رۆژی‌ یەك ملیۆن دۆلار زەرەر
باڵەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان شكاون

عیراق

02/11/2017‌ 3343 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
مانگێك زیاترە هەموو گەشتە نێودەوڵەتییەكانی‌ هەردوو فرۆكەخانەی‌ هەولێرو سلێمانی‌ راگیراون، ئەمەش زیانێكی‌ زۆری‌ لەو دوو فرۆكەخانەیەو خەڵكی‌ داوە.

لەپاش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لەهەرێمی كوردستان، وەك یەكێك لەكارتەكانی فشار كە حكومەتی ناوەندی عێراق دژ بەو ڕیفراندۆمە بەكاری هێنا، بڕیاری ڕاگرتنی گەشتە نێودەوڵەتیەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێرو سلێمانیی درا، بەجۆرێك كە تەنیا گەشتە ناوخۆییەكان مانەوە.

حكومەتی ناوەندی عێراق ڕۆژێك پاش ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان لە ٢٥ ئەیلول ماوەی ٣ ڕۆژی دا بەحكومەتی هەرێم كە پێویستە فڕۆكەخانەكانی ڕادەستی حكومەتی ناوەندی بكات ئەگەر نا گەشتە ئاسمانیەكان ڕادەگرێت، دواتریش لەرۆژانی ٢٩و ٣٠ ئەیلولی ٢٠١٧ سەرجەم گەشتە نێودەڵەتیەكانی هەردوو فڕۆكەخانەكە ڕاگیران‌و تەنیا گەشتی سەربازی‌و چوون‌و هاتنی دیبلۆماسی‌و شاندەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان‌و گەشتە نێوخۆییەكان مانەوە.

بەپێی‌ ئەو زانیاریانەی‌ "نیقاش" لەبەرپرسانی حكومیەوە دەستی كەوتووە زیانەكانی داخستنی فڕۆكەخانەكان بۆ هەر ڕۆژێك نزیكەی یەك ملۆن دۆلار دەبێت، ئەمە جگە لەوەی ژمارەی گەشتیاران بەڕێژەیەكی زۆر بەرز دابەزیوە، بەو پێیەی بەر لەبڕیارەكە ڕۆژانە زیاتر لە 3500 كەس لەهەردوو فڕۆكەخانەكەوە گەشتیان كردووە بەڵام ئێستا ئەو ژمارەیە بۆ كەمتر لە ٣٠٠ كەس دابەزیوە.

تاهیر عەبدوڵڵا بەڕێوبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی لەبارەی كاریگەری بڕیارەكە لەسەر ژمارەی گەشتیاران بۆ "نیقاش" وتی"ئێمە هەفتانە لەنێوان ٧٠ بۆ ١٠٠ گەشتمان هەبووە كە ئەو گەشتانە ڕۆژانە بەبەردەوامی لەنێوان هەزار بۆ 1500 كەسیان گواستۆتەوە، بەڵام ئێستا ئەو ژمارەیە ناگاتە ١٠٠ بۆ ١٥٠ كەس كە ئەوانیش لە ڕێگای بەغدادەوە گەشتەكانیان ئەنجام دەدەن"

پێشتر خشتەی فڕۆكەخانەكانی هەرێم پڕبوون لەگەشتەكانی ئەستەمبوڵ‌و بەیروت‌و عەمان‌و تاران‌و قاهیرەو دەوحەو دوبەی‌و فرانكفۆرت‌و دۆسڵدۆڤ‌و كۆپنهاگن‌و باكۆو چەندین گەشت نێودەوڵەتی دیكە، بەڵام ئێستا خشتەكە ڕۆژانە تەنیا یەك یاخود دوو گەشتی ناوخۆی تێدا دەبیندرێت بۆ بەغداد یاخود نەجەف‌و بەسڕە.

بەڕێوبەرەكەی فڕۆكەخانەی سلێمانی ئاماژە بەوە دەكات كە تائێستا هیچ هەوڵێك بۆ چارەسەركردنی دۆخەكە نیەو ئەوانیش نازانن كەی فڕۆكەخانەكە دەكرێتەوە، تاهیر عەبدوڵلا وتی "داوامان لەفڕۆكەوانی مەدەنی عێراق كردووە كە بێن دابنیشین‌و بزانین مەرجەكانی ئەوان چییە بۆئەوەی گەر بتوانین جێبەجێیان بكەین تا فڕۆكەخانەكان بكرێنەوە، بەڵام ئەوان تا ئێستا وەڵامی ئەو داوایەشیان نەداوینەتەوە"

لەهەرێمی‌ كوردستان دوو فرۆكاخانەی‌ نێودەوڵەتی‌ سەرەكی‌ هەن، فرۆكەخانەی‌ هەولێر لەكانوونی‌ یەكەمی‌ 2003 كرایەوەو فرۆكەخانەی‌ سلێمانیش لەمانگی‌ تەمموزی‌ 2005 بەفەرمی‌ كرایەوە، هەردوو فرۆكەخانە دەروازەیەكی‌ گرنگ بوون بۆ بەستنەوەی‌ كوردستان بەدەوروبەرو وەك "باڵەكانی‌ كوردستان" دەناسێنران، بەڵام ئێستا تەنیا رۆڵی‌ فرۆكەخانەیەكی‌ لۆكاڵ دەگێڕن.

هەرچەندە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق چەند جارێك ڕایگەیاندووە كە ئەوان بڕیاری ڕاگرتنی گەشتەكانیان وەك سزایەك بۆ خەڵكی كوردستان دەرنەكردووە، بەڵام هاوڵاتیەكی زۆری هەرێم بەهۆی ئەم بڕیارەوە توشی بەهەدەردانی پارەو ماندوبونی زۆر بونەتەوە.

حسێن بەرزنجی هاوڵاتیەكی شاری سلێمانییەو لەو كاتەدا، كە بڕیارەكە دراوە لەئەمریكا بووەو بۆ گەڕانەوە ناچار بووە گۆڕانكاری لەگەشتەكەیدا بكات‌و لەدەوحەوە بچێتە بەغدا پاشان بۆ هەرێم، ئەو بە "نیقاش"ی وت "من بەهۆی ئەو بڕیارەوە بەناچاری ١٦ كاتژمێر لەدەوحە مامەوە تا چاوەڕوانی گەشتی بەغداد بم، دواتریش لەبەغداد ٧ كاتژمێری دیكە مامەوە بۆ گەشتی سلێمانی، بەكۆی گشتی نزیكەی ٢٣ كاتژمێر ترانزێت بڕێك پارەی‌ زۆرم لەدەستدا"

حسێن بەرزنجی وتیشی "تاكە لایەنێك كە لەم بڕیارە قازانجی كردووە هێڵی فڕۆكەوانی عێراقە كە ئیستا هەموان ناچارن لەرێگەی ئەوانەوە گەشتەكان ئەنجام بدرێت"

بەدەر لەهاوڵاتیانیش كۆمپانیاكانی گەشتیاری زیانێكی زۆریان كردووە، چونكە وەك خۆیان دەڵین كارەكانیان بەتەواوەتی ڕاوەستاوە، بەو پێیەی ئەو گەشتە ناوخۆییانەی ئێستا هەیە پێشتریش هەر هەبووەو گەشتە نێودەوڵەتیەكانیش تەواو كەمی كردووە.

ڕێبین خەسرەو بەڕێوەبەری كۆمپانیای مونلاین كە كۆمپانیایەكی‌ گەشتیارییە لەهەرێمی كوردستان بە "نیقاش"ی وت "سەرجەم ئەو هاوڵاتیە كوردانەی لەدەرەوەی وڵات دەژین گەشتكردنیان بۆ هەرێم ڕاگرتووە، پێشتریش حكومەتی هەرێم ئاسانكاری زۆری بۆ هاوڵاتیانی بیانی كردبوو تا بێنە هەرێمەوە، كە لەعێراق ئەو ئاسانكاریانە بونی نییە، لەناوخۆش كەسێك زۆر پێویست نەبێت گەشت ناكات، هەر بۆیە ئیستا گەشتەكان بەرێژەیەكی ئێجگار زۆر كەمبونەتەوە"

