عارفەی ریفراندۆم.. زریانی بەر لەجەژنێكی نەهات

کوردستان

25/09/2018‌ 1619 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: كەركوك ناو
پۆستێكی فەیسبوكی چاوەڕواننەكراو خەریكە تەواوی ئەو ریسە بكاتەوە بە خوری، كە بارزانی نزیكەی سێ مانگە دەیڕێسێت بۆ سازدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی و ئەوەنەشی نەماوە خەونی گەشتی جیهان بە پاسپۆرتی كوردییەوە بكاتەوە خەونی نیوەڕێگا.

"بڕیارماندا بە قبوڵكردنی پێشنیارەكانی هاوپەیمانان وەك بەدیلی ریفراندۆ"، پۆستەكە هی بافڵ تاڵەبانی، كوڕە گەورەی مام جەلالە، كە لە درەنگانێكی ئێوارەی رۆژی 23ی ئەیلولی 2017دا بڵاوكرایەوە، نوسینەكە هەستێكی تێكەڵاو لە سەرسوڕمان و راچڵەكینی بەهەرێمدا پەخشكرد، كە رۆژێك دواتر خەونی دێرینەی نەتەوەیەك لە سەنگی مەحەك دەدرێت.

لە ناوماڵ و بازاڕ و فەرمانگەكاندا، لە چایخانە و شوێنە گشتییەكاندا هەموان چاویان لەسەر ئەو هەواڵە بەپەلەیە‌یە كە خێراخێرا لەسەر شاشەی تیڤییەكان دەردەكەوێت و هەرێمی دابەشكردووە بەسەر دوو بەرەدا كە هەریەكە و لە ئاوازێك دەخوێنێت.

ئەو پۆستە دوای كەمتر لە 24 كاتژمێر لەوتارێكی حەماسی بارزانی هات لەنێو ئاپۆڕای دەیان هەزار كەس لە هەولێر كە تیایدا وتی “ئەم پرسە لەدەستی من و حزبەكان دەرچوە و كەوتۆتە دەستی ئێوە”، وەك ئاماژە‌یەك بەوەی ناگەڕێنە دواوە.

بارزانی لەگەڵ راوەشاندنی پەنجەی راستیدا زیاتر وتی “من ئەو كەسەنیم خۆم شەرمەزاری میللەتەكەم بكەم”.

ئەمە دواوتاری بارزانی بوو وەك بانگەشەی ریفراندۆمی 25ی ئەیلولی 2017 لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی جێناكۆك، دوای زیاتر لە سێ مانگ بێنەوبەردە و دەیان كۆبونەوەی جۆراوجۆری ناوخۆیی و دەرەكی بۆ دواخستنی، بەتایبەت لە ‌ناوچەكانی جێناكۆك.

لە 7ی حوزەیرانی 2017 لە سەڵاحەدین كە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی لێیە، نوێنەری پارتە سیاسییەكانی ناو پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان، جگە لە هەردوو بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی كە پێكەوە خاوەنی 30 كورسین لە كۆبونەوەدان.

بارزانی كە ئەوكات سەرۆكی هەرێم بوو، سەرپەرشتی كۆبونەوەكە دەكات، بڕیاردرا 25ی ئەیلولی 2017 ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی جێناكۆك بەڕێوەبچێت و ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم پێكهێنرا بە سەرۆكایەتی بارزانی.

ئەم بڕیارە دۆخی هەرێمی كوردستانی خستە قۆناغێكی نوێوە، بەشێك لەلایەنەكان داوایاندەكرد كۆدەنگی لەسەر هەبێت، یان لەپەرلەمانەوە بڕیاری لەسەر بدرێت و بەشێكیشیان پێیانوابوو لە ئێستادا كاتی ریفراندۆم نییە.

دوای سێ رۆژ یەكێتی و پارتی بڕیاریاندا پەرلەمانی كوردستان بۆ مەبەستی ریفراندۆم كارابكەنەوە، كە نزیكەی دوو ساڵ بوو بەهۆی ناكۆكییە سیاسییەكانەوه بەبڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی پەكخرابوو .

