تاوانبار بەرانبەر بە كورد
داوا دەكرێت نەتەوەیەكگرتووەكان ئەردۆغان وەك تاوانباری جەنگ بناسێنێت

کوردستان

08/06/2019‌ 5322 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
خەتیب دیجلەی سیاسەتمەداری دیاری كورد و سەرۆكی كۆنگرەی كۆمەڵگای دیموكراسی دەڵێت: ڕژێمی ئێستای توركیا بە سەرۆكایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، وای بەسەر هەردوو گەلی كورد و توركدا سەپاندووە، كە وەك "ئەڵمانیای هیتلەری سەدەی ڕابردوو" بژین، كە هەلی ژیانی ئەو چەشنە "كارگێڕییە سەركوتكەرە فاشییە" ئێجگار كەمە.

سەبارەت بەوەش كە لە ساڵی 2015 وە بەسەر كورد هاتووە لە باشور و باشووری ڕۆژهەڵاتی توركیا، خەتیب دیجلە ووتی "باوەڕی تەواوم بەوە هەیە كە نەتەوە یەكگرتووەكان لە ئایندەدا، ئەوەی بەسەر شارە كوریەكاندا هاتووە وەك تاوانی جەنگ هەژماری بكات".

ئەو دەشڵێت: پێشتر لە ساڵی 2015 بۆیە هاوپەیمانیمان لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان پێكهێنا، چونكە پێمان وابوو دیموكراسی لە مەترسیدایە و بوونی لاوازە، ویستمان لەگەڵ حكومەتەكەی داود ئۆغڵۆ بەرەوپێشی بەرین و لە دیدگایەكی تازەوە دەستورێكی دیموكراسی بۆ ووڵات دابڕێژین.

دیجلە لە لێدوانێكیدا بۆ پێگەی ((ئەحوال توركیا)) سەبارەت بە گفتوگۆی ئۆج ئالان و حكومەتی توركیا وتی: "ئۆج ئالان ئامانجی گرێدانی گۆنگرەیەك بوو بۆ ڕاگەیاندنی كۆتاییهێنان بە خەباتی چەكداری، دوای ئەوە لەگەڵ توركیا دەگەیشتین بە چارەسەرێكی دیموكراسی بۆ پرسی كورد. ئۆجئالان ویستی كۆمەلگا لەو پرسەدا بەشدار بێت و لایەنی سێیەمی "وەك نەتەوە یەكگرتووەكان"  دەستتێوەردانی تێدا نەكات.

دیجلە سەبارەت بە تێكدانی هەڵمەتی ئاشتی نێوان كورد و حكومەتی توركیا لەسەر دەستی حكومەتە فاشییەكەی ئەردۆغان كە توركیای بەرەو خوێنڕشتن برد و هەلێكی مێژووی ئاشتی لە كیسدا، ووتی پارتی كریكارانی كوردستان زیاتر لە 8 جار ئاگربەستی یەكلایەنەی ڕاگەیاند، بەڵام دواتر دەركەوت كە حكومەتەكەی ئەردۆغان خاوەنی ئەجێندای دیكەیە و ئاشتی ناوێت.

دیجلە وتیشی: حكومەتی توركیا وویستی خۆسەپاندنی هەبوو لە هەندێك پرسدا كاتێك ئۆج ئالان و گەلی كورد ئەمەیان ڕەتكردەووە، حكومەتەكەی ئەردۆغان مێزی گفتوگۆی سەرەوژێر كرد و پڕۆسەی ئاشتی تێكدا.  ووتیشی دۆخی ئێستای توركیا و نزیك بوونەوەی لە داعش و ڕێكخراوە تیرۆرستییەكان بۆ هەموو كەس ڕوون و ئاشكرایە، ئەگەر گەلی توركیا بە تورك و كوردە و هەموو گەلانی دیكەوە، دژ بەو هەنگاوە نەوەستنەوە، ئەوا تووشی كارەساتیكی هاوشێوەی گەلی ئەڵمانیا دەبینەوە كە كوێرانە دوای هیتلەر كەوتن، ئەوسا باجەكەی بۆ گەلانی توركیا زۆر قورس دەبێت.

دیجلە، كە لەگەڵ ئەو شاندە بوو كە سەردانی ئۆج ئالان یان كرد لە دوورگەی ئیمڕاڵی وتی  "بە پلەی یەكەم سیاسەتەكانی ئەردۆغان بەرپرسن لەوەی كوردەكان ڕووبەڕووی سوپای توركیا بوونەوە و شەڕی لەگەڵ دەكەن، ووتیشی سەرباری گەیشتنە ڕێككەوتنێك لەگەڵ حكومەتەكەی داود ئۆغڵۆ لە 28 ی فبرایەری 2015، بەڵام ئەردۆغان دوای ئەوەی ئاشتی نێوان كورد و حكومەتی لەبار برد، ووڵاتی گەڕاندەوە قۆناغی جەنگ و كاولكاری، ووتیشی ئەو كات دەوڵەت بە پلان دانوستانەكانی ئاشتی توركیای لەناوبرد". 

دیجلە باسی ئەو وێرانكاری و كاولكاریەشی كرد كە بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، تووشی ئەو شارە كوردییانە بووە كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی كوردن، ووتیشی ئەگەر یوكسف و نسێبین و ئورفا بیبینن دەڵێی بومەلەرزەیەك بە گوڕی 10 پلی ڕیختەر لێیداوە. شەش گەرەك بە تەواوەتی وێران بوون، دەبوو دەوڵەت ئەو هێزە لەڕادەبەدەرەی بەكارنەهێنابایە دژ بە چەند گەنجێكی ژمارە كەم ، بەڵام وویستی ئەوە بوو ئەو شوێنانە بە فڕۆكە و تانك وێران بكات، زیاتر لە 180 كەسی  لە شاری جزیرە لە قاتی خوارەوەی ماڵەكانیاندا بە زیندوویی سووتاندن.

لە كۆتایدا دیجلە وتی: ئەردۆغان و حكومەتەكەی، سیستەمی نازییەت لە توركیادا پیادە دەكەن، ووتیشی هەرچەندە من گەشبینم بە سەرهەڵدانەوەی ئاشتی لە توركیا، بەڵام لە سایەی ئەردۆغان و حكومەتە فاشییەكەیدا چاوەڕێی ئەو ئاشتییە ناكرێت.

خەتیب دجلە لە هەڵبژاردنەكانی حوزەیرانی 2011 وەك پاڵێوراوێكی سەربەخۆی شاری دیاربەكر چووە پەرلەمانی توركیاوە، بەڵام لە لایەن ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە و بەبیانووی تۆمەتباركردنی بە تیرۆر، ئەندامیەتەكەی هەڵوەشێندرایەوە، ئەمەش وای لە هاوڕێیانی كاری كرد بایەكۆتی پەرلەمان بكەن.

هەروەها "ڕەزا تۆران" ی ی باڵوێزی توركیای  پێشووە لە ئەنجومەنی ئەوروپا و دادوەری دادگای ئەوروپی بۆ مافەكانی مرۆڤ، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەندامیەتی خەتیب دجلەی ڕسوا كرد و ڕەتیكردەوە، ووتیشی " ئەو بڕیارە نەك هەر دژ بە یاسا نێودەوڵەتییەكانە، بگرە دژ بە یاسا و دەستوری توركیاشە".

سەرچاوە: ڕۆژنامەی زەمانی توركیا
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر