تێوەگلانی ئاشتی هەورامی بە بەقاچاخبردنی 700 ملیۆن دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات

عیراق

26/05/2019‌ 4303 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەڵگەنامەیەكی نهێنی فەرمی،  تێوەگلانی "ئاشتی هەورامی" وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستانی ئاشكراكردووە، كە گوژمە پارەی زەبەلاحی بە بەهای 700 ملیۆن دۆلار بە قاچاخ بردووەتە دەرەوەی وڵات و خستوویەتییە سەر ژمێرەی بانكی تایبەتی خۆی لە بانكەكانی بەریتانیا.

بەڵگەنامەكە،  كە هی‌ بەرواری 11/5/2013  یە و دەست "غەد پرێس" كەوتووە بەدەق دەڵێت: "عەبدولهادی نەزیر پابەند دەبێت بەگواستنەوەی گوژمە پارەی 700 ملیۆن دۆلار بۆ سەر ژمێرەی بانكی ئاشتی هەورامی لە یەكێك لە بانكەكانی بەریتانیا".

بەڵگەنامەكە واژووەی نەزیر و هەورامی لەسەرە‌ وەك بەڵێندانی لایەنی یەكەم (نەزیر) بە لایەنی دووەم (ئاشتی هەورامی) بە دەستەبەركردنی گەرەنتی گواستنەوەی ئەو بڕە پارە زۆرە بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان. 

"غەد پرێس" لەو ماوەیەی دوایدا چەند بەڵگەنامەیەكی ئاشكرا كردوون لە بارەی ئاشتی هەورامییەوە بەوەی چەند گرێبەستێكی زەبەلاحی ئامادەكردنی بەنزین و گازی حەواڵەی كۆمپانیای "عێراق ئۆیڵ" كردووە، كە "عەبدولهادی نەزیر" ی بزنسمانی كوردی نزیك لە ئاشتی هەورامی بەڕێیەوە دەبات.

ئەو دوو بەڵگەنامەیە ئەوە ئاشكرا دەكەن، "هەورامی  لە بەراوری 17/2/2014 گرێبەستێكی پیشكەش بە كۆمپانیای عێراق ئۆیڵ كردووە بۆ دابینكردنی بەنزین بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بڕی 60 ملیۆن لیتر لە پاڵاوگەی بێجی بە نرخی 900 دینار بۆ هەر لیترێك كە دەكاتە 1.2 ملیۆن لیتری ڕۆژانە".

بەڵگەنامەیەكی دیكەش‌ ئەوەی ئاشكرا كردووە كە ئاشتی هەورامی لە دوای كەمتر لە مانگێك لە گرێبەستی یەكەم، گرێبەستێكی دیكەی پێشكەشی هەمان كۆمپانیای ناوبراو كردووە لە بەرواری 12/3/2014  بە دابینكردنی بڕی 500 ملیۆن لیتری گازۆیل بە نرخی 1150 دینار بۆ هەر لیترێك بە بڕی 1.6 ملیۆن لیتری رۆژانە.

سەرچاوەكە راشیگەیاندووە، وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێم گرێبەستی گاز و بەنزینی بەخشیوەتە ئەو كۆمپانیایانەی حكومەتی عێراق كە نزیكن لەخۆیەوە بە نرخێكی دووهێندە ، ئەمەش لە لایەن ئەو تۆڕە گەندەڵەیە ئەنجامدراوه،‌ كە دەستی بەسەر كەرتی ووزەی هەرێمدا گرتووە.

وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر