شارپرێس:
گەنجێكی هیندی بۆئەوەی خۆشەویستەكۆنەكەی لەدەست نەدات رێگایەكی نامۆ هەڵدەبژیرێت ، ئەوەش دوای ئەوەی دەزانێت ئەو كچە نیازی ئەوەی هەیە شوو بە كەسێكی تر بكات.
ئەنانتا بۆرمان لەناوچەی بەنگاڵی رۆژئاوا لە هیندستان دوای ئەوەی خۆشەویستەكەی كەناوی لیبكایە وەڵامی نامە و تەلەفۆنەكانی لەواتس ئەپ ناداتەوە و لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووكیش بلۆكی دەكات بڕیار دەدات مان لە خواردن بگرێت.
ئەو گەنجە هەر بەوەندە ناوەستێت ، بەڵكو بۆماوەی چەند رۆژێك لەبەردەم ماڵی خۆشەویستە كۆنەكەی بەخۆی و لافیتەیەكەوە دەوەستێت، كە تێیدا ئەو هەشت ساڵ خۆشەویستییەی نێوانیانی بەبیر هێناوەتەوە ، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی سەرنجی خەڵكی ناوچەكە و ئەوكەسانە رابكێشێ كە بەوێدا تێدەپەڕن .
بەتێپەربوونی كات خەڵكی ناوچەكە هاوسۆزی لەگەڵ دەردەبرن و لەگەڵی كۆدەبنەوە ، ئەوە لەكاتێكدا زاوا كە نیازی ئەوەی هەیە بێتە داخوازی كچەكە تەلەفۆن بۆ پۆلیس دەكات و داوایان لێدەكات لەناوچەكە دووری بخەنەوە.
بەڵام گەنجەی عاشق ئامادە نابێت وەڵامی پۆلیس بداتەوە بەوەی جێگاكە چۆڵ بكات ، تەنانەت ئامادە نابێت واز لە مانگرتنەكەشی بێنێت ، بۆیە وردە وردە باری تەندرووستی تێكدەچێت و بەناچاری دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە .
لە نەخۆشخانە پزیشكەكان هەوڵ دەدەن بڕوای پێبهینن بەوەی نان بخوات و مانەكەی بشكێنێت ، بەڵام دیسان هەر رازی نابێت ، ئەمەش والەخەڵكی ناوچەكە دەكات كە سەردانی ماڵی كچەكە بكەن بۆئەوەی بتوانن ژیانی خۆشەویستەكەی لیبكا رزگار بكەن .
لەكۆتاییدا ، خێزانی لیبكا وەڵامی داواكارییەكەی بۆرمان دەدەنەوە بەوەی ئامادەن شوو بەو بكات ، بۆیە سەرجەم ئامادەكارییەكان بۆ شووكردن بەكەسەكەی تر هەڵدەوەشێننەوە.
وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵلا ئاڵی