ڕێبین خەسرەو لەبارەی زیانەكانی كۆمپانیاكەیان بەهۆی ئەم دۆخەوە وتی "زیانەكان لەكۆمپانیایەك بۆ كۆمپانیایەكی دیكە دەگۆڕێت، ئێمە بەهۆی ئەوەی كۆمپانیایەكی گەورەین‌و لقمان لەچەندین شار هەیە، تێچوی مانگانەمان نزیكەی ٢٥٠ هەزار دۆلارە، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەم دۆخەوە ٪١٠ی ئەو پارەیەشمان دەستناكەوێتەوە كە خەرجیەكانی خۆمانی پێدابین بكەین"

هەرچەندە داهاتی ڕۆژانەی فڕۆكەخانەكان جیاوازەو لەكاتێك بۆ كاتێكی دیكە دەگۆڕێت، بەڵام بەپێی وتەی ئومێد محەمەد ساڵح وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن بەهۆی وەستانی فڕۆكەخانەكانەوە هەرێمی كوردستان ڕۆژانە نزیكەی ملیۆنێك دۆلار دەبێت، ئەو لەبارەی زیانەكانەوە بە "نیقاش"ی وت "كاتێك باسی زیانی داخستنی فڕۆكەخانەكان دەكرێت زۆر لایەن دەگرێتەوەو تەنیا راگرتنی گەشتەكان نییە، پێشتر ڕۆژانە لانیكەم 3500 كەس لەهەردوو فڕۆكەخانەكانەوە گەشتی كردووە، گەر زیانەكان هەمووی بەكۆمپانیای فڕۆكەوانی‌و گەشتیاری‌و گومرگ‌و   Duty Free  فڕۆكەخانەكان‌و چەندان لایەنی دیكە هەژمار بكرێت، بۆ هەر ڕۆژێك نزیكەی یەك ملیۆن دۆلار زیان بەكەرتی فڕۆكەوانی گەیشتووە".

وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن لەبارەی ئەگەری بەگەڕخستنەوەی فڕۆكەخانەكان وتی "هیچ زانیاریەكی تازە نییە ئەوەندە نەبێت هەوڵەكان بۆ گەیشتن بەرێكەوتن‌و دەستپێكردنەوەی گەشتەكان بەردەوامە"

هەرچی پەرلەمانی كوردستانە كە لەماوەی رابردودا دانیشتنەكانی دەستپێكردەوە، بەڵام لیژنەی پەیوەستدار بەم پرسە هیچ بەدواداچون‌و لێكۆڵینەوەیەكیان نەكردووە، عەباس فەتاح ئەندامی لیژنەی شارەوانی‌‌و گواستنەوەو گەیاندن لەپەرلەمانی كوردستان وتی "تائیستا هیچ كۆبونەوەیەكمان لەسەر ئەو پرسە نەكردووە، لەكاتێكدا ئەم بڕیارە سزایەكی بەكۆمەڵی حكومەتی عێراقە، بەڵام پێویستە ئێمە بێهیوانەبین لەهەوڵی كردنەوەی فڕۆكەخانەكان‌و بگەینە رێكەوتنێك لەگەڵ حكومەتی ناوەندی عێراقدا".

ئێستا هیوایەك هەیە راگرتنی‌ گەشتە نێودەوڵەتییەكانی‌ هەردوو فرۆكەخانەی‌ هەولێرو سلێمانی‌ لەوە زیاتر درێژە نەكێشێت، بەتایبەتی‌ كە پێدەچێت حكومەتی‌ هەرێم لەناچاریدا رازی‌ بووبێت بەڕێوەبردنی‌ فرۆكەخانە‌كان رادەستی‌ بەغدا بكاتەوە، كە ئەمەش مەرجی‌ بەغدا بوو بۆ كردنەوەی‌ ئەو فرۆكەخانانە.