تره‌مپ خۆی بۆ وەشاندنی گورزێکی تر لە ئابووريی چین ئامادە دەکات

جیهان

22/05/2019‌ 742 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئیدارەی ئەمریکا خەریکی هەڵسەنگاندی گرتنەبەری چەند رێوشوێنێکی ترە دژی کۆمپانیاکانی سیستەمی چاودێری چینی هاوشێوەی ئەو کۆت و بەندانەی خراوەتە سەر کۆمپانیای "هواوی" ، ئەوەش مەترسی زیادبوونی جەنگی ئابووری نێوان چین و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا   زیاد دەکات .

ئاژانسی بلوومبێرگ لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە باسی لەوە کردووە کە واشنتۆن چاوی لەوەیە کە ڕێگری بکات لەوەی تەکنەلۆژیای ئەمەریکی بگاتە دەستی پێنج کۆمپانیای چینی کە پێشەنگن لەبواری سیستەمی چاودێری لە چین .

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە کردووە کە هۆکاری ئەوەی واشنتۆن پەنا دەباتە بەر رێوشوێنێکی لەو جۆرە ئەوەیە کە مەترسی هەیە ئەو کامێرایانەی ئەو کۆماپانیایانە بەرهەمیان دەهێنن بۆ کاری سیخوڕیی بەکاربهێنرێن، بەجۆرێک ئەو کامێرایانە پشت بە تەکنەلۆژیای ناسینەوەی رووخسار دەبەستن ، ئەوە جگە لەوەی واشنتۆن مەترسی ئەوەی هەیە چین ئەو تەکنەلۆژیای بۆ چەوسانەوەی کەمینەی ئاینی مسوڵمانی " ئیگۆر" بەکاربهێنیت .

بەپێی بلوومبێرگ ئەو هەنگاوە گرژییەکانی نێوان واشنتۆن بیجینگ زیاتر دەکەن ، پرسیاری ئەوەش دەوروژینێت کە ئایا واشنتۆن بەردەوام دەبێت لە تەنگهەڵچنین بە کۆمپانیا چینییەکان .

هەفتەی رابردوو ئیدارەی تره‌مپ قەدەغەی کرد کە کۆمپانیا ئەمەریکییەکان تەکنەلۆژیاکانی خۆیان بدەنە کۆمپانیای "هواوی" چینی، ئەوەش کاریگەری نەرێنی هەبوو لەسەر پشکەکانی کۆمپانیاکانی درووستکردنی چیپ "رقائق"  وەک " کوالکۆم" و  " ئینتیڵ" .

وەرگێران : ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی