".

پارتی‌و یەكێتی كۆنگرەیەكی یەكلاكەرەوەیان لەبەردەمدایە، پارتی بەهۆی شەڕی داعش‌و یەكێتی بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانییەوە، چەند ساڵێكە كۆنگرەیان دواخستووە، بۆیە تا ئێستا ڕوون نییە كە باز-ی سەركردایەتی داهاتووی حیزبەكانیان، لەسەر شانی كام لەم دوو كوڕە گەورەیە تاڵەبانی ‌و بارزانی دەنێشێتەوە.

ڕ . ج