گەورەترین لەكاركەوتنی تەكنیكی لەمێژووی فەیسبووك

جیهان

14/03/2019‌ 1159 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فەیسبووك رووبەڕووی توندترین قەیرانی پەككەوتنی خزمەتگوزارییەكانی بۆوە لەمێژووی خۆیدا، بەجۆرێك بەدرێژایی رۆژی چوارشەممە خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانی بەشێوەیەكی تەواوەتی لەسەر ئاستی جیهان لەكاركەوتن، ئەمەش وایكرد كاردانەوەی توندی لەسەر ئاستی جیهان لێبكەوێتەوە.

دواجار، كە فەیسبووك پەكیكەوت ساڵی ٢٠٠٨ بوو ، ئەوكات ژمارەی بەشداربووەكانی تەنیا ٢٥٠ ملیۆن كەس بوون ، بەڵام ئێستا ژمارەی بەشداربووانی فەیسبووك دەگاتە زیاتر لە دوو ملیار و سێسەد ملیۆن كەس .

گرفتەكە كاریگەری لەسەر بەرهەمهێنەری سەركی فەیسبووك، كە ئەپڵیكەیشنەكانی ماسنجەر و پێگەی گۆڕینەوەی وێنە ئینستاگرام هەبوو ‌و تا ئێستاش فەیسبووك هۆكاری ئەو لەكاركەوتنەی خزمەتگوزارییەكانی ئاشكرا نەكردووە.

كۆمپانیاكەش لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، دەزانین ئێستا هەندێك كەس گرفتیان هەیە لەوەی هەندێك لە ئەپڵیكەیشنەكانی فەیسبووك بەكاربهێنن.

لەسەر ئەو دەنگۆیانەی لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەسەر ئەو بابەتە بڵاودەبنەوە كۆمپانیاكە رایگەیاندووە، ئەوە جۆرێك نییە لەهێرشی نەهێشتنی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزاری، كە پێیدەوترێت DDoS  ئەویش لەڕێگای ناردنی ژمارەیەكی زۆر قەبە لەداتا و زانیاری بۆ خزمەتگوزاری بەئامانج گیراو،  تاوەكو وایلێبكات ماندوو ببێت و لەكاربكەوێت .

لەوكاتەی، كە خزمەتگوزاری سەرەكی فەیسبووك وادەردەكەوت، كە قورسە ، هەندێكی تر لە بەشداربووان باسیان لەوە كردووە ناتوانن هیچ پۆستێك بڵاوبكەنەوە.

بەشداربووانی ئینستاگرامیش وتویانە، كە ناتوانن هەژمارەكەیان نوێبكەنەوە، یاخود پۆستی نوێ دابەزێنن، هەرچی ماسنجەرە سەرباری ئەوەی لەسەر كۆمپیوتەری نووسینگەییەوە نەدەتوانرا نامە بنێری، بەڵام لەسەر مۆبایلە زیرەكەكانەوە هێشتا هەندێك كەس توانیویانە نامەكانیان بنێرن .

بەپێی ئەو نەخشەی بڵاوكراوەتەوە ، دەردەكەوت لەكاركەوتنەكە شتێكی جیهانییە ، پێگەی "داون دیتیكتۆر"، كە ئەركی چاودێری بەكارهێنانی بەشداربووانی تۆرە كۆمەڵایەتییەكان دەكات باس لەوە دەكات، كە پچرانی خزمەتگوزارییەكە لەشوێنێكی ترەوەیە.

تەنانەت ئەو لەكاركەوتنە كاریگەری هەبوو لەسەر خزمەتگوزاری شوێنی كاركردنی فەیسبووك face book work place  ، كە تایبەتە بە خزمەتگوزارییەكانی ناو كۆمپانیاكە .

ریبیكا برۆكەر دیزاینەر لەبۆینس ئایرس بە  "بی بی سی " وتووە: لەكاركەوتنی فەیس بووك كاریگەریگەورەی  لەسەر كارەكانی ئەونیش هەبووە، تەنانەت ناتوانین پەیوەندی لەگەڵ تیمی كارمان لە نیوۆرك بگرین ، ئێستا تەنیا رێگا بۆ پەیوەندی بریتییە لە بەكارهێنانی ئیمەیڵ.

هەروەها وتووشیەتی: بەكارهێنانی فەیسبووك زۆرباشە ، بەڵام چی روودەدات كاتێك پشت بەكۆمپانیای ئاوا گەورە دەبەستین بۆپێشكەشكردنی خزمەتگوزاری كارەكانمان؟

دوای لەكاركەوتنی فەیسبووك‌و ئینستاگرام هەندێك كەس لەتویتەرەوە بەگاڵتەكردنەوە باسیان لەو بابەتە دەكرد و نووكتەیان لەسەر درووستدەكرد ، تەنانەت تائیستا زیاتر لە ١٥٠ هەزار جار هاشتاگی #FacebookDown و #InstagramDown   لە تویتەر بەكارهێنراوە. 

هەندێك لەبەشداربووانی تویتەر ئەوانەی كاری پەیوەست بەفەیسبووك كاریان دەكرد نیگەرانی خۆیان بۆ ئەو پچڕانی خزمەتگوزارییەی فەیس بووك دەربڕی ،بەڵام بەشێكی تریان نووكتە و قسەی خۆشیان لەسەر درووست دەكرد و بەهۆكاری لەبەریەكهەڵوەشانی كۆمەڵگەیان دەزانی .

پچرانی فەیسبووك ڕاددەی پەیوەستبوونی خەڵكی بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەرخست ، كە رەنگە پێشتر  بەو شێوەیە هەستیان پێینەكردبێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی