سعودییە منداڵێكی ١٠ ساڵان بەتۆمەتی خۆپیشاندان‌و ئاژاوەگێری لەسێدارە دەدات

جیهان

09/06/2019‌ 1917 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مورتەجا قورەیریس (١٨ ساڵ) دوای ٤ ساڵ لە دەستگیركردنی فەرمانی لەسێدارەدانی بەسەردادرا ، ئەوەیش بەتۆمەتی ئەوەی ئەوكاتەی تەمەنی ١٠ ساڵ بووە لەگەڵ كۆمەڵێك منداڵی تر لەرۆژهەڵاتی سعودییە بە پاسكیل بەشداری خۆپیشاندانێكیان كردووە .

بەپێی ئەو یاداشتەی پێی تۆمەتباركراوە یەكەم تاوانی مورتەجا ئەوكاتە بووە، كە تەمەنی ١٠ ساڵان بووە و لەساڵی ٢٠١١ و لەكاتی رووداوەكانی ناوچەی "عەوامییە" لە رۆژهەڵاتی سعودییە، كە ناوچەیەكی شیعەنشینە لەگەڵ ٣٠ منداڵی تر بەپاسكیل بەشداری خۆپیشاندانەكەیان كردووە .

دوای ٣ ساڵ و ئەوكاتەی مەرتەجا لەگەڵ خێزانەكەی خەریكی ئەوە بوون بەرەو وڵاتی بەحرێن برۆن لە دەروازەی سنووریی مەلیك فەهد دەستگیركرا .

دوای ٤ ساڵ لەدەستگیركردنی ، ئەوكاتەی تەمەنی گەیشتە ١٨ ساڵ ، قورەیریس لەدادگای تاوانە تیرۆریستییەكان بەتۆمەتی ئەندام بوون لە "ریكخراوێكی تیرۆریستی توندرەو" دادگایی كرا و هەندێ تۆمەتی تری وەك ئەوەی لەگەڵ براكەی ماتۆڕی لێخوڕیوە و  شووشەی سوتێنەری هەڵداوەتە ناو بنكەی پۆلیس و بەشداریكردن لەكاری توندوتیژی كردووە لەكاتی خۆپیشاندانەكانی ساڵی ٢٠١١ و بەشداریكردن لە درووستكردنی بۆمبی مۆلۆتۆف و بەشداریكردن لە رۆیشتن لەگەڵ تەرمی براكەی لەساڵی ٢٠١١ دراوەتە پاڵی .

پارێزەر و چالاكانی بواری مافەكانی مرۆڤ دەڵێن مورتەجا "بچووكترین زیندانیی سیاسی"یە لە سعوودییە .

پێشتر ڕێكخراوی ئەوروپی –سعودی بۆ مافەكانی مرۆڤ باسی لەوە كردبوو، كە مورتەجا دوای دەستگیركردنی بۆماوەی چەند مانگێك خراوەتە ناو زیندانی تاكەكەسییەوە ، زۆر ئازار و ئەشكەبجە دراوە و مامەڵەی خراپی لەگەڵ كراوە و لەژێر ئەشكەبجەداندا ناچار كراوە دان بەو تاوانانەدا بنێت كە ئاراستەی كراون .

وەرگێران : ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی