دەقی ڕێككەوتننامەی 11ی ئازاری 1970
دوای 49 ساڵ كورد لەباشوور هەمان داواكاری لەحكومەتی عێراق هەیە

عیراق

11/03/2019‌ 4934 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕێككەوتننامەی 11ی ئازاری 1970 لەئەنجامی خەباتی شۆڕشی گەلی كورد، لەنێوان سەركردایەتی شۆڕش‌و رژێمی عێراق ئەوكات واژووكرا، كە رێككەوتنەكە لەمێژووی نوێی كورددا گرنگی خۆی هەیە.

ئەمڕۆ 49 ساڵ بەسەر واژووكردنی ئەو رێككەوتنە تێدەپەڕێت، كە لەكاتی واژووكردنی رێككەوتنەكە بەدەستكەوتێكی گەورەی سیاسی لەقەڵەمدراوە، كە ئێستا دوای ئەوەندە ساڵەش كورد هەمان داواكاری لەحكومەتی ئێستای بەغدا هەیە.

بایەخی ئەو ڕێككەوتنەكە لەوەدابوو, كە بۆ یەكەمجار لە بەڵگەنامەیەكی فەرمی و یاساییدا لەلایەن یەكێك لەو دەوڵەتانەی، كە بەشێكی كوردستانی لەتكراوی پێوە لكێنراوە، لەچوارچێوەی ئۆتۆنۆمیدا دان بە مافە نەتەوەیی و سیاسییەكانی كورددا بنرێت.

ئەوە یەكەمجاربوو لە مێژووی تازەدا بە بەڵگەی یاسایی لەلایەن دەوڵەتەوە دان بەمافی سیاسی گەلی كورد هێنرا، كە ئەو دانپێنانەش ئەوساو ئێستاش بۆ كورد گرنگە، چونكە خرایە نێو دەستووری عێراق. 

ئەنجوومەنی سەركردایەتی شۆڕشی عێراق لە 11/3/1970 بە بڕیاری ژمارە (288)، لە چوارچێوەی عێراق دانی بەمافی گەلی كورد نا، ئەم ڕێككەوتنامەیەش لە (15) خاڵ پێكدێت، كە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

1ـ زمانی كوردی لەگەڵ زمانی عەرەبی زمانی ڕەسمی دەبێت لەو ناوچانەی كە زۆربەی زۆری دانیشتوانیان كوردن و زمانی كوردیش لەو ناوچانەدا زمانی خوێندن و فێركردن دەبێت و، زمانی عەرەبیش لە هەموو ئەو قوتابخانانەدا دەخوێنرێت كە بە كوردی دەخوێنن، لەهەمان كاتیشدا زمانی كوردی وەك زمانی دووەم لەو سنوورەی یاسا دایدەنێت لە هەموو لایەكی عێراقدا دەخوێندرێت.

2ـ بەشداریكردنی برا كوردەكانمان لە حوكم و جیاوازی نەكردن لەنێوان كورد و كەسانی تر لە فەرمانی گشتی گرتنە دەستدا، لەوانەش پایەی گرنگ و بایەخدار لە دەوڵەتدا، وەك وەزارەت و سوپا و هی تریش. ئەوانە هەموویان لەو كارە گرنگانەن، كە ئامانجی شۆڕش بوون بۆ وەدیهێنانیان و، حكوومەت لە كاتێكدا كە دان بەو بنەمایە دادەنێت، جەخت لەسەر پێویستی كاركردن بۆ وەدیهێنانی ئەو بنەمایە بە ڕێژەیەكی عادیلانە دەكاتەوە، لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی بنەمای لێهاتوویی و ڕێژەی دانیشتوان و ئەو بێبەشییەی برا كوردەكانمان لە ڕابردوودا دووچاری بوون.

3ـ لەبەر ئەو دواكەوتووییەی كە لە ڕابردوودا لە هەردوو لایەنی ڕۆشنبیریی و پەروەردەیی بەسەر نەتەوەی كورددا هاتووە، پلانێك بۆ چارەسەركردنی ئەم دواكەوتووییە دادەنرێت، لەڕێگەی:
أ ـ پەلەكردن لە جێبەجێكردنی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی شۆڕش لە ڕووی زمان و مافی ڕۆشنبیرییەوە بۆ گەلی كورد و، بەستنەوەی ئامادەكردن و ئاراستەكردنی بەرنامەی تایبەت بە كاروباری نەتەوەی كورد لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆن بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی كوردی.
ب ـ گەڕاندنەوەی ئەو قوتابییانەی دەركراون بۆ قوتابخانەكانیان یان لەبەر بارودۆخی توندوتیژی لە ناوچەكە ناچاربوون واز لە خوێندن بێنن، بەچاوپۆشی كردن لە تەمەنیان یان دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەكی لەبار بۆ گیروگرفتەكانیان.
جـ ـ كردنەوەی قوتابخانەی زۆر لە ناوچە كوردییەكاندا و بەرزكردنەوەی ئاستی پەروەردە و فێركردن و قەبووڵكردنی قوتابیی كورد لە زانكۆ و كۆلێجی سەربازی و (بەعسە و زەمالە)ی خوێندن بە ڕێژەیەكی عادیلانە.

4ـ فەرمانبەرەكان لەو یەكە كارگێڕییانەی كە بەشی زۆریان كوردن، دەبێ كورد بن، یان لەو كەسانە بن كە كوردی باش دەزانن، ئەگەر ژمارەی پێویستیان لێ پەیدابوو و، بەرپرسە بنچینەییەكان (پارێزگار، قایمقام، بەڕێوەبەری پۆلیس، بەڕێوەبەری ئاسایش(ئەمن) و هی تری لەم جۆرە) دادەمەزرێن و دەستبەجێ دەستدەكرێت بە پەرەپێدانی دامودەزگای دەوڵەت لە ناوچەكە بە ڕاوێژكردن لە چوارچێوەی لێژنەی باڵای سەرپەرشتیاری جێبەجێكردنی ئەم بەیاننامەیە، بەو شێوەیەی كە جێبەجێكردنی مسۆگەر دەكات و یەكێتیی نیشتمانی و ئارامی لە ناوچەكەدا بەتین دەكات.

5ـ حكوومەت دان بە مافی گەلی كورددا دەنێت لە پێكهێنانی ڕێكخراوی قوتابییان و لاوان و ئافرەتان و مامۆستایانی تایبەت بە خۆیان و ئەو ڕێكخراوانە ئەندامی ڕێكخراوە نیشتمانییە عێراقییەكانی هاوشێوەی خۆیان دەبن.

6ـ بڕگەی (أ): كاركردن بە هەردوو بڕگەی (1) و (2)ی بڕیاری ژمارە 59ی مێژووی 5/8/1968ی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی شۆڕش هەتا مێژووی دەرچوونی ئەم بەیاننامەیە، ئەمەش هەموو ئەوانەی بەشدارییان لە كاری توندوتیژیی ناوچەی كوردیدا كردووە، دەگرێتەوە.
بڕگەی(ب): كرێكار و فەرمانبەر و خزمەتگوزارە مەدەنی و سەربازییەكان دەگەڕێنەوە بۆ خزمەت، ئەمەش بەبێ خۆبەستنەوە بە بوونی (میلاك) جێبەجێ دەكرێت و سوودیش لە خەڵكی مەدەنی لە ناوچە كوردییەكان بەپێی پێویستی ئەو ناوچانە پێیان، وەردەگیرێت.

7ـ بڕگەی (أ) دەستەیەك لە كەسانی خاوەن تایبەتمەندایەتی پێكدەهێنرێت، بۆ ئەوەی بەوپەڕی خێراییەوە ناوچەكە لە هەموو ڕوویەكەوە هەڵسێتەوە و قەرەبووی ساڵانی ئەم دواییەی بەسەرهاتەكانی بكرێتەوە و، بودجەیەكی تەواویش بۆ جێبەجێكردنی ئەم كارە تەرخان بكرێت و، ئەو دەستەیەش سەر بە وەزارەتی كاروباری باكوور دەبێت.
بڕگەی (ب) ئامادەكردنی پلانی ئابووری بەشێوەیەك كە پەرەسەندنی هاویەكی و یەكسانی لە هەموو لایە جیاجیاكانی عێراق دابین بكات بە چاودێریكردنی بارودۆخی دواكەوتوویی لە ناوچەی كوردیدا.
بڕگەی (جـ) تەرخانكردنی مووچەی خانەنشینی بۆ خێزانی ئەو كەسانەی لە بارودۆخی داخباری شەڕ لە بەشداربووانی بزاڤی چەكداریی كورددا شەهید كراون و بۆ خەڵكی تر و بۆ ئەوانەی بەهۆی ئەو بارودۆخەوە تووشی شێواوی هاتوون، بەپێی یاسایەكی تایبەتی لەسەر شێوەی یاسا كارپێكراوەكان.
بڕگەی (د) كاركردنی خێرا بۆ فریاكەوتنی خەڵكی زیانلێكەوتوو و دەستكورت لەڕێگەی تەواوكردنی پرۆژەی خانوو دروستكردن و شتی تر كە كار بۆ بێكاران دابین دەكات و پێشكێشكردنی یارمەتیی كەلوپەل و پارە بەشێوەیەكی گونجاو و قەرەبوویەكی ماقووڵ بدرێت بەو زیانلێكەوتووانەی پێویستییان بە یارمەتییە، ئەمەش بە لێژنەی باڵا دەسپێردرێ و ئەوانەی لێ هەڵدەهاوێژرێ كە بڕگەی پێشوو گرتوونییەوە.

8ـ گەڕاندنەوەی دانیشتوانی گوندە عەرەبی و كوردییەكان بۆ شوێنەكانی پێشوویان، بەڵام ئەو گوندانەی كەوتوونەتە ئەو ناوچانەی ناكرێ بكرێن بە ناوچەی لێ نیشتەجێ بوون، ئەوا حكوومەت بۆ مەبەستی سوودی گشتی بەپێی یاسا دەیانكات بە موڵكی خۆی و لە ناوچەی نزیك ئەوێ نیشتەجێیان دەكات و هەر زەرەر و زیانێكیش بەهۆی ئەوەوە لێیان كەوتبێ، قەرەبوویان بۆ دەكاتەوە.

9ـ پەلەكردن لە پیادەكردنی یاسای چاككردنی كشتوكاڵ لە ناوچەی كوردی و هەمواركردنی بەشێوەیەك كە پاكتاوكردنی پێوەندیی دەرەبەگایەتی مسۆگەر بكات و، هەموو جوتیارەكانیش پارچە زەویی گونجاویان پێ ببڕێت و لەو باجە كشتوكاڵییەش كە لە ماوەی ساڵانی شەڕی داخبار لەسەریان كۆبووەتەوە، ببەخشرێن و لێیان خۆش بن.

10ـ ڕێككەوتن لەسەر هەمواركردنی دەستووری كاتی وەكو ئەمەی خوارەوە كرا:
أـ گەلی عێراق لە دوو نەتەوەی سەرەكی پێكدێت، ئەوانیش نەتەوەی عەرەب و نەتەوەی كوردن، ئەم دەستوورە دان دەنێ بە مافی نەتەوەیی گەلی كورد و مافی هەموو كەمایەتییەكان لە چوارچێوەی یەكێتیی عێراقدا.
ب ـ زیادكردنی ئەم بڕگەیەی خوارەوە بۆ ماددەی چوارەمی دەستوور:
((زمانی كوردی زمانی ڕەسمی دەبێت لە ناوچە كوردییەكاندا شان بەشانی زمانی عەرەبی)).
جـ ـ چەسپاندنی ئەوەی پێشەوە لە دەستووری هەمیشەییدا.

11ـ گەڕاندنەوەی ئێستگەی ڕادیۆ و چەكە قورسەكان بۆ حكوومەت، ئەمەش بەند دەبێت بە جێبەجێكردنی قۆناغە كۆتاییەكانی ڕێككەوتنامەكە.

12ـ جێگرێكی سەرۆككۆمار كورد دەبێت.

13ـ یاسای پارێزگاكان بەشێوەیەك هەموار دەكرێت، كە لەگەڵ ئەم بەیاننامەیەدا بگونجێت.

14ـ دوای ڕاگەیاندنی بەیاننامەكە، بە ڕاوێژ لەگەڵ لێژنەی باڵای سەرپەرشتیاری جێبەجێكردنی بەیانەكە، كاری پێویست ئەنجام دەدرێت بۆ یەكخستنی ئەو پارێزگا و یەكە كارگێڕییانەی زۆربەی زۆری كوردیان تێدا دادەنیشن بەپێی ئەو ئامارە ڕەسمییانەی دەكرێن و، دەوڵەت هەوڵدەدات بۆ پەرەپێدانی ئەو یەكە كارگێڕییانە و قووڵكردنەوە و فراوانكردنیان، بۆ ئەوەی گەلی كورد پێڕەوی سەرجەم مافە نەتەوەییەكانی خۆی بكات بۆ دەستەبەركردنی شادبوونی بە ئۆتۆنۆمی، تا ئەو یەكە كارگێڕییەش دێتەدی، هاوئاهەنگیی كاروباری نەتەوەییی كورد لەڕێگەی كۆبوونەوەی دەوری دەكرێت كە لەنێوان لێژنەی باڵا و پارێزگارەكانی ناوچەی باكور دەبەسترێن، لەبەر ئەوەی ئۆتۆنۆمی لە چوارچێوەی كۆماری عێراقدا جێبەجێ دەكرێت، بێگومان وەبەرهێنانی هەموو سامانێكی سروشتی لەم ناوچەیەدا تایبەتە بە دەسەڵاتداریی ئەم كۆمارە.

15ـ گەلی كورد بە ڕێژەی دانیشتوانی لەچاو دانیشتوانی عێراق، بەشداری لە دەسەڵاتی یاساداناندا دەكات.