كاتی ئەوەیە ئەندامییەتی توركیا لەهاوپەیمانی ناتۆ هەڵپەسێردرێت

جیهان

23/05/2019‌ 2884 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە هاوپەیمانییەكی ڕووت زیاترە، كە بەهای هاوبەش ئەندامەكانی بەیەكەوە گرێدەدات، ئەگەر توركیا ئەمڕۆ داوی بوونە ئەندامی ئەو هاوپەیمانییە بكات، دەبێت چاو بەداواكەیدا بخشێندرێت و ئینجا قبوڵ بكرێت، نەك لەبەر ئەوەی دەوڵەتێكی ئیسلامییە (بەڵكو ڕیكخراوێكی ئیسلامی حوكمی دەكات) و دژی دیموكراسی و ئەمریكایە، بەڵكو هاوكاری ئەمنی لەگەڵ ڕوسیا، بیبەشی دەكات لە ئەندامێتی ئەو هاوپەیمانییە.

دۆخی بارگرژی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە گەیشتۆتە چڵەپۆپە سەبارەت بە مكوڕبوونی ئەردۆغان لە كرینی كۆسیستەمی موشەكی زەوی – ئاسمانی ڕوسی ئێس – 400 بە بەهای 2.5 ملیار دۆلار كە وا بڕیارە لە مانگی یۆلیۆ رادەستی توركیا بكرێت. پنتاگۆن سیاسەتی ((گیسكی هەیاس) ی لەگەڵ توركیا گرتەبەر تا ڕێگە لە ئەنقەرە بگریت ئەو كۆسیستەمە موشەكییە بكڕێت. لەولاشەوەئ ئەنقەرە بەرەنگاری ئەمریكای كرد و كە موشەكی پاتریۆتی لێ نەكڕێت، هەر چەند ئەو موشەكە پیشكەوتوترە لە موشەكە ڕوسییەكە، ئەمە جگە لەوەی هەرزانتریش دەكەوێت بۆ توركیا. كەچی ئەردۆغان مكوڕ بوو لەسەر كارەكەی و ڕایگەیاند كە پاشەكشە ناكەن لە كرێنی موشەكە ڕوسییەكە.

توركیا هەر بەوەندە نەوەستا، بەڵكو ڕایگەیاند كە بە نیازن هاوكاری ئەمنییان لەگەڵ مۆسكۆ فراوانتر بكەن و موشەكی ئێس- 500 لێبكرن.

نیازی توركیا وەك ئەندامێكی ناتۆ بە كڕینی موشەكە ڕوسییەكان پرسیارگەلێك هەڵدەگرێت. بنەما سەرەكییەكەی ناتۆ تێكوپێك دەدات كە ئەنجامدانی كاری هاوبەشی نێوان ئەندامەكانییەتی.

بۆچی ئەردۆغان بێ ڕیزی بەرامبەر ئەمریكا دەنوێنێت ومتمانەداری توركیا وەك ئەندامێكی ناتۆ دەدۆڕێنیت؟ ئایا پاڵنەرەكە سیاسییە و گوزارە لە سەربەخۆی توركیا دەكات لە بەرامبەر ڕۆژئاوادا.
ئەردۆغان توڕە بوو لە ڕەخنەكانی ئەمریكا سەبارەت بە مافەكانی مرۆڤ و پشتیوانی ئەنقەرە لە جیهادییەكانی سوریا. زۆر نیگەرانە بە هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ كوردەكانی سوریا.
 
ڕەخنەكانی واشنتۆن دژ بە توركیا پاساوی خۆیان هەیە، چونكە لە سایەی ئەردۆغاندا، توركیا بۆتە سەربازگەیەكی زەبەلاحی كاری زۆرەملێ. لە دوای هەڵگەڕانەوە سەربازییەكەی ساڵی 2016 وە، دەیەها هەزار توركبە تۆمەتی بێ بنەما بەندكراون، 100 هەزار فەرمانبەری مەدەنیش لە كارەكانیان دوورخراونەوە، توركیا لە هەموو وولاتانی جیهان زیاتر رۆژنامەنووسی بەند كردوون.

بۆ توڕەكردنی ئەمركیا و ئینجیلییەكان، توركیا قەشە ئەندرۆ بڕانسۆنی بۆ ماوەی دوو ساڵ بەند كرد. وویستی وەك كارتێكی فشار بەكاریبێنیت بۆ یەكلاییكردنەوەی پرسی ڕادەستكردنی گولەن بە ئەنقەرە كە حكومەتەكەی ئەردۆغان تۆمەتی هەڵگەڕانەوە سەربازییەكەی دەداتەپاڵ. سەرباری ئازادكردنی بڕانسۆن، هێشتا زۆر هاووڵاتی و بەرپرسی كونسوڵخانەی ئەمریكی لە بەندیخانەكانی توركیادان.

جۆ بایدەن توركیای بە هاوكاری جیهادییەكانی سوریا‌ تۆمەتبار كرد كە دەیانگوازێتەوە و خزمەتگوزاری پڕچەككردن و دارایی و لۆجستیشیان بۆ دابین دەكات، ڕێگەی گواستنەوەی ئەو جیهادییانە لە شانلی توركیاوە بۆ ڕەقەی سوریا درێژ دەبۆوە كە ئاژانسی هەواڵگری نیشتمانی توركیا سەرپەرشتی دەكرد.

ئابڕوومەندی ئەردۆغان هەر تەنها لە دەرەوە لەكەدار نەبووە، بەڵو لە ناو توركیاش گڵۆڵەی كەوتۆتە لێژی. دۆڕاندنی پارتەكەی ئەردۆغان لە دوا هەڵبژاردنەكانی توركیادا پێوانە و پێنوێنە بۆ توڕەیی دەنگدەران لە ئەردۆغان و چۆنییەتی بەڕێوەبردنی ئابووری توركیا. بەهای لیرە كەمبۆوە و وەبەرهێنانە بیانییەكانیش توركیایان جێهێشت. ئەردۆغانیش ئۆباڵەكەی دەخاتە ئەستۆی ئەمریكییەكان و بانكەكانی جووەكان.

ڕادەست نەكردنی فڕۆكەكانی ئێف-35  بە توركیا، سزای ئیدارەی ئەمریكایە بۆ ئەو ووڵاتە، بەوەی تا لە كڕینی موشەكی ئێس- 400 پەشیمان نەبنەوە ، ئەو فڕۆكەیان پێ نادرێت. چنكە كۆنگرێس و پنتاگۆن پێیان ایە كۆكردنەوەی ئەو دوو چەكە بۆ توركیا شیاو نییە.

سیناتۆر جین شاهین پێی وایە ئەم بڕیارە شیاوە ، بۆ ئەوەیە تەكنەلۆجیای فڕۆكەی ئیف – 35 و توانستی سەربازی ئەمریكی نەكەوێتە دەست ڕوسیا، ووتیشی ئەم كارە مەترسی ئەمنی و نیشتمانی و جیهانی لیدەكەوێتەوە.

مەرجی زۆر توندوتۆڵ هەن بۆ ئەندامیتی لە ناتۆ، كەچی پرسی دەركردنی ئەندامێكێكی ناتۆ جێگەی باس نییە. پەیمانەكە هەرگیز بیری بەلای ئەوەدا نەچووە ڕۆژێك لە ڕۆژان ئەندامێكی لارەملێ بكات و لەگەڵ نەیارانی ناتۆدا دەست تێكەڵاو بكات

ئێستا كات ئەوە هاتووە ناتۆ بە ئاستی كارەكانی خۆیدا بچێتەوە، پێودانگ هەبن بۆ بوونە ئەندام لەو هاوپەیمانییە وەك پابەند بوون بە مافەكانی مرۆڤ، هەڵبژاردنی ئازاد و پاكژ، هاریكاری ئەمنی  نێوان ئەندامەكانی. 

ئەگەر ئەندامێكی ناتۆ ، دوو ساڵ لەسەر یەك، نمرەیەكی شكستخواردووی بەدەستهێنا، دەبێت ئەندامیەتەكەی هەڵپەسێردرێت. ئەگەر هەر ڕەفتارەكانی خۆی ڕاست نەكردنەوە، ‌ دەبێت لە ساڵی سێیەم دەربكرێت. ئەمە نەك هەر بۆ توركیا، بەڵكو بۆ دەوڵەتی وەك مەجەڕ – یش ڕاستە. 

ئێستا توركیا وەرچەرخاوە بۆ دەوڵەتێكی دێوەزمەی خراپەكار، ئەندامێكی خراپی ناتۆیە، زۆر لە توركەكان بە هۆی ڕەفتارەكانی ئەردۆغانەوە هەست بە نەنگی و لەكەداری دەكەن. ئێستا كاتی هاتووە ئەندامە خراپەكانی ناتۆ باجی قورس بدەن.

سەرچاوە:  ئەحوال توركیا
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر