بەغدا فشاری زیاتر دەخاتە سەر هەولێر
ئامانجی سەردانی عادل عەبدولمەهدی بۆ هەرێمی كوردستان

عیراق

13/06/2019‌ 3977 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانیش دەكات‌و ئامانجی سەردانەكەش پەیوەندی بەچەند پرسێكەوە هەیە.

عادل عەبدولمەهدی ئەمڕۆ پێنج شەممە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات‌و بڕیارە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان‌و مەسرور بارزانی راسپێراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ كۆبوونەوە بكات.

بەپێی زانیاری سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ شارپرێس، ئامانجی سەردانەكە بۆ پرسی نەوت‌و هێزەكانی پێشمەرگەو موچەو بودحەی هەرێمی كوردستانە.

هەر بەپێی زانیارییەكان لەبارەی نەوتی هەرێمی كوردستان عادل عەبدولمەهدی فشار دەكات، بۆ ئەوەی هەولێر مانگانە داهاتی بڕی 250 هەزار بەرمیل لەنەوت رادەستی بەغدا بكات.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە عەبدولمەهدی جگە لەو داواكارییە، هۆشداری ئەوە دەدات، ئەگەر هەولێر ئەو داهاتە رادەستی بەغدا نەكات، ئەوە حكومەتی عێراق بەشە بودجەو موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەبڕێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، بەپێی یاسای بودجەی عێراق دەبێت هەولێر رۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیل رادەستی بەغدا بكات، لەبەرانبەردا حكومەتی عێراق موچەو بودجەی هەرێمی كوردستان دەدات.

هەروەها ئامانجێكی تری سەردانەكەی عەبدولمەهدی بۆ پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگەیە بۆ ناوچە كێشە لەسەرەكان‌و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم گفتوگۆ لەو بارەوە بكەن‌و رێككەوتن ئەنجامبدەن.

هـ ـ ح