كەموكورتی‌و نەخۆشییەكانی دڵ لەناو هەرزەكارانی ئەمریكا زیاد دەكات

تەندروستی

13/05/2019‌ 338 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی ڕاپۆرتێكی نوێ، مردنی پێشوەختە بەهۆی كەموكورتیەكانی دڵ لە ئەمریكا بەتایبەت لەنێو هەرزەكاراندا بەرەو زیادبوون ڕۆیشتووە.

بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی لێكۆڵەرانی زانكۆی (نۆرس ڤیستێرن)ی ئەمریكا، لەگەڵ پێشكەوتنی بەرچاو لە بواری دەرمانی پزیشكی‌و نەشتەرگەری بۆ نەخۆشانی تووشبوو بەكەموكورتیەكانی دڵ، لەماوەی دە ساڵی ڕابردوودا، ڕێژەی مردن لەساڵی 2012 بەدواوە بەرەو زیاتربوون ڕۆیشتووە.

سادیاخان ئەندامی تیمی لێكۆڵینەوەكە لەو بارەیەوە دەڵێت: لەئێستادا ڕێژەی مردن بە بەراورد بە 30 تا 40 ساڵی ڕابردوو وەختە پێچەوانە دەبێتەوە، كە بەشێكی زۆری ئەو بۆ نەخۆشییەكانی قەڵەویی و شەكرەو كۆڵیستڕۆڵی خراپی جەستە دەگەڕێتەوە.

ئەو دەشڵێت: ئێمە لەم دیراسەیەماندا تەركیزمان لەسەر تووشبوانی كەموكورتییەكان دڵ كرد، چونكە زۆرترین ڕێژەی مردن بەهۆی نەخۆشییەكانی دڵ و دەمارەوەن.

بەوتەی خان، بەپێی ئامارەكان نزیكەی6ملیۆن ئەمریكی تووشی نەخۆشی كەموكورتییەكانی دڵ بوون، كەئەم جۆرە نەخۆشییەش بەهۆی باش كارنەكردنی ماسولكەكانی دڵەوە ڕوودەدات.

هەر بەپێی وتەی تێمی لێكۆڵەران، بۆ ڕێگریكردن لەم كێشەیە، دەبێت كونتڕۆڵی فاكتۆر و هۆكارەكانی پەستانی خوێن، كۆڵیستڕۆڵ و شەكرە تەركیز لەسەر بكەین، كە لەپاڵ ‌ئەمانەشدا شێوازەكانی نوێی خواردن و جموجۆڵی كەسەكان، دەتوانێت كەموكورتییەكانی دڵ تاڕادەیەكی باش چارەسەر بكات.

وەرگێڕان: یاسین نادر