شارپرێس:
ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانی
و سیاسییە تازەکان زانیاری نوێیان سەبارەت بە دروستکردنی شوێنی نیشتەجێبونی تایبەت
بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کۆمەڵکارانی کوردستان (PKK) لە دورگەی ئیمڕاڵی
ئاشکراکردوە.
خانمە ڕۆژنامەنوس
ناگیهان ئاڵچی لەزاری سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی (MHP) دەوڵەت باخچەلیەوە گواستویەتییەوە، کە خانویک بۆ ئۆجەلان
لە دورگەکەدا دروستکراوە. دوابەدوای ئەوە، شامیل تایار، پەرلەمانتاری پێشوی پارتی
داد و گەشەپێدان (AKP) وردەکاریی زیاتری
لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوکردەوە.
تایار ڕونیکردۆتەوە
کە پێشتر زانیاریی لەسەر بابەتەکە هەبوە، بەڵام بۆ وەفاداری بەرامبەر سەرچاوەکەی بێدەنگی
هەڵبژاردوە. ئاماژەی بەوەش کردوە کە ئەو "خانوو"ەی باخچەلی باسی کردوە، ڤێلایەکی
2 نهۆمییە و بۆ مەبەستی نیشتەجێبون و کارکردن بەیەکەوە دیزاین کراوە.
هەروەک
وتویەتی: ڕوبەری گشتیی ڤێلاکە 250 مەتر دوجایە
و بە باخچەیەک دەورەدراوە کە ڕوبەرەکەی زیاترە لە دوو بەرامبەری ئەوە. هەروەها بیناکە
بە تەواوی ژێرخانی تەکنەلۆجی وەک ئینتەرنێت و پەیوەندی ڤیدیۆیی ئامادەکراوە.
تایار وتوشیەتی
کە ئۆجەلان هێشتا بە تەواوی بۆی نەگوێزراوەتەوە، بەڵام بۆ کارە نوسینگەییەکانی سودی
لێ دەبینێت.
تایار ئاماژەی
بەوەکردوە، کە لە ڕوی سیاسییەوە، داواکارییەکانی ئۆجەلان بۆ گۆڕینی دۆخی یاسایی و
کارگێڕییەکەی لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمارەوە ڕەتکراونەتەوە،
بەوپییەی ئەردۆغان بەپێویستی دەزانێت پێش هەر هەنگاوێکی کردەیی، دڵنیایی تەواو لە
چەکدانانی ڕێکخراوەکە وەربگیرێت، کە تایار ئەم هەڵوێستەی بە "بڕیاری ڕاست"
وەسف کردوە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا
ئاڵی
