31ی‌ ئاب‌و 16ی‌ ئۆكتۆبەر
هێزە كوردییەكان رۆژو مانگ بۆ یەكتری‌ دەژمێرن

کوردستان

27/10/2017‌ 2566 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
ناكۆكییەكانی‌ نێوان بەغداو هەرێم دەرگای‌ ناكۆكییەكی‌ تری‌ لەناو كوردستاندا كردەوە، كە رەنگە سەر بكێشێت‌ بۆ پەرتەوازەیی‌ زیاترو قووڵبوونەوەی‌ گرفتەكان.

ئێستا بەنزیكەیی‌ هەموو لایەنە سیاسییەكانی‌ كوردستان دەزانن ئەو هەنگاوانەی‌ لەرابردوودا هەڵیانهێناوە هەمووی‌ شكستی‌ هێناوە، بەڵام هیچ یەكێكیان راستەوخۆ دان بەو راستییەدا نانێت‌و دەستە چەورەكە بەیەكتری‌ دەسڕن، ئەم جۆرە نوشوستانەش دەكەنە بۆنەیەك بۆ ئەوەی‌ برینە كۆن‌و نوێیەكان بكولێننەوە.

كاتێك رۆژی‌ 16ی‌ ئەم مانگە سوپای‌ عێراق‌و حەشدی‌ شەعبی‌‌و پۆلیسی‌ فیدراڵی‌ ئۆپەراسیۆنێكیان بۆ سەر كەركوك دەستپێكردو پێشمەرگە بێ‌ هیچ بەرگرییەكی‌ ئەوتۆ لەو پارێزگایە كشایەوە، زۆربەی‌ بەرپرسانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و تەنانەت مەسعود بارزانیش بەشێك لەسەركردەكانی‌ یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستانیان تۆمەتباركرد بەوەی‌ "خیانەت"یان كردووەو دەستیان لەگەڵ حەشدی‌ شەعبی‌ تێكەڵكردووەو كەركوكیان تەسلیم كردوون.

بەرپرسانی‌ پارتی‌ پێیان وایە ئەوەی‌ روویداوە بەشێكی‌ "پیلانگێڕانە" لەدژی‌ ئەوان، چونكە بەهۆی‌ حەشدی‌ شەعبی‌‌و سوپای‌ عێراقییەوە هەموو هێزەكانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان لەكەركوك دەركراون، بەڵام زۆربەی‌ هێزە ئەمنییەكانی‌ یەكێتی‌ لەشوێنی‌ خۆیان ماون.

لەبەرامبەریشدا ژمارەیەك لەبەرپرسانی‌ یەكێتی‌ سەرەڕای‌ رەتكردنەوەی‌ ئەو قسانە، رایانگەیاند هەموو ئەوەی‌ روویداوە بەهۆی‌ "بڕیارە هەڵەكانی‌" پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بووەو سەركێشیان كردووە لەوەی‌ ریفراندۆمیان بۆ سەربەخۆی‌ كوردستان ئەنجامداوە.

ئەم بێنەو بەردەو یەكتری‌ تۆمەتباركردنە لەناو هێزە كوردییەكاندا نابڕێتەوە، ئەگەر ئەمجارەش یەكێتی‌ بۆ رادەستكردنی‌ كەركوك لەگەڵ حەشدی‌ شەعبی‌ رێككەوتبێت، ئەوا لەمێژووی‌ ئەو هێزانەدا شتێكی‌ تازە نییەو چەندین جار لایەنە كوردییەكان تەنانەت لەگەڵ دوژمنەكانیشیان دەستیان تێكەڵكردووە بۆ ملشكاندنی‌ یەكتری‌.

لەمێژووی‌ شۆڕشە كوردییەكاندا بەتایبەتی‌ لەساڵانی‌ شەستەكانی‌ سەدەی‌ رابردووەوە هەتا راپەڕینی‌ ساڵی‌ 1991 كە دواتر بەهۆیەوە حكومەتی‌ كوردی‌ دامەزرا، چەندینجار لایەنە كوردییەكان بەجیا لەگەڵ حكومەتەكانی‌ عێراق‌و ئێران‌و توركیاو تەنانەت سوریاش رێككەوتوون بۆ ئەوەی‌ یەكتری‌ لەناو ببەن.

دوای‌ راپەڕینیش ئەمە هەر بەردەوام بوو، ساڵی‌ 1993 هەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەكەی‌ كوردستان (پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان) لەگەڵ سوپای‌ توركیا رێككەوتن بۆ لێدانی‌ گەریلاكانی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان، دوای‌ ئەوەش لەكاتی‌ شەڕی‌ ناوخۆی‌ هەردوو حیزبەكە دیسان پەنایان بۆ وڵاتانی‌ دەرودراوسێ‌ برد.
 
گەورەرترین ئەو دەست تێكەڵكردنانەش ئەوەیان بوو كە لە 31ی‌ ئابی‌ ساڵی‌ 1996 پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان پەنای‌ بۆ رژێمەكەی‌ سەدام حسێن بردو لەرێی‌ دەبابەی‌ سوپای‌ عێراقییەوە دەستی‌ گرتەوە بەسەر هەولێری‌ پایتەختداو یەكێتی‌ دەركرد، بەر لەوەش یەكێتی‌ بۆ لێدانی‌ پارتی‌ پەنای‌ بۆ سوپای‌ پاسدارانی‌ ئێرانی‌ بردبوو.

هەر كە باسی‌ شەڕی‌ ناوخۆ دەكرێت یەكسەر لایەنگرانی‌ یەكێتی‌ ناوی‌ (31ی‌ ئاب) دەهێنن‌و وەك رۆژی‌ "خیانەت"ی‌ پارتی‌ دەیناسێنن، بەڵام ئێستا لایەنگرانی‌ پارتیش رۆژێكیان دەستكەوتووە بۆ ئەوەی‌ وەڵامی‌ یەكێتی‌ پێ بدەنەوە، ئەوانیش ناوی‌ (16ی‌ ئۆكتۆبەر) دەهێنن‌و وەك رۆژی‌ "خیانەت"ی‌ یەكێتی‌ دەیناسێنن كە دەستی‌ لەگەڵ حكومەتی‌ ئێستا عێراقدا تێكەڵكردووە.

لەوە ناچێت ئەم جۆرە پاشقولانە لەناو هێزە كوردییەكاندا ببڕێتەوە، هەریەك لەهێزەكانیش ئەم جۆرە قەیرانانە بەدەرفەت دەزانن بۆ لۆمەكردنی‌ یەكتر، بەڵام ترسی‌ خەڵكی‌ كوردستان لەمەترسییە دەرەكییەكان نییە، بەڵكو لەوە دەترسن ناكۆكی‌ هێزە سەرەكییەكان سەر بكێشێ‌ بۆ رووبەرووبوونەوەی‌ چەكداری‌، بۆیە داوای‌ یەكڕیزیان لێدەكەن.

سەرەتای‌ ئەم هەفتەیە ژمارەیەك لەرێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی‌و هونەرمەندان‌و رۆژنامەنووسان لەشاری‌ سلێمانی‌ كەمپینی "یەكریزی نەك لێكترازان"یان راگەیاندو داوایان لەهەموو لایەنەكان كرد رێگری بكرێت لەبانگەشەی دووبەرەكی‌و هەموو وتارێكی ئاراستەكراو بۆ تێكدانی یەكڕیزی.

ئەوەی‌ تائێستا هەیە ئەم هەوڵە لەسەری‌ ئاستی‌ لێدوان لایەنە سیاسییەكان بەدەمیەوە چوون، بەڵام هیچ هەنگاوێكی‌ كردارەكیان بۆ نەناوە.

فازل بەشارەتی‌، ئەندامی‌ سەركردایەتی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، بە "نیقاش"ی‌ وت "نەهاتنەدی‌ یەكڕیزی‌ پەیوەندی‌ بەبەرژەوەندی‌ كەسییەوە هەیەو هەموو لایەنەكانیش ئەوەندەی‌ پێویستە پابەندی‌ بابەتە نەتەوەیی‌‌و نیشتمانیەكان بن، زیاتر پابەندی‌ بەرژەوەندییە حزبی‌‌و تایبەتیەكان دەبن".

سەرەڕای‌ لێكترازانەكانی‌ ئەمدواییە، بەڵام بەشارەتی‌ ئومێدی‌ زۆرترە یەكڕیزی‌‌و یەكبونەكە بێتەدی‌، بەو پێیەی‌ ئەوە خواستی خەڵكە.

ئەم بۆچوونە عەدنانی‌ حەمەی‌ مینا، ئەندامی‌ سەركردایەتی‌ یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان پشتگیری‌ دەكات‌و دەڵێت  "هەر كەس لەئەجێندای‌ تایبەتی‌ خۆی‌و حزبایەتیەوە كار دەكات‌و بەرژەوەندی‌ نەتەوەیی‌ فەرامۆش دەكات".

عەدنانی‌ حەمەی‌ مینا بە"نیقاش"ی‌ وت "هەمووان قسە دەكەن‌و داوای‌ یەكڕیزی‌ دەكەن، بەڵام كاری‌ بۆ ناكەن‌و زیاتر بەرژەوەندییە حزبیەكانی‌ بەلاوە گرنگە، پێویستە ئیتر بیر لەبەرژەوەندییەكانی‌ میلـلەتەكەمان بكەینەوە‌و بەرژەوەندی‌ حزبی‌ تێپەڕێنین، چونكە بەرژەوەندی‌ میللەت‌و وڵاتەكەمان لەمەترسیدایە".

قسەی‌ بەرپرسانی‌ هەردوو لایەنەكە هیچی‌ لەو هەڵمەتە كەمنەكردووەتەوە كە لایەنگرانی‌ هەردوو حیزب لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دژی‌ یەكتر بەرپایان كردووە‌و رۆژو مانگەكانی‌ "خیانەتكردن" بۆ یەكتر دەژمێرن، هەر ئەمەشە وایكردووە چاودێران پێیان وابێت زەحمەت بێت لەم قەیرانەی‌ ئەمجارەشدا هێزە كوردییەكان پەند وەربگرن، بەڵكو بەپێچەوانەوە زیاتر یەكتری‌ تۆمەتبار دەكەن.

ماجید خەلیل، مامۆستای‌ بەشی‌ مێژوو لەزانكۆی‌ سلێمانی‌، پێی‌ زەحمەتە هێزە كوردییەكان بگەنە تەبایی‌‌و دەڵێت "یەكڕیزی‌ لایەنە كوردییەكان زیاتر لەخەو دەچێت".

ئەو كە شارەزایەكی‌ وردی‌ مێژووی‌ كوردە چەندین نموونەی‌ ناكۆكی‌‌و پشتكردنە یەكتری‌ لایەنە كوردییەكانی‌ لایە، بە"نیقاش"ی‌ وت "شكست‌و خیانەتەكان وایكردووە كە كورد هێشتا شیرینی سەركەوتن‌و یەكڕیزی‌ نەچەشتووە".

خەڵكی‌ كوردستان دەزانن قەیرانی‌ ئەمجارەش تێدەپەڕێت، بەڵام زەحمەتە تێپەڕبوونی‌ رۆژگار ئەم جۆرە رۆژانە لەمێژووی‌ هێزە كوردییەكاندا بسڕێتەوە.