دوای 60 ساڵ لەكودەتا.. شۆفێرە تایبەتییەكەی فەیسەڵی دووەمی شای عێراق قسە دەكات

عیراق

21/07/2018‌ 7621 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
تائێستاش چیرۆكی‌ كوژرانی‌ شا فەیسەڵی‌ دووەمی‌ پادشای‌ عێراق تەمومژی‌ زۆری‌ لەبارەوە هەیە، بەشێكی‌ تری‌ ئەو چیرۆكە شۆفێرە تایبەتەكەی‌ دەیخاتەروو.

چیرۆكی كوژرانی شا فەیسەڵی دووەم دواین پاشای عێراق‌و خانەوادەكەی‌و رووداوەكانی ئەو شەوە‌و چیرۆكی دەستگیرانییەكەی لەگەڵ شازادە توركەكە، شۆفێرە تایبەتیەكەی پاشای عێراق لەم دیدارەدا دەیانگێڕێتەوە كە پەیامنێری "نیقاش" لەگەڵی سازی كردووە.

جەبار مەحمود جعێفری، كە شۆفێری تایبەتی‌و فەرماندەی پاسەوانی كۆشكی فەیسەڵی دووەم پاشای عێراقە ئەوەی بەخەیاڵدا نەهاتبوو ئەوەندە تەمەنی هەبێت‌و ببێتە شایەتحاڵی ئاشكراكردنی رووداو ‌و راستییەكانی كوشتنی شا فەیسەڵی دووەم لە بەرەبەیانی رۆژی 14ی تەمموزی 1958 لە كۆشكی ریحاب لە بەغدا، ئەو شایەتحاڵەی تەمەنی لە 90 ساڵ نزیك بووەتەوە، پێی وایە ئەو نەهامەتی‌و كارەساتانەی لە عێراقدا روودەدەن شتێك نین جگە لە درێژەكێشانی قۆناغی رشتنی خوێنی پاشاكان‌و كوشتنی خانەوادەی شاهانە بەشێوەیەك كە لەگەڵ سادەترین نەریتی مرۆڤایەتیدا ناگونجێت.

نیقاش: ماوەی چەندەت لە پیشەكەتدا بەسەربرد وەكو شۆفێری پاشا‌و كێ بۆ ئەو ئەركەی پاڵاوتی‌و كەی خزمەتت تەواو بوو؟
جعێفری: لەسەرەتا پەنجاكاندا دەستم بەكاركردن لەگەڵ شا كرد، ئەویش دوای ئەوەی لەلایەن لیژنەیەكی دیاریكراوەوە دەستنیشان كرام كە شا پێكیهێنابوو بۆئەوەی بەسەر یەكە سەربازییەكاندا بگەڕێت‌و منیش ئەو كاتە سەرباز بووم، ئەركی لیژنەكە ئەوەبوو بەدوای كەسانی شیاودا بگەڕێت بۆ كاركردن لە كۆشكی پاشایەتی، بەهۆی باڵابەرزییەكەم‌و رێكوپێكی لەشولاری سەربازیمەوە هەڵبژێردرام بۆئەوەی كار لەسەر ئۆتۆمبێلی تایبەتی شاهانە بكەم، لە كۆشك دەستم بەكار كرد‌و ماوەی كاركردنم لە كۆشكی شاهانە هەشت ساڵی لەسەریەك بەردەوام بوو.

نیقاش: باسی دیارترین خەسڵەتی كەسایەتی شا-مان بۆ بكە؟
جعێفری: شا گەنجێكی بەخشندەی هێمن‌و زۆر سادەبوو، لەگەڵ هەژاران لە چایخانە گشتییەكاندا دادەنیشت‌و بەبێ كۆت‌و بەند‌و  پاسەوانی تایبەت بەناو بازاڕدا دەگەڕا، لە كاروباری وڵات دڵنیابوو، لە ئەنجامی ئەو سەقامگیرییە ئەمنییەی بەرقەرار بوو، بە دەستوور حوكمی دەكرد، ئەو كاتە وڵات گەیشتبووە ئاستێكی بەرزی خۆشگوزەرانی‌و سەقامگیری‌و گەشەسەندن، ئەو كاتە ئەو نەخۆشی رەبوی هەبو‌و لە ژیانیدا لەخەڵك جیانەدەبووەوە، بەخەیاڵی كەسدا نەدەهات كە رۆژێك لە رۆژان "عەبدولكەریم قاسم" ستەمی لێ بكات، چونكە یەكێك بوو لە ئەفسەرە نزیكەكانی ئەو‌و نوری سەعیدی سەرۆكی حكومەت، تەنانەت ئەو كاتە شا تەنیا سێ پۆلیسی بۆ پاراستنی بینای رادیۆ تەرخان كردبوو.

