ئەمریكا بۆ هێشتنەوەی هێزەكانی لەعێراق مامەڵەی گەڕانەوەی بەعسییەكان دەكات

عیراق

13/03/2019‌ 1830 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كەریم مەحمەداوی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر لیستی هاوپەیمانی بنا ئاشكرایكرد، ئەمەریكا مامەڵە لەگەڵ كوتلە سوننییەكاندا دەكات بەگەڕانەوەی بەعسییەكان و سەركردەكانی داعش لە بەرانبەر رەتكردنەوەی دەنگدان لەسەر رەشنووسی دەرچوونی هێزە بیانیەكان.

كەریم مەحمەداوی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: واشنتۆن دەستیكردووە بە هەنگاونان رووەو كوتلە سوننی و كوردییەكان بۆ شكستهێنان بە یاسای دەرچوونی هێزە بیانییەكان لە عێراق و گەرانەوەی پیاوانی رژێمی پێشوو، سەركردەكانی داعش و خاوەن سەكۆكانی مانگرتەكان دەقۆزێتەوە بەرانبەر دەنگنەدان بەرەشنووسی یاسای دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا.

ناوبراو هێمای بەوەش كرد زۆربەی كوتلە سوننیە دیارەكان ملكەچی ئەو فشارانە بوون‌و لە ئێستادا كار لەسەر شكستپێهێنانی دەكەن‌و وتی: كوردو سوننەكان هەڵوێستیان نەرێنی دەبێت لەسەر رواندنی یاسای دەركردنی ئەمەریكا، هەروەها واشنتۆن ئێستا لە دڵەراوكێدایە دەربارەی ئەو یاسایە دەیەوێت‌و رێگە لەپەرلەمان بگرێت و دەنگی لەسەر نەدرێت.

ماوەیەكە گفتوگۆو مشتومڕی زۆر هەیە بەوەی دەبێت ئەو هێزانەی ئەمریكا لەساڵی 2014وە بۆ شەڕی داعش لەعێراق جێگیریكردوون بیانكشێنێتەوە، بۆ ئەوەش لایەنە شیعییەكان پرۆژەیان ئامادەكردووەو دەیانەوێت وەك یاسا لەپەرلەمانی عێراق پەسەندی بكەن.

هاوكات ئەندام پەرلەمانێكی تر لەسەر لیستی هاوپەیمانی ئیسلاح بەناوی ریاز مەسعودی رۆژی دووشەممە باسی لەوە كردووە ئەو كوتلە سیاسیانەی دژی مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكان لە ئێستادا رووبەرووی تەنگەژەی سەخت بونەتەوە دەربارەی رواندنی یاسای دەركردنی هێزە بیانیەكان لە ولات و لەسەرویانەوە هێزەكانی ئەمەریكا، ئەوەشی دووپاتكردەوە بریاری سیاسی لای هەندێ لە كوتلە سیاسیەكان كاریگەریی وڵاتانی دەرەوەی لەسەرە. ئەوەشی روون كردەوە لیژنەی ئاسایش و بەرگری رۆژی یەك شەممە ئەوەیان دووپاتكردۆتەوە كە دەیانەوێ سەرۆك وەزیران بانگهێشتی پەرلەمان بكەن بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دەنگدان بە رەشنووسی یاسای وەدەرنانی هێزە بیانییەكان.

وەرگێڕان: حیلمی رەسوڵ رەزا