شارپرێس:
بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" کە پشتی بەلێدوانی بەرپرسانی ئەمریکی بەستوە، محەمەد بن
سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودییە داوای لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردوە کە
فەرمانی لێدانی سەربازیی دژی حوسییەکان لە یەمەن دەربکات، ئەمەش دوای ئەوەی ئەو
هێزە بەرەو گەروی بابولمەندەب پێشڕەوییان کرد .
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەکردوە کە بن سەلمان لە ڕێگەی دوو
پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە لە ڕۆژی پێنجشەممەی رابردوو، ترەمپی لە تێکچونی دۆخی مەیدانی
ئاگادار کردۆتەوە و داوای دەستوەردانی ڕاستەوخۆی سەربازی ئەمریکای کرد. بەڵام ترەمپ
داواکەی ڕەتکردۆتەوە و بەرپرسانی ئەمریکیش بە هاوتا سعودییەکانیان ڕاگەیاندوە کە
واشنتۆن لەم کاتەدا نیازی نییە ڕاستەوخۆ بچێتە ناو شەڕی حوسییەکانەوە.
ئەم داوایەی سعودیە دوای ئەوە هات کە حوسییەکان دەستیان
بەسەر شارێکی ستراتیژی لەسەر دوریای سوردا
گرت و بەرەو تەنگەی بابولمەندەب پێشڕەوییان کرد، کە ڕێڕەوێکی سەرەکیی بازرگانیی جیهانی
و هەناردەی نەوتی سعودییەیە. ئەم گۆڕانکارییانە نیگەرانیی لە واشنتۆن دروستکردوە
کە کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکە لەلایەن حوسییەکانەوە، کارتێکی گوشاری زیاتر دەداتە دەست
ئێران بەرامبەر ئەمریکا و هاوپەیمانانی کەنداو، بەتایبەت لە سایەی ئاڵۆزییەکانی تەنگەی
هورمز.
لەراپۆرتەکەدا هاتوە: ئەمریکا لەکاتێکدا بە نیگەرانییەوە
چاودێری گەشەسەندنی ئاڵۆزییەکان دەکات، هەوڵدەدات ئاستی پشتیوانییەکانی بۆ سعودیە
زیاد بکات بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ بەشداری سەربازیی بکات. لەم چوارچێوەیەدا، ئەدمیراڵ
براد کۆپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، گەیشتە سعودیە بۆ ئەنجامدانی
دانوستانی هەماهەنگیی بەپەلە.
بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕێنماییەکانی
ترەمپ جەخت لەسەر مانەوەی سەرنجی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران و تەنگەی هورمز دەکەنەوە
و دەیانەوێت لە کردنەوەی بەرەیەکی نوێ لەگەڵ حوسییەکان بەدور ببن.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، واشنتۆن بەردەوام دەبێت لە بەخشینی زانیاریی
هەواڵگریی بە سعودیە و تەنها 200 سەربازی ئەمریکی لە سعودیە هەن بۆ پێشکەشکردنی
پشتیوانییەک کە ئۆپەراسیۆنی هێرشبەرانە نەگرێتەوە. هەروەها بەرپرسێکی ئیدارەی ترەمپ
دوپاتی کردۆتەوە کە لەپێشینەی ئەمریکا پاراستنی ئازادی دەریەوانییە لە دەریای
سور، و ئیدارەدانی ڕوبەڕوبونەوە فراوانەکە بۆ هاوپەیمانە ناوچەییەکان بەجێدەهێڵێت.
ئەکسیۆس ئاماژەی بەوەکردوە کە ئەم داوایەی بن سەلمان گۆڕانکارییەکی
بەرچاوە لە هەڵوێستی ڕیاز، چونکە لە تەمموزی ڕابردودا بە واشنتۆنی راگەیاندبوو کە
خۆیان دەتوانن ڕوبەڕوی حوسییەکان ببنەوە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی