بومەلەرزەیەك لەزێدی ئەردۆغان.. بۆچی ئیمام ئۆغڵو سەركەوت؟

جیهان

24/06/2019‌ 2187 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای ئەو بردنەوە بەرچاوەی ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو پاڵێوراوی ئۆپۆزیسیۆن لە پرۆسەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی شارەوانی ئیستەنبوڵ‌و ئەو پەیامە توندەی دەنگدەری توركیا بەهەموانیدا ، ئیتر ئەردۆغان و پارتەكەی كەوتوونەتە بەردەم دووڕیانێك.

ئەنجامی هەڵبژاردنەكان پیشانیدا، كە ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو (٤٩ ساڵ) بەئەنجامێكی گەورە سەركەوتنی بەدەستهێناوە بەڵای چاودێرانیشەوە ئەو كەسە ئەستێرەی هەڵكشاوی گۆرەپانی سیاسی توركیایەو توانای ئەوەی هەیە لەهەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی داهاتوو، كە وابڕیارە لەساڵی ٢٠٢٣ بەڕێوەبچێت ڕكابەری ئەردۆغان بكات.

بەپێی ئەنجامە بەراییەكان، كە ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویكردووەتەوە ئەكرەم ئیمام ئۆغڵوی پاڵێوراوی ئۆپۆزیسیۆن ٥٣،٦٩% بەدەستهێناوە ، لەبەرانبەردا بن عەلی یڵدرم پاڵێوراوی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار ٤٥،٤% دەنگەكانی بەدەستهێناوە.

تاقیكردنەوەیەك بوو بۆ ئاستی جەماوەرێتی ئەردۆغان
چاودێران پێیان وایە، كە هەڵبژاردنەكانی ئیستەنبوڵ بەتەنیا هەر هەڵبژاردنی شارەوانی نییە ، بەڵكو تاقیكردنەوەیەكیشە بۆ ئاستی جەماوەرێتی ئەردۆغان و پارتەكەی لەكاتێكدا توركیا ڕووبەڕووی قەیرانی قوڵی ئابووری بۆتەوە و ئەردۆغانیش بەردەوام ئەو قسەی دووبارە دەكردەوە كە دەیگوت "ئەوەی لە ئیستەنبوڵ بیباتەوە لە توركیا دەیباتەوە".

لەگەڵ بردنەوەی ئیمام ئۆغڵو  بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستەنبوڵی پایتەختی ئابووری توركیا ، كە نزیكەی ١٦ ملیۆن كەسی تێدا دەژی ، ئیتر بەكرداری پاڵێوراوی ئۆپۆزیسیۆن خۆی بەسەر گۆڕەپانی سیاسی توركیادا دەسەپێنێت ، ئەوەش لەكاتێكدایە كە بەهۆی سیاستەكانی ئەردۆغانەوە ئاستی هەڵاوسان لە توركیا گەیشتۆتە ٢١% .

هەروەك داتاكانی پەیمانگای ئاماری توركی ئەوە پیشان دەدات كە پێنوێنی متمانە بە ئابووری توركیا لەمانگی ئایار بۆ ٧٧،٥ پۆینت دابەزیوە كە ٨،٥ پۆینتی لە مانگی پێشووتر كەمترە ، بەوەش لە ئۆكتۆبەری ساڵی ٢٠١٨ وە نزمترین ئاستە .

ئەوە لەكاتێكدا لەمساڵدا لیرە ١٠% بەهاكەی خۆی لەدەستداوە، ئەوەش دوای ئەوەی ساڵی رابردوو ٣٠% بەهاكەی خۆی لەدەستدابوو.

حكومەتی توركیا هەموو ئومێدی خۆی بە بردنەوەی ئیستەنبوڵەوە بەستبۆوە ، لەبەر ئەوەی سەرۆكی شارەوانییەكەی داهاتێكی زۆری لەبەردەستدایە و دەیتوانی وەك فریادڕەسێك بۆ ڕزگاربوون لەو قەیرانە ئابوورییە بەكاری بهێنێت كە رۆژ بەرۆژ جەماوەرێتی ئەردۆغان و پارتەكەی رادەماڵێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

بەپەلە