دیوە شاراوەو نهێنییەكانی مەلا عومەری سەركردەی تاڵیبان ئاشكرادەكرێت

جیهان

11/03/2019‌ 4164 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كتێبێكی نوی بەناوی "ژیانی شاراوەی مەلا عومەر)" بڵاوبووەتەوە، كە لەنووسینی "بێتی دێم"و تێدا وردەكارییەكانی ژیانی ئەو سەركردەی  هەڵاتووی تاڵیبان دەخاتەڕوو.

لەكتێبەكە ئاماژە بەوەكراوە، بەپێچەوانەی قسەو بۆچوونەكانی بەرپرسانی باڵای ئەمریكا مەلا عومەر هەرگیز خۆی نەشاردووەتەوە، بەڵكو بەپێچەوانەوە، ئەو لەزابول-ی شوێنی لەدایكبوونی نزیكەی پێنج كیلۆمەتر لەنزیك بنكەو بارەگایەكی ئەمریكییەكاندا ژیاوە.

بێتی دێم، كە ڕۆژنامەوانێكی هۆڵەندییە، بۆ نووسینی ئەو كتێبە پێنج ساڵێك لێكۆڵینەوە و چاوپێكەوتنی ئەنجامداوەو توانیوییەتی لەگەڵ پاسەوانێكی مەلا عومەر بەناوی "جەبار عومەر" پاش نەمانی دەسەڵاتی لە 2001دا گفتگۆ بكات.

بەقسەی جەبار عومەر توانیویەتی، مەلا عومەر تا كاتی مردنی بەهۆی نەخۆشییەوە لەساڵی 2013دا بشارێتەوەو بەپێی ناوەڕۆكی دەقەكانی كتێبەكەی بیتی دێم-یش لەمەودایەكی كورتی پاش كەوتنی دەسەڵاتی تاڵیبان، مەلا عومەر ئەمریكییەكان پاش هێرشەكانی 11ی سیپتەمبەر لە2001دا بۆ كوژرانی 10 ملیۆن دۆلارخەڵاتیان دیاریكردبوو، لەژوورەكانی ماڵێك لەنزیك بنكەیەكی ئەمریكادا ژیابوو.

نووسەری كتێبەكە دەڵێت، تەنانەت جارێك ئەمریكییەكان ئەو ماڵەشیان پشكنینی بوو، بەڵام ژوورە شاراوەكانی ئەو ماڵە لەچاوی ئەوان بەشاراوەیی ماوەتەوەو دەشڵێت، ئەو لەدواییدا بۆ ماڵێكی تر لەنزیك بنكەیەكی تری ئەمریكییەكان، كە هەزاران سەربازی ئەمریكی تێدا بووە رۆشتووە.

هەر بەپێی دەقەكانی نێو كتێبەكە، مەلا عومەر لەڕێگەی ڕادیۆی BBCیەوە هەواڵەكانی دەبیست، كە ئەمەش بەپێچەوانەی بانگەشەكانی سەركردەكانی تاڵیبان بووە.

لەبەشەكان تری ئەم كتێبە هەروەها ئاماژە بەوەش كراوە، ئەو لەدیسەمبری 2001 سەركردایەتی تاڵیبانی بە -مەلا عوبەیدوڵا-و ەزیری بەرگری ئەو تاقمە سپاردبووە، بۆ ئەوەشی شوێنپێی هەڵنەگیرێت، لەبیرەكاندا هەندێكجار خۆی  شاردووەتەوە.

مەلا عومەر لە 23ی مانگی ئەپڕیڵی 2013دا كۆچی دوایی كردو لەگۆڕێكی بێ ناونیشاندا شاردرایەوە.

وەرگێڕان: یاسین نادر