هەڵۆكانی بەغدا و هەولێر لەئاسمانی كەركوك شەڕ دەكەن

عیراق

13/06/2018‌ 4679 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: مەكتوب
زیاتر لە حەفتەیەكە جەنگێكی سارد لە نێوان هەولێر و بەغدا بە هێواشی هەڵگیرساوە، هێماكانی ئەو جەنگە زیاتر لە بڕیاری دەستگیركردن بۆ هەریەكە لە نەجمەدین كەریم پارێزگاری لەكارلادراوی كەركوك و رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك خۆی نیشان دەدا.

رۆژی ٥ی حوزەیرانی ٢٠١٨ بڕیاری دەستگیركردن بۆ رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوەی كەركوك بە تۆمەتی گەندەڵیی وخراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتی ئیدارییەوە دەركرا. پێشتریش هەر ئەو دادگایە رۆژی ٢٢ی ئایار بڕیاری دەستگیركردنی خۆی  ودەستگرتن بەسەر هەموو ماڵ و سامانی د.نەجمەدین كەریم پارێزگاری لەسەركارلادراوی كەركوكی دەركردبوو.

دوای ئاشكرابوونی ئەو بڕیارانە لە سەرەتای ئەم مانگەدا، دەمودەس مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی پ.د.ك لە راگەیەنراوێكدا پشتیوانی خۆی بۆ د.نەجمەدین و رێبوار تاڵەبانی دەربڕی. بارزانی لە راگەیەنراوەكەدا وتبووی " ئەو بڕیارانە درێژكراوەی خیانەتەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەرن" و بە نایاسایی ناوی بردوون. تائێستا تەنیا مەسعود بارزانی بەو راشكاوییەوە پشتگیرییەكانی خۆی بۆ نەجمەدین كەریم ورێبوار  تاڵەبانی دەربڕیوە.

دادگا و سیاسەت
بڕیارەكانی دادگای لێكۆڵینەوەی كەركوك سەبارەت بە پارێزگاری پێشوو و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا لەسەر بنەمای مادەكانی ٣١٦ بۆ د.نەجمەدین كەریم و ٣٣١ بۆ رێبوار تاڵەبانی دەركرابوون. كە ئەو مادانە تایبەتە بە لێكۆڵینەوەی یاسایی لە گەندەڵیی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتی گشتیی.

هەریەكە لە د.نەجمەدین كەریم و رێبوار تاڵەبانی كە ئێستا لە هەولێرەوە بە توندی پشتگیرییان لێ دەكرێت، لە لێدوانی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی مەكتوب، لە بایەخی ئەو بڕیارانە كەم دەكەنەوە و دەڵێن زیاتر تایپێكی سیاسیی هەیە نەك یاسایی.

ئەو دوو بەرپرسەی كەركوك كە زیاتر لە هەشت مانگە نەگەڕاونەتەوە بۆ كەركوك و دیاریش نییە كەی دەگەڕێنەوە، نكوڵی لە هەر خراپ بەكارهێنانێكی دەسەڵاتەكانیان دەكەن لەو كاتەی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن بوون.

سەبارەت بە ئامادەبوونی لە بەردەم داداگا، د. نەجمەدین كەریم بۆ مەكتوب وتی:"هەموو ‌ئەوانەی لە نزیكەوە لەگەڵ من كاریان كردبێ، دەزانن چەند ساڵ لە پێناوی سەروەری یاسا و دوورخستنەوەی دەستی حزب و سیاسییەكان تێكۆشاوم  وكارمكردووە. بۆیە سڵ لە هیچ دادگایەكی عادیلانە ناكەمەوە تا بچمە بەردەمی و پاكیی خۆم بسەلمێنم. بەڵام ئەو بریارانەی دادگای كەركوك دەریدەكات هێندەی بریارێكی سیاسییە هێندە بریارێكی یاسایی نین.‌ بۆیە لە خوێندنەوەی بریارەكان رقوكینە بە روونی دەبینرێ. ‌ ئەمە بۆ دادگا و دادوەرەكان كارێكی خراپە و بێلایەنی ئەو دادگایە دەخاتە ژێر پرسیارەوە."

د.نەجمەدین كەریم ئەم قسانەی لە كاتێكدا كرد كە چەند رۆژ پێشتر رێك لە ٧ی حوزەیران سەردانی مەسعود بارزانی كرد و بارزانیش بە توندی پشتیوانی خۆی بۆ ئەو و رێبوار تاڵەبانی دەربڕی و وتی "بەوپەڕی تواناوە لە پشتتان دەوەستم".

ریبوار تاڵەبانی وەكو د. نەجمەدین تانە لە بڕیارەكەی دادگای لێكۆڵینەوەی كەركوك دەدات و بە سیاسیی ناوی دەبات.

لە لێدوانیكدا بۆ مەكتوب رێبوار تاڵەبانی وتی:"  ئەوانەی دەكرێن بەناوی دادگاوە ‌ئیجرائاتێكی سیاسین و‌ هەوڵێكن بۆ سەندنەوەی ئەو دەسەڵاتانەی هەمانە. هەندێ لایەنی سیاسی توركمانی و عەرەبی هانی گرتنەبەری ئەم رێوشوێنانە دەدەن چونكە تائێستا ‌واژۆی من لە دام و دەزگاكانی كەركوك كار دەكرێ و ئەوان ئەمە بە لادان  لە یاسا ناوی دەبەن و دەیانەوێ لێم بسەنرێتەوە"

سەبارەت بە ئامادەبوونی لە بەردەم دادگا تاڵەبانی وتی:" بۆ من زۆر ئاساییە‌، ئامادەم بچم بۆ دادگا ئەگەر پرۆسەی دادگاییكردنەكە لە هەولێربێ چونكە من لەخۆم دڵنیام و هیچ هەڵەیەكم نەكردووە." بەم وەڵامەدا وا نیشان دەدا متمانەی بە دادگای كەركوك نییە بۆیە خوازیارە لە دادگایەكی هەولێر دادگایی بكرێت.

بەندكردن و غەرامەكردن
پارێزەر عەلی ئەحمەد كە پارێزەری رێبوار تاڵەبانیشە لەو دۆسێیەدا بۆ مەكتوب روونی دەكاتەوە مادەی ٣٣١ لە یاسای سزادانی عێراقی كە فەرمانی دەستگیركردنی رێبواری پێ دەركراوە. ئەگەر تۆمەتەكان ساغبوونەوە لەسەر سكاڵا لێكراو، ئەوا ‌سزای زیندانیی و غەرامەكردنی تێدایە‌ بۆ كەسانێك كە فەرمانبەر و راسپێردراوبن بە خزمەتی گشتیی ئەگەربێتو بەئەنقەست پێچەوانەی ئەركەكانی كاربكات یان كارەكانی بە باشی بەجێنەهێنێ بە ئامانجی زیانگەیاندن لە بەرژەوەندی لایەنێك و دەوڵەتێك.

لیستەكانی عەرەب ‌و توركمان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، پێشتر لە راگەیەنراوێكدا سێ‌ داواكارییان خستەڕوو لە نێویاندا دورخستنەوەی رێبوار تاڵەبانی لە هەردوو پۆستی سەرۆكی ئەنجومەن بە وەكالەت‌ و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزتگا، تائێستاش ئەو دۆسیەیە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە و دانیشتنەكانی ئەنجومەن پەكیكەوتووە.

عەلی مەهدی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەسەر لیستی بەرەی توركمانی لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی مەكتوب لەمبارەیەوە وتی:"سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە وەكالەت، مخالفی هەموو یاسا و سیستەمە كارگێرییەكانە لە ناوخۆی كەركوكدا، هەر لە ئامادەنەبوونی لە كەركوك و ئیمزاكردن لەسەر نووسراوەكان لە هەولێرەوە. ئەوە هەشت مانگە ئامادەیی نییە لە ئەنجومەنی پارێزگا و خۆی شاردوەتەوە لە بەرگێكی سیاسی دا. بۆ بریاری دەستگیركردنەكەشی، ئەوە تایبەت بوو بە دیوانی چاودێری دارایی نەك شتی تر."

بەغدا بێدەنگە
ئەم مشتومڕانە لەنێوان هەولێر و دادگای كەركوك و چەند لایەنێكی عەرەب و توركمانی لە كاتێكدایە تائێستا حكومەتی بەغدا لەمبارەیەوە بە رەسمی هیچی نەوتووە، بەڵام دانەنانی پارێزگارێكی هەمیشەیی بۆ كەركوك و جدی نەبوون لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی كەركوك، نیشانەی ئەوەیە دەیەوێ لەڕێی دادگاوە د.نەجمەدین و رێبوار تاڵەبانی كە لە هەولێرەوە زۆر پشتگیریی دەكرێن دەستگیر بكەن. ئەمەش نیشانەی جەنگێكی ساردە لەنیوان ئەو دوو پایتەختەدا كە كەمترین خاڵ هەیە لەسەری كۆك  وتەبابن. هەرگیز لە دوو شار ناچن لەناو نەخشەی وڵاتێكدابن. بەڵام ئێستا تارمایی ئەم جەنگە ساردە لە ئاسمانی كەركوكدا دەبینرێ.

كێشەكانی كەركوك هەروا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوەو هەولێر و بەغدا خەریكی دەسپێكردنی شەڕێكی ساردن