هەرچی شانشینەكەشە ئەوا لەلایەن عەبدولئیلای خاڵیەوە بەڕێوەدەبرا، هەروەها شا هەموو رۆژانێكی هەینی سەردانی گۆڕی دایك‌و باوكی دەكرد لە گۆڕستانی شاهانە، لەبیرمە ئەو رۆژەی لە چایخانەیەكی میللی دانیشتبووم كە دەكەوتە نزیك كۆشكی شاهانە‌و رێكەوت وابوو شا لەوێوە تێپەڕی‌و بینیمی دانیشتووم بۆیە هاتە نێو چایخانەكە‌و لە تەنیشتمەوە دانیشت‌و داوایكرد پێكەوە هەندێك یاری بۆ كاتبەسەربردن بكەین، تەنانەت لەبیرمە خاوەنی چایخانەكە بەبۆنەی هاتنی شاوە پارەی لە هیچ كەسێكی نێو چایخانەكە وەرنەگرت.

نیقاش: بڕی چەندە پارەت وەردەگرت؟
جعێفری: بڕی حەڤدە دینار‌و نیوم وەك مووچە وەردەگرت‌و مووچەكەم لە سریەی سوارچاكانی سەر بەكۆشكی شاهانە بۆ خەرج دەكرا كە مووچەیەكی زۆر بوو بەراورد بەو بڕە پارەیەی سەربازان لە یەكە سەربازییەكان وەریان دەگرت، بەم شێوەیەش مامەوە تا كودەتاكەی عەبدولكەریم قاسم روویدا ئیتر دوای ئەوە گواسترامەوە بۆ یەكەیەكی سەربازی نوێ لە موسڵ‌و لەوێشەوە گواسترامەوە بۆ ئاكرێ‌و چەند شوێنێكی تر.

نیقاش: ئایا ئامادەی هیچ دیدارێكی دیاریكراو بوویت لەگەڵ شا؟
جعێفری: من لە كاروانی شاهانەدا بووم‌و ئەركمان گواستنەوەی میوانە رەسمییەكان بوو، بەشداریم كردووە لە ئاهەنگی پێشوازیكردن لە شا "عەبدولعەزیز ئال سعود"‌و "حسێن كوڕی عەبدوڵڵا" پاشای ئوردن‌و ئاهەنگی پێشوازیكردن لە "كەمیل شەمعون" سەرۆك كۆماری لوبنان، ئەركەكەشم بریتی بوو لە گواستنەوەی میوانە رەسمییەكان لە فڕۆكەخانەی موسەنناوە بۆ بارەگای حەوانەوەیان، چەندین جاریش لەگەڵ شا سەفەرم كردووە كە زۆربەیان لە سەیرانەگەشتەكاندا بووە بۆ هاوینەهەواری سەرسەنگ‌و شوێنەكانی دیكە.

نیقاش: باسی كاتی هێرشكردنە سەر كۆشكمان بۆ بكە، وەسفێكی كۆشكمان دەوێت لە ناوەوە، چۆن خانەوادەی شاهانە بەخەبەر هاتن لەو رووداوەدا‌و چی روویدا؟
جعێفری: شا لەگەڵ خانەوادەكەیدا بوو لە كۆشكی ریحاب كە دەكەوێتە بەری كەرخ، چاوەڕوان دەكرا عەبدولكەریم قاسم یاوەری فەوجێكی سەربازی بكات بەرەو ئەردەن بۆ ئەركێكی سەربازی، بەڵام هەر زوو قاسم ئاڕاستەی یەكە سەربازییەكانی گۆڕی كە بەڕێوەبوون بەرەو ئەردەن و ئاڕاستەی كردن بەرەو هەڵكوتانە سەر كۆشك، ئەمە لە سەعات شەشی بەرەبەیان روویدا، بەشێوەیەكی ئاسایی یەكە سەربازییەكان توانیان كۆشكی شاهانە داگیر بكەن دوای ئەوەی هەماهەنگییان لەگەڵ فەرماندەی لیوای پاسەوانی شاهانە كردبوو كە تەنیا دوو كیلۆمەتر لە بینای كۆشك دوور بوو، هەروەها لەگەڵ ئەو دەوریەیەش كە پاراستنی كۆشكی پێ سپێردرابوو، ئیتر ئەوە روویدا كە ڕوویدا.

نیقاش: رووداوەكانمان بۆ تەواو بكە، دوای ئەوە چی روویدا؟
جعێفری: دوای ئەوەی گەمارۆی كۆشك درا عەبدولئلای وەسی هاتە دەرەوە‌و دوای ئەویش پاشا هاتە دەرە‌وە‌و قورئانێك‌و پارچەیەك قوماشی سپی بەدەستەوە بوو هەموو ئەندامانی خانەوادەكەی‌و ژمارەیەكی كەم لەخزمەتكارانی كۆشك‌و پاسەوانەكانی لەگەڵ بوو، دوای كۆبوونەوەی خانەوادەكە لەحەوشەیەكی بچووكی باخچەكەدا ئەو ئەفسەرەی ئەركی هەڵكوتانە سەر كۆشكی پێ سپێردرابوو كە ناوی عەبدولستار سەبع عەبوسی بوو خەڵكی پارێزگای بەسرە بوو، تەقەی لێكردن‌و پاشا‌و میر عەبدولئیلا‌و شاژنە نەفیسە‌و شازادە عابدیە گیانیان لەدەستدا‌و ئەوانی دیكەش بریندار بوون، دوای ئەوە هێرشبەران تەرمی وەسییان بە شەقامەكانی بەغدادا گێڕا‌و پاشان بەدەروازەی وەزارەتی بەرگریدا هەڵیانواسی‌و تەرمی پاشا‌و خانەوادەكەشیان لە گۆڕستانی شاهانە بەخاكسپارد‌و تا ئەمڕۆش گۆڕەكانیان دیارن، بەڵام باشتر بوو كودەتاچیەكان پاشا‌و خانەوادەكەیان دووربخستایەتەوە وەك ئەوەی لە میسر روویدا.

نیقاش: پێتوایە لە كۆشكی شاهانەدا خیانەت كرابێت، چۆن ئەوە كراوە؟
جعێفری: بەڵێ خیانەتێكی ئاشكرابوو، چونكە عەقید تەها موستەفا محەمەد بامەرنی كە فەرماندەی پاسەوانانی شاهانە بوو بە بەردەوامی یەكێك بوو لە ئەفسەرە نزیكەكانی شا فەیسەڵ، بەڵام دواتر دەركەوت ئەوانەی بە ئەفسەرانی ئازادیخواز ناسرابوون رێككەوتنێكیان لەگەڵ كردبوو سەبارەت بە سەعاتی هێرشەكە‌و رەزامەندییان بەدەستهێنابوو كە شەڕی ئەو یەكە سەربازیانە نەكات كە هێرش دەكەنە سەر كۆشك، هەر ئەوەش روویدا، چونكە دەیتوانی یەكەكانی جووڵە پێ بكات‌و بەرگری لە پاشا‌و كۆشك بكات، دواتریش"عەبدولكەریم قاسم" كردیە فەرماندەی ئەوەی بە بەرگری میللی ناسرابوو.

نیقاش: جیاوازی چیە لە نێوان سیستمی پاشایەتی‌و ئەو سیستمانەی دواتر بینیتن؟
جعێفری: جیاوازییەكە بەرفراوانە لەنێوان دوێنێ‌و ئەمڕۆدا لەڕووی ئاسایش‌و ئەخلاق‌و شەرەف‌و رێبەرایەتیەوە، پێم وایە ئەو كارەساتانەی بەسەر خانەوادەی شاهانەدا هاتن كودەتایەكی رەشبوو بەهەموو وردەكارییەك، لەبەرئەوە‌و بەهۆی خۆشەویستی زۆرم بۆ ئەو قۆناغە بڕیارم دا شاهانە بمێنمەوە‌و شاهانە بمرم، چونكە خۆشەویستیم بۆ پاشا وەسف ناكرێت، هەر بۆیە دەبینیت هەموو شتێكیانم پاراستووە، لە دوای ئەو رووداوەی ساڵی 1958‌و تا ئەمڕۆش سەردانی شوێنی كۆشكم نەكردووە تا ئەو رووداوە ئازاربەخشانەم بیر نەكەوێتەوە.

نیقاش: دەوترێت ئامادەی ئاهەنگی مارەبڕینی پاشا بوویت؟
جعێفری: بەڵێ وایە لە هۆڵی شا فەیسەڵی دووەم لە بابولموعەزەمی ناوەڕاستی بەغدا ئاهەنگی مارەبڕینی پاشا‌و شازادە فازیڵەی توركمان رێكخست‌و منیش ئامادە‌و بەشداربووم لەو ئاهەنگەدا،  بڕیاریش بوو پاشا لە هەمان رۆژی كودەتاكەدا هاوسەرگیری بكات، بەڵام مەرگ پێشتر گەیشت.