شارپرێس:
دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگهیاند، حکومەتی مۆلدۆڤا رێکەوتننامەی مافەکانی مرۆڤی پـێشێلکردووە لە کەیسی ڕادەستکردنی پێنج مامۆستای تورک بە دەسەڵاتدارانی تورکیا بە تۆمەتی پەیوەندی بە ڕێکخراوی فەتحوڵڵا گولەن.
بهپێی دهنگی ئهمریكا دادگاکە رایگەیاندووه، "مۆلدۆڤا بەم کەیسە ڕێکەوتننامەی ئەوروپایی بۆ مافەکانی مرۆڤی پـێشێلکردووە لەو بەشەی پەیوەستە بە ئازادی و پاراستن و ڕێزگرتن لە ژیانی خێزانی و تایبەت".
مانگی تهمووزی ساڵی 2016 باڵیۆزی تورکیا لە مۆلدۆڤا خوێندنگەکانی ئۆریزۆنێتی تاوانبارکرد بە بوونی پەیوەندیـیان لەگەڵ ڕێکخراوی فەتحوڵڵا گولەن، ئەوەی ئەنکەرە دەڵێت لە پشت هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016 وە بووە. پـێنج مامۆستاکەی ڕادەستکراون لەو خوێندنگەیانە کاریان دەکرد.
دادگای ئەوروپا دەڵێت، "بەڕێوەبەری خوێندنگەیەکیان لە مانگی سێی ساڵی ڕابردوو لە کیشیناوی پایتەختی مۆلدۆڤا دەسـتگیرکرا و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کرا بە تۆمەتی پشتیوانیکردنی لە ڕێکخراوێکی تێرۆرستی. پاش مانگێک ئەو پـێنج مامۆستایە داوای مافی پەنابەریـیان کردبوو تاوەکو لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە نەکرێنە ئامانج".
لە مانگی ئهیلولی ساڵی 2018 هەردوو دەزگای هەواڵگری مۆلدۆڤا و تورکیا7 مامۆستایان دەستگیرکرد و بە فڕۆکەیەکی تایبەت لە فڕۆکەخانەی کیشیناو ڕەوانەی تورکیا کرانەوە.
ئۆفیسی حکومەتی مۆلدۆڤا بۆ کۆچبەر و پەنابەران رایگهیاندووه، "ڕادەستکردنی ئەو مامۆستایانە بەپـێی یاداشتنامەیەکی نهێنی دەزگای هەواڵگری وڵاتەکەیانەوە بووە کە دەڵێت ئەوانە جێی مەترسین بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی".
کەسوکاری پێنج لەو مامۆستایانە سکاڵایان پـێشکەشی دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ کرد و دادگاکەش گەیشتە ئەو ئەنجامەی مۆلدۆڤا هەردوو ماددەی 5 و 8 ی ڕێکەوتننامەی ئەوروپایی بۆ مافەکانی مرۆڤی پـێشێلکردووە، بۆیە بڕیاری دا هەریەک لەو پـێنج مامۆستایە بە 25 هەزار یۆرۆ قەربووبکرێنەوە.
بڕیاری دادگاکە لە لایەن هەر حەوت دادوەری دادگاکە پەسەندکرا کە یەکێکیان خەڵکی مۆلدۆڤایە.