پارتی‌و یەكێتی لەسەر بەشداری گۆڕان لەحكومەتی هەرێم ناكۆكن

کوردستان

18/11/2018‌ 3684 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی لەسەر بەشداریكردنی گۆڕان لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان ناكۆكن‌و لەو بارەشەوە بۆچوونی جیاوازیان هەیە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دەست شارپرێس كەوتووە، پارتی دیموكرات لەگەڵ ئەوەیە بزووتنەوەی گۆڕان بەشداری كابینەی نۆی حكومەتی هەرێم بكات، ئەوەش لەپێناوی پاراستنی هاوسەنگی هێز لەهەرێم بەتایبەتی لەپارێزگای سلێمانی.

هەر بەپێی زانیارییەكان، لەبەرانبەر ئەو خواستەی پارتی، یەكێتی نیشتمانی پێی باش نییە گۆڕان بەشداری لەكابینەی نوێ‌ بكات‌و بۆ ئەو مەبەستەش قسەیان لەگەڵ بەرپرسانی پارتی كردووەو بیانووی ئەوەشیان هێناوەتەوە، كە گۆڕان سیناریۆی كابینەی پێشوو دووبارە دەكاتەوەو لەنیوەی كابینەكە دەكشێتەوە.

بزووتنەوەی گۆڕان خاوەنی 12 كورسی پەرلەمانییەو تائێستا بڕیاری یەكلاكەرەوەی لەبارەی بەشداری لەحكومەت نەداوە، بەڵام ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن بەشداری دەكات، بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆ لەگەڵ پارتی دەكات، كە ئەمەی دووەم براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی 30 ئەیلوولی رابردووە.

گۆڕان لەخولی پێشووی پەرلەمان خاوەنی 24 كورسی پەرلەمانی بوو، لەكابینەی هەشت بەشداری كرد، بەڵام بەهۆی ناكۆكییەكانی لەگەڵ پارتی لەكابینەكە كشایەوەو ئەوەش كێشەی بۆ حكومەت دروست كرد.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، پارتی‌و یەكێتی لەكۆبوونەوەی رۆژی شەممەیان لەشاری سلێمانی لەبارەی بەشداری گۆڕان گفتوگۆیان كردووە، بەڵام لەو بارەوە نەگەیشتوون بەئەنجامی كۆتایی ‌و بڕیارە گفتوگۆكانیش بەردەوام بێت.

هەر رۆژی شەممە، شاندی پارتی لەشاری سلێمانی لەگەڵ شاندی گۆڕان كۆبوونەوەیان كرد، بەڵام كۆبوونەوەكەیان راوێژكاری بووە، كە مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی لەدوای كۆبوونەوەكە رایگەیاند، ئەوان دەیانەوێت گۆڕان بەشداری بكات.

لەبەرانبەردا شۆڕش حاجی وتەبێژی گۆڕان رایگەیاند، ئەگەش بەشداری لەحكومەت بكەن، ئەوە دەیانەوێت شەریكێكی راستەقینە بن‌و بەشێكبن لەبڕیارەكانی ئەو حكومەتەی بەشداری تێدا دەكەن.

هـ ـ ح

بەپەلە