بڕیاری ریفراندۆم له مانگی ئەیلول‌ و لە پەرلەمان وەكو خۆی پەسەندكرا، ئەوەش سەرەتای دەستپێكردنی ئەو مشتومڕە بوو كە سێ مانگی خەیاند و بەئەنجامدانی ریفراندۆم كۆتایی هات.

جگە لە گۆڕان و كۆمەڵ كە پێیانوابوو زەمینەی ریفراندۆم لەبارنییە، تەواوی پارتەكان پشتیوانییان لە بارزانی كرد، بەڵام جوڵانەوەی “نەخێر لە ئێستادا” بۆ ریفراندۆم پێكهێنرا، هەرچەندە كاریگەری ئەوتۆی نەبوو لەسەر پرۆسەكە.

پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەناوچەكانی جێناكۆك یەكێك بوو لەو بابەتانەی زۆرترین مشتومڕی بەدوای خۆیدا هێنا، سەركردایەتی كەركوكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان جگە لە نەجمەدنی كەریم كە پارێزگاری كەركوك بوو، لەدوایین رۆژە‌كانی بانگەشەدا بەتەواوی دژایەتی ئەو پرۆسەیان كرد.

بەڵام سەركردایەتی یەكێتی لە سلێمانی و هەولێر زۆر بەگەرمی و هاوشانی بارزانی بانگەشەیاندەكرد، بەتایبەت هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، هاوسەری جەلال تاڵەبانی، كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی و مەلا بەختیار و ئەندامانی تری مەكتەبی سیاسی.

كۆتایی مانگی هەشت ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، كە رێبوار تاڵەبانی سەرۆكایەتی دەكرد، بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا بەشداری لە پرۆسەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستاندا بكات، ‌بێ گوێدانە بایكۆتی هەردو نەتەوەی عەرەب و توركمان لە ئەنجومەنەكە.

مەسعود بارزانی لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ، لە 12ی ئەیلول سەردانی شاری كەركوكی كرد و لەگەڵ جەختكردنەوە لە ریفراندۆم لەكاتی خۆیدا وتی “كەركوك شارێكی كوردستانییە و ریفراندۆم دەكات”، ئەمەش گڕی بەردایە ماڵی پێكهاتەكانی ئەو شارە.

سێ رۆژ دوای ئەو سەردانەی بارزانی، سەركردایەتی یەكێتی لە كەركوك، هۆشداریی لێكەوتەی خراپی ریفراندۆمی لە پارێزگاكە ئاراستەی مەسعود بارزانی كرد.

رەوەند مەلا مەحمود، جێگری مەڵبەندی یەكێتی لە كەركوك، بە(كەركوك ناو) وت “دۆخی كەركوك جیاوازبوو، تا 23ی مانگ تێگەیشتنێك دروستبوو لەلایەن یەكێتیی و تەنانەت بەرپرسانی پارتی لە كەركوك كە ریفراندۆم لە كەركوك نەكرێت، بەڵام ئەوەبوو كراو ئەو بارودۆخە هات بەسەر كەركوكدا”.

دۆخەكە زۆر ئاڵۆزە، خەریكە ئەو بەرەیە فراواندەبێت، كە لەگەڵ دواخستنی ریفراندۆمن، هاوپەیمانان ناڕازین، ئێران و توركیا و عیراق بەئاشكرا هەڕە‌شه ‌دەكەن.

پارتی هەڵوێستی رونە و هیچ گۆڕانكارییەك روینەداوە، بەڵام دۆخی ناو یەكێتی باش نییە، ئۆرگانەكانی ئەو حزبه ‌و سەركردەكانی یەكێتی تەنیا لە دوو رۆژی بەر لە ریفراندۆمدا 24 راگەیەنراویان بڵاوكردەوە، زۆرینەیان جگە لە كۆسرەت رەسوڵ و نەجمەدین كەریم لەگەڵ دواخستنی ریفراندۆم بوون، ناوەندی بڕیاری یەكێتیش كە ئەوكات لەدەستی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەددا بوو تاڕادەیەك بێدەنگ بوو‌.

دۆخەكە ئەگەر بۆ هەرێمی كوردستان تاڕادەیەك ئاسایی بێت، بۆ كەركوك تەواو پێچەوانە بوو‌، بۆیە ململانێیەكە گوازرایەوە‌ بۆ ئەو شارە و ئەگەری ئەوە لە ئارادا بوو هەوڵی دواخستنی ریفراندۆم لەو شارە سەركەوتوو بێت.

رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و لایەنگرێكی سەرسەختی ریفراندۆم لەپاڵ نەجمەدین كەریم، بە (كەركوك ناو)ی وت “یەكێتی هەوڵیدا ریفراندۆم لە كەركوك نەكرێت… لەدوا رۆژهەكانی بانگەشە لە كۆبونەوەیەكدا بەشداربوم كە كاك كۆسرەت، كاك نەجمەدین كەریم و مەلا بەختیار و ئاسۆ مامەند نوێنەری بەشێك لە پارتەكانیش بەشداربون، قسە لەسەر ئەوەكرا مانعێك نییە ریفراندۆم لە كەركوك نەكرێت، بەڵام یەكێتی خۆی هەڵوێستی دەرنەبڕی كە ریفراندۆم نەكرێت”.

23ی ئەیلول مەڵبەندی یەكێتی لە كۆبونەوەی حزبە كوردییەكان بەڕە‌سمی ئەنجامدانی ریفراندۆمی لە كەركوك رەتكردەوە، هەڕەشەی رێگریی كرد لەدانانی سندوقەكانی دەنگدان.

“كەمتر لە پێنج سەعاتی تر هەموو شتێك بۆ خەڵك یەكلاییدەبێتەوە لەسەر پیلانە هەواڵگرییەكانی توركیا دژ بەكەركوك”، ئەمە بەشێكە لە راگەیەنراوێكی سەركردەكانی یەكێتی لە كەركوك لە پەیجی رەسمی لە فەیسبوك 23ی ئەیلول بڵاوكرایەوە.

رێبوار تاڵەبانی وتی “فشار هەبوو بۆ سەر من، بەڵام من بەگوێی تەنیا حزبێكم نەدەكرد، چاوەڕێی بڕیاری هەموو حزبەكانم بووم”.

كات بۆ گفتوگۆ نەمابوو، چوار سەركردەی كورد كە بارزانی گوێی لێدەگرتن، پێداگرییان كرد كە ریفراندۆم لە كەركوك بكرێت، ئەوانیش كۆسرەت رەسوڵ، نەجمەدین كەریم، كەمال كەركوكی و محەمەدی حاجی مەحمود بوون، ئەوەش بەپێی وتەی رەوەند مەلا مەحمود.

رەوەند هەروەها وتی “حزبە بچوكەكانیش رۆڵی خراپیان هەبوو لە هاندانی بارزانی بۆ ئەوەی ریفراندۆم بكات”.

سەرچاوەیەك كە لەزۆرینەی كۆبونەوەكانی یەكێتی بەشداریی كردوه لەو ماوەیەدا‌، وتی “كاك كۆسرەت تەنانەت بەهێزەوە هات بۆ كەركوك و ئەگەر ریفراندۆم نەكرایە 24ی ئەیلول خوێن دەڕژا، دكتۆر نەجمەدین و خودی بارزانیش پشتیوانییان دەكرد، بۆیە ناچار ئەو سەركردانەی لەكەركوك دژی ریفراندۆم بون لە پارێزگاكە بێدەنگیان لێكرد”.


بارزانی لەو ماوەیەدا بەدەیان كۆبونەوەی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریكا ئەنجامدا بۆ پرسی ریفراندۆم، پۆل پۆل باڵیۆزی وڵاتان، وەزیرانی دەرەوە و سیاسەتمەدارانی ئەوروپی و ئەمریكی و ناوچەكە سەردانی دەكەن.

لە 14ی ئەیلول، كە تەنیا 11 رۆژی مابوو بۆ ریفراندۆم، شاندێكی باڵای هاوپەیمانان لە برێت مەكگۆرك، نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا و یان كۆبیچ، نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی ئەمەریكا لەعیراق و فرانك بەیكر، باڵیۆزی بەریتانیا گەیشتنە لای بارزانی.

دانیشتنەكە لە سەنتەری سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنی دژی داعش لە دهۆك بەڕێوەچوو، تیایدا وەفدەكە بەدیلێكیان لە جێگای بەڕێوەچونی ریفراندۆم خستەڕوو.

لە كۆبونەوەكەدا ئەمریكا، بەریتانیا، فەرەنسا و نوێنەری یوئێن، پێشنیازیان كردوە، پرسی كورد و ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێم ببردرێتە كۆبونەوەكانی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكان. داواشیانكردبوو بۆ دوو ساڵ پرسی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی دوابخرێت.

كات زیاتر دەڕوا و مقۆمقۆی دواخستن تەشەنەدەسێنێت، رۆژی 23ی ئەیلول كۆمسیۆن هەموو ئامادەكارییەكان تەواودەكات و چاوەڕێی ئۆكەی كۆتاییە.

لەوكاتەدا پۆستێكی بافڵ تاڵەبانی، كوڕە گەورەی مام جەلال سەرۆككۆماری پێشوی عیراق، “بڕیارماندا لەسەر پەسەندكردنی بەدیلی پێشنیازكراوی نەتەوە یەكگرتوەكان، ئەمریكا، فەرەنسا و بەریتانیا، بۆیە پێمانباشترە ئەم بەدیلە تاقیبكرێتەوە و كورد بە یەك دەست ‌و یەك ئەجێندا لە بەغدا، گفتوگۆیەكی مێژویی خۆی لەسەر هەموو پرسەكان بكات، تا ئەنجامدانی گشتپرسی لەئێستادا”، ئەمە دۆخەكە بۆ چەند كاتژمێرێك دەباتە قۆناغێكی ترەوە.

دوای كەمتر لە دوو كاتژمێر، پافڵ تاڵەبانی لە راگەیەندراوێكدا وتی كە نوسینەكە بە هەڵە لەلایەن یەكێك لە كارمەندانی بەشی راگەیاندنی نوسینگەكەی بڵاوكراوەتەوە، دوای ئاگاداركردنەوەی لابراوە.

بارزانی وەكو سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم داوای كۆبونەوەی ئەنجومەنەكە دەكات لە 24ی ئەیلول رۆژێك بەر لە ریفراندۆم، كۆبونەوەكه كە مەبەست لێی تاوتوێكردنی بەدیلەكانی هاوپەیمانان بوو،‌ بەڕاگەیەنراوێك كۆتایی هات “ریفراندۆم لە وادەی خۆیدا دەكرێت”.

ئەكرەم ساڵح، ئەندامی سەركردایەتی پارتی بە (كەركوك ناو)ی وت “هەرچەندە فشاری ناوخۆیی وەكو گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی هەبوو، لەگەڵ بەشێكی یەكێتیش، هەروەها فشاری توندی دەرەكی، بەڵام جەنابی سەرۆك هەر سوربوو لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم”.

ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی جێناكۆك لەسەدای 92ی دەنگی بەڵێی بەدەستهێنا؛ بەڵام جادوو بەسەر جادوگەرەكەدا هەڵگەڕایەوە. دوای 21 رۆژ و لە 16ی ئۆكتۆبەردا، لەماوەی شەوو رۆژێكدا، هێزە عیراقییەكان بۆ تەواوی ناوچەكانی جێناكۆك گەڕانەوە، ریفراندۆم-یش لەژێر فشاری بەغدادا سڕكرا.

هەر ئەوە نەبوو، خەونی رەنگاڵەیی سەدان كەس بۆ فڕین بە پاسپۆرتی كوردییەوە نەیەتەدی، بەڵكو بۆ ماوەیەكی دوورودرێژیش فڕین بە هەر پاسپۆرتێكەوە كاری نەكردە بوو.

بەپەلە