سیاسەتی نیوزیلەندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی

جیهان

01/04/2019‌ 1365 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مامەڵەی نیوزیلەندا لەگەڵ ڕووداوەكەی كرایست تشیرش، خاڵی وەرچەرخان بوو لە مامەڵەكردنی ڕۆژئاوا لەگەڵ تاوانەكانی تیرۆری دژ بە موسوڵمانان. هەرچەندە كۆمەڵگای ڕۆژئاوا كە دەستی بە ڕۆشنبیری ئازادی و بەها یبراڵییەكانەوە گرتووە، دوودڵی نەكردووە لە شەرمەزاركردنی تاوانەكانی تیرۆر، كە لە ڕووی هزرییەوە لەسەر ئیسلامی تیرۆرست حسابە، بەڵام لە زۆر كاتدا خاوخلیچ و خەمساردبوون دژ بەو كردە تیرۆریانە‌ كە دژ بە موسوڵمانان دەكرێن. لەمەیاندا نیوزیلەندا لە یەكەم ساتەوەختەوە لەوان جیاواز بوو  بۆ مامەڵكردن لەگەڵ پرسی تیرۆردا، بۆیە خێرا حكومەتی نیوزیلەندی چەند ڕێوشوێنێكی هاوخەمی و هاوسۆزی لە بەرژەوەندی قوربانییەكان گرتەبەر و چەند پێشدەستییەكیشی خستنەڕوو بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەو كردانە لە ئایندەدا، هەڵوێستی سیاسییەكانی نیوزیلەنداش زۆر لە نەتەوەییەكان جیاوازتر نەبوو لەم ڕووەوە، ئەمەش دەكرێت بەر بە هەوڵەكانی هەندێك لە لایەنە توندڕەووەكان بگرێت كە ئەم كردەیە وەك پاساو بەكاربینن بۆ ئەنجامدانی كردەیی تۆڵەكردنەوە و سەرهەڵدانی شەپۆلێكی توندوتیژی دیكە لە ووڵاتدا.

ڕێوشوێنەكانی حكومەت 
مامەڵەی حكومەتی نیوزیلەندا بە سەرۆكایەتی جاسیندا ئەردێرن بەرامبەر كردە تیرۆریەكەی مزگەوتی نور و مزگەوتی لینوود ی شاری كرایست تشریش جیاواز بوو. لە كاتێكدا میدیاكانی ڕۆژئاوا بە زاراوەی وەك (( چەكدار، هێرشبەر)) وەسفی ئەنجامدەری كردە تیرۆرستییەكەیان دەكرد، ئەردیرن بە كارێكی تیرۆرستی وەسفی كرد. لێرەدا باسی ئەو ڕێوشوێن  سیاسەتانە دەكەین كە حكومەتی نیوزیلەندی لەم تەنگژەیەدا گرتنیەبەر.

یەكەم – پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی شانشینی: سەرۆك وەزیری نیوزیلەندا فرمانی پێكهینانی ئەو لیژنەیەی دەركرد بۆ لێكۆڵینەوە لە ووردەكارییەكانی ئەو ڕووداوە و گرنگی زۆریشی پێدا، چونكە هەر لە سەرەتاوە كاری لەسەر ئاشكراكردنی ووردەكارییەكانی ئەو رووداوە كرد، بۆ گەیشتن بە لێكدانەوەی ڕاست و دروستی گرفتەكە، بە تایبەتیش كە نیوزیلەندا ووڵاتێكی بێوەیی و ئارامە، بڕیاری دروستكردنی لیژنەكە ووڵامێكی گونجاو بوو دژ بەو كردە تیرۆرستییە، چونكە لیژنە شانشینییەكان بۆ لێكۆڵینەوەی پرسە گەورە و گرنگە گشتییەكان دەكەونەكار و لە كاركردنیشیاندا تەواو سەربەخۆن.

دووەم – زەقكردنەوەی سیمبولە ئیسلامییەكان: حكومەتەكەی ئەردیرن هەر لە سەرەتای كردە تیرۆرستییەكەوە ستراتیژیەتی لێكنزیككردنەوەی نێوان موسوڵمان و كۆمەڵگای نیوزیلەندی گرتەبەر، ئەمەش لە ڕێگەی شێوازە جۆراوجۆرەكانی هاوخەمی بۆیان. بۆ ئەم مەبەستەش بانگدان و نوێژی هەینی لە سكرینی تەلەفزیۆنە حكومی و تایبەتەكانەوە پەخشكران.

هەر بۆ ئەم مەبەستە ئەردیرن پیشەوایەتی 5 هەزار كەسی كرد بۆ هاوخەمی دەربڕین بۆ كەمینە موسوڵمانەكەی ووڵاتەكەی، لە نزیك مزگەوتی نوریش بۆ ماوەی دوو خولەك بۆ گیانی قوربانییەكان وەستان، ئینجا ووتارێكی ئاراستەی ڕەوەندی موسوڵمانی ووڵاتەكەی كرد و ووتی: (( نیوزیلەندا هاوخەمتان، ئێمە یەكین))،  زمان و كەلتوری عەرە‌بی و ئیسلامیشی بەكارهێنان لە دەربڕینی هاوخەمی بۆ قوربانییە موسوڵمانەكانی ووڵاتەكەی  و كەسوكاریان، پشتیشی بەو فەرموودانە بەست كە هانی بەزەیی و هاوسۆزی نێوان خەڵك دەدەن.

لەچكی پۆشی و بە دوای ئەویشدا ژنەپۆلیس و بێژەری كەناڵە ئاسمانییە نیوزیلەندیەكانیش هەمان كاریان كرد، بگرە هەتا هاووڵاتیانی سەر شەقامیش هەمان شتیان كرد، لە ووتارەكەشیدا ئەردێرن زمانی كۆمەڵی بەكارهێنا ((ووشەی ئێمە)) بۆ برەودان بە یەكیەتی و هاریكاری نێو كۆمەڵگای نیوزیلەندا. حكومەت ئەركی دارایی ماتەمگێڕی و پرسەی قوربانیانی گرتەئەستۆ بە گەشتكردنی كەس و كاری قوربانیانیشەوە  بۆ نیوزیلەندا بۆ بەشداری لە پرسە و ماتەمگێڕیەكە، وە گرتنەئەستۆی خەرجی گواستنەوەی تەرمی قوربانیان بۆ ووڵاتەكانیان ئەگەر كەس و كاریان ئارەزووی ئەوە بكەن.

سێیەم – هەمواركردنەوەی یاسای چەكهەڵگرتن: سەرباری بەهێزی لۆیی كۆمپانیاكانی چەكی نیوزیلەندی، بەڵام ئەردیرن ڕایگەیاند كە لە پێناو دەستەبەركردنی ئارامی و ئاسایشی كۆمەڵگا، یاساكانی چەكهەڵگرتن دەگۆڕێت. بۆیە یەكسەر بڕیاری قەدەغەكردنی فرۆشتنی چەكی هێرشبەری و نیوە ئامێری سەربازی دەركرد كە تیرۆرستەكە هێرشی پێ كردبۆ سەر دوو مزگەوتەكە. واش چاوەڕوان دەكرێت یاسای تازەی تایبەت بە چەكە تاكییەكان دەربكرێت.
 
چوارەم – بەرەنگاربوونەوەی ڕاستڕەووی توندڕەوو: لەو كاتەی میدیا و سیاسییە ڕۆژئاواییەكانی بە وەسفكردنی تاوانەكەوە خەریك بوون، ئەردیرن ئایدیۆلۆجیای نەتەوەپەرستی و ئەفسانەی باڵادەستی نەژادی سپی پیستی شەرمەزار كردن، بە توندیش ئەوەی ڕەتكردەوە كە توندوتیژی ببەستێتەوە بە كۆچكردنی موسوڵمانانەوە كە پەرلەمانتارێكی ئوستوڕاڵی بانگەشەی بۆ دەكرد، ووتیشی كۆششی بەستنەوەی ئەم دوو چەمكە بەیەكەوە مایەی شەرمەزاریە، داوای دەستپێكردنی هەڵمەتێكی جیهانیشی كرد بۆ لەڕەگەوە هەڵكێشانی هزری راستڕەووە توندڕەووەكان، داواشیكرد ڕەگەزپەرستی وەك تاوانێكی جیهانی تەماشا بكرێت، باوەڕبوونی كۆمەڵگای نیوزیلەندیشی بە فرەیی دووپات كردەوە.

دەستباری كۆمەڵگەیی 
كۆمەڵگای نیوزیلەندی ئامادەباشی گەورەی خۆی نیشاندا بۆ هاریكاری و پشتیوانی كەمینە موسوڵمانەكەی ووڵاتەكەی، ئەمەش لەوەدا ڕەنگیدایەوە كە زۆر كەس ئارەزوومەندانە دەستبەرداری چەكەكانیان بوون، كۆمەك و هاریكاریان بۆ قوربنیان و كەسوكاریان كۆكردەوە، بە هەموو شێوەیەك بەرەنگاری ((ئیسلاوفۆبیا) بوونەوە وەك: پەخشكردنی بانگدان، بەكارهێنانی زمانی عەرەبی، پۆشینی لەچك لە سەر كەناڵەكانی ڕاگەیاند و شوێنە گشتییەكان، دەكرێت هەنگاوەكان لەم خاڵانەدا كورت بكەینەوە: 

یەكەم – دەستبەرداربوون لە چەك: هەر چەند یاسی ڕێكخستنی هەڵگرتنی چەك دەرنەچووە، بەڵام زۆرێك لە نیوزیلەندییەكان دەستپێشخەرییان كرد بە دەستهەڵگرتنی ئارەزوومەندانە لە چەكەكانیان،ئەمەش كۆپییەكی تەواو جیاوازە لە ووتاری دژە موسوڵمان و كۆچبەران كە لەم دواییانەدا لە ئەوروپا و وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بڵاوبۆتەوە. ئەم چەشنە لێبووردەییە لە نیوزیلەندا لە ئاستێكدا بەرزدا لە نێو كۆمەڵگا و حكومەت و پارتە سیاسییەكان بە ئۆپۆزسیۆنیشەوە دەركەوت.

دووەم – هاوخەمی بۆ ڕەوەندی موسوڵمان: چەشنەكانی دژ ئیسلاموفۆبیا بەشێوەی جۆراوجۆر لە كۆمەڵگای نیوزیلەندادا دەركەوتن بۆ دەربڕینی هاوخەمی بۆ موسوڵمانانی ووڵاتەكەیان. ئەم دیاردەیە لە كۆمەڵگا رۆژئاواییەكان بوونی نییە، وەك گردبوونەوەی هەزارەها نیوزیلەندی لە دەوروبەر و ناو مزگەوتەكان بۆ ئاشنابوون بە ڕۆشنبیری ئیسلامی و هاوخەمی بۆ موسوڵمانان. پەخشكردنی بانگدان لە میدیاكان، چاپكردنی ووشەی ((ئیسلام)) بە زمانی عەرەبی لەسەر ڕووپەڕی یەكەمی ڕۆژنامەی  The Press ی نیوزیلەندی، لەژێریشەوە ناوی قوربانییەكان نووسرابوون، دڵنەواییكردنی موسوڵمانی نیوزیلەندی، دیاردەیەكی داهێنراوبوون بۆ هاوخەمی قوربانی و كەسوكاریان. ژمارەیەكی زۆری ژنانی نیوزیلەندیش لاسایی سەرۆك وەزیرانیان كردەوە لە پۆشینی لەچك لە شوێنە گشتییەكان و لەسەر میدیا بینراوەكان.

سێیەم – زۆرینەی سیاسییە نیوزیلەندییەكان بە هەموو ئاراستە جیاوازەكانەوە دژ بەو كردەوە تیرۆرستییە وەستانەوە، ئۆپۆزسیۆنیش شاندیكی ناردە شاری كرایست تشیرش بۆ سەرەخۆشیكردن لە كەسوكاری قوربانیان و دەربرینی هاوخەمی بۆیان. دوای ئەم ڕووداوەهەڵوێستی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان سەبارەت بە چەكهەڵگرتن گۆڕانی بەسەرداهات، سەركردەی پارتە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەكان بە ئاشكرا ڕایانگەیاند كە ئەو كردە تیرۆرستییانە بۆ هەتا هەتایە ووڵاتیان گۆڕی.

چوارەم – هەڵمەتەكانی كۆكردنەوەی كۆمەك: نیوزیلەندییەكان زۆر پێشدەستیان بۆ كۆكردنەوەی كۆمەك بۆ ڕزگاربووان  و كەسوكاریان خستەڕوو. ڕێكخراوە ناحكومییەكانی نیوزیلەندا ئەو كۆمەكانەیان كۆكردنەوه كە بە 10 ملیار دۆلاری ئەمریكی مەزەندە دەكرێن.

وەستاندنی بازنەی توندڕەووی
ڕووداوەكەی كرایست تشیرش دژەووتاری دژ بە ڕقلێبونەوەی زەقكردەوە لەو كاتەی كە ڕەووتی ڕاستڕەووی توندڕەوو لە ئەوروپا و ئەمریكا لە هەڵكشاندایە، مامەڵەی ئەردیرن لەگەڵ كوشتارگەكە فشاری خستەسەر حكومەتە ڕۆژئاواییە توندڕەووەكان. بۆ نممونە كردە تیرۆرییەكە فشاری سیاسی و جەماوەری لەسەر ئیدارەكەی تڕەمپ زیاد كرد لە چۆنیەتی مامەڵەكردنی لەگەڵ كەمینەكان و كۆچبەران. واشی لە ئیدارەی ئەمریكا كرد سنورێك دابنێت بۆ بڵاوبوونەوەی چەك لە ترسی دووبارەبوونەوەی كردەیەكی هاوشێوەی لەم جۆرە.

شڕۆڤەكاران پێیان وایە لە ماوەی داهاتوودا، چالاكییەكانی ڕاستڕەووی توندڕەوو لە ئەوروپا خامۆش دەبن، دوای ئەوەی وا چاوەڕوان دەكرا لە نیوزیلەندا و كۆمەڵگا ڕۆژئاواییەكان زنجیرە ڕووداوێك دژ بە موسوڵمانان سەرهەڵدەن، بەڵام مامەڵەی تۆكمە و توندی حكومەتەكەی ئەردیرن لەگەڵ ڕووداوەكە بۆ ماوەیەكی زۆر ئەو ڕەووتە دەوەستێنن.

لە كۆتایدا هەڵوێستەكەی  سەرۆك وە‌زیری نیوزیلەندا ڕەنگدانەوەی باوەڕی تەواو بوو بە بنەمایی فرەیی لە كۆمەڵگای نیوزیلەندیدا، وە ڕەتكردنەوەی توندڕووی بە هەموو شێوەكانییەوە، سەركەوتوو بوو لە كۆتوبەندكردنی شەپۆلی ڕقلێبوونەوە لە ناو كۆمەڵگای نیوزیلەندیدا، ڕێگەشی لە ڕێكخراوە تیرۆرستییەكانی وەك ((داعش و قاعیدە)) گرت كە ڕووداوەكە بقۆزنەوە و ڕەوەندی موسوڵمانی نیوزیلەندی وەك ستەملێكراو بخەنەڕوو.

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی موستەقبەل